ڕەچەڵەکی ئێمە ئێزدیە شەنگال وارا مە هەمیە

 

  مەهدی خالید خەمبار

کەمی لاپەرەکانی دیرۆکی نەتەوەکەمان بە بەروارد بەوڕاستیەی کە حاشای لە دێرینیمان نەکردوە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ٧٠٠ ساڵ بەر لە حەزرەتی مەسیح ، ئەمەش بەرچاوڕونی ئەوەمان پێدەدات کە نەیارانی نەتەوەکەمان ئەوەندەی بۆیان لوابێت هاوڕێ لەگەڵ ئەو شەڕوشۆڕ و ئەنفالانەی کە بە دژی گەلەکەمان لە پێناو لەبەینبردنیدا بەرپایان کردوە ، ئەوا دەستیان لە ( مێژو و ئاین و زمان و کولتور )ەکەشی نەبواردوە و هەرچی چنگیان پێیگەیشتبێت  لەیەک کاتدا ئەوا ( فەرهود و تاڵان ) و ئەنفالیان کردون ، ( سەروەت و سامان) ەکەشیان وەک ( غەنائیمی جەنگ ) حەڵاڵ و دارەبەشکردوە ، ( ئافرەت ) ەکانشیان مامەڵەی دیل و جاریەیان لەگەڵ کردون ! بەشێک لەو کلتور و ئەدەبیاتەشی کە کورد هەیبوە ئەوا کەوتۆتە بەر ڕەحمەتی گۆڕاندن و شێواندن ! بەجۆرێک بە خاشاک و گەندەیی خۆیانیان موتوربە و ئاوێتەکردوە کە بە چاوی گومانەوە لە ڕاستی بەشێک لەمەی وەک کەلتوری نەتەوایەتی پێمان ناسێنراوە بڕوانین !. ؟

ئەگەر شەن وکەوێک لەم چەند لاپەڕە کەمەی ئەم مێژوەمان بکەین کە لە مۆزەخانەو و کتێبخانەی ووڵاتانی دونیادا لە ئەنفال و سوتان پارێزراون و ماونەتەوە ، ئەوە پەردە لەسەر ئەو کوشتارگە گەورە و کۆمەڵکوژییانە هەڵدەدەنەوە کە لەسەردەمی  خەلافەتی  ئیسلامیەوە تا ئەمڕۆ دژ بەکورد ئەنجامدراون

مێژوی نوێش خاڵی نیە لە جینۆساید و ئەنفالکردن ، پەرێزی دەستی میلەتانی سەردەستی ناوچەکە و جیهانی نوێش پاک نین لەو تاوانە قێزەوەنانەی ( پاکتاوی ڕەگەزیەی ) کە بەهۆیەوە لەبەینبردنی نەتەوەکەمانیان تێیدا کردۆتە ئامانج

گەلی ئێمەش هەم لە مێژوی کۆن و هەم لە تازەشدا هێندە بێخیرەتی و زەلیلی قبوڵ نەکردوە و بەڵکو بەردەوام ئەوەندەی توانیبێتی پارێزگاری لە خۆی و خاکەکەی و پیرۆزیەکانی کردوە ، بەم هۆیەشەوە ئەم وڵاتانەی کە گەلی ئێمەیان ژێردەست خستوە هەرگیز نەیانتوانیوە لە ئاسودەیی و خەیاڵ ڕاحەتی و بێکێشەییدا بژین و بۆیە ئێستا بەو ترۆپکی ڕاستیە گەیشتن کە ئێدی شەڕ لەدژی ئەم نەتەوەیە  دورە لە لۆژیک و یاساکانی ژیان ، بۆیە ئەوەتا ئەمە بوە ئەمری واقیع و ئیتر گۆڕانکاریەکان لە سیاسەت و مامەڵەیان لەتەک کورد  بە ١٨٠ نمرە وەرچەرخا

زۆر وڵاتی ئیسلامی عەیار ٢٤ لە نەتەوەکوژی و ئەنفالی ئێمە و بە غەنیمەبردنی کچ و ژنانماندا بەشدار بون ! ؟ بۆیە لە گەڵیاندا ئەگەر لێشیان خۆشببین ، تەنها شتێک کە بتوانین تەنها دۆستبونیانە نەک برایی

مێژوی کۆن بۆ ئەوانەی بیانەوێت لەزمانی بگەن ، خەوشی لەسەر زەردەشتیبونی کورد نەهێشتۆتەوە و زەردەشتی بە پێغەمبەری کورد و ئاوێستاش وەک کیتابە پیرۆزەکەی نیشان داوە ، باسی لەوەشکردوە کە چۆن و بەچ شێوازێک ئەم ئاینەیان لە هیزری تاکی کوردا سڕیوەتەوە ؟ تۆ بڵێی هەروا بەسوک و ئاسان لەو ئاینەیان تەوەلا بوبێتن و  چوبێتنە ژێر بەیداخی ئیسلامەوە ؟ یان دوای دەیان و سەدان بەرەنگاربونەوەی خوێناوی و سەختی و فراوانی شەڕ و نابەرامبەرەی لە ژمارە و چەک و ئابڵوقەدانی مەحکەم و درێژخایەن و کوشتنی بەشە زۆرەکەی جەنگاوەرانی کورد و شەتەک و ماندوبون و برسێتی و تینیۆتی و لەدەستدانی سوارچاک و سەرکردەی هێزەکە و بونی برینداری زۆر ، هەمو ئەمەنە ئەو بەشە کەمەی ڕزگاریان بوبو ناچار بە هەڵدانی ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدان بە سوپای ئیسلامی کردن 

زەردەشتیەکان ، ئێزدیەکان و کاکەییەکان و هەندێ ئاینزایتریش کە لە ئێستادا دابەشی سەر هەندێ ووڵات بونە مێژو بە ڕەسەن و ڕەچەڵەکی کوردی ناودێر کردون  و بەو ڕێژە کەمەوە توانیویانە خۆیان لە پوکانەوە و توانەوە بپارێزن تەسلیم بە ئیرادەی هیچ ئاین و گەلیتر نەبن

ئەوەی ئەمڕۆ ( داعش ) بەرپایکردوە ، هەوڵێکی نەزۆکانەیە بۆ گێڕانەوەی مێژو  ، بەڵام من لەوە دڵنیام لەوەی ( داعش دەبێتە ئەو مقەسەی نەخشەی هەرێمەکە دەبڕێتەوە و پارچەکانی کوردستانیش لێکدەدورێتەوە ) ئەمجارەیان بە پێچەوانەی ڕابردو بۆ ئێمە دەبێت بە دەستپێکی وەرچەرخانێکی مێژویی لە دیرۆکی ئێمەدا ، سەرهەڵدانی گروپی توندڕەوی داعش، سەرهەڵدانی کۆدەنگیەکی پشتیوان ئامێزی جیهانی دەبێت بۆ کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، لێرەوە یەکڕیزی یەکجارەکی گەلێکی ٤٠ ملیۆنی سەریهەڵدا ، جمانی خوێنی کوردە لە شادەماری  کوردایەتی و نیشتیمانی و مرۆییدا ، سەرهەڵدانی کەشوهەوایەکی سیاسی مژدەبەخش دەبێت بۆ گەلەکەمان لە هەر چوار بەشەکەی نیشتیمان ، دەستەکانی پەکەکە و یەپەگە و هەپەگە و حدک ، بژدک لە شاخی شەنگالدا گەیاندە دەستی پدک و نیک و خەڵکی باشوری کوردستان و دەبێ لە شەنگالیشدا پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دور لەبەرژەوەندی حیزبایتی دابمەزرێت

شەنگالیش و چیای شەنگالیش بون بە دیرۆک جیهانی بە ئاگا هێنایەوە و بۆ خۆشمان دەستەکانی خستە سەر یەک و لە سەنگەری داکۆکیکردن لە گەل و نیشتیمان کۆیکردینەوە و نیشتیمانەکەشمانی لێکدایەوە . ئومێدەوارم و داواکارم لە هەمو هێزە سیاسیەکانی کوردستان ، بە عیلمانی و ئیسلامی و کۆمۆنیستەوە لەهەمو خەڵکی کوردستانی باشور ئەم دەستکەوت و سەرکەوتوانە دوربن لە پیاچزانی مۆری تاک حیزبی و تاک بەرەیی و تاک پارچەیی ، چونکە مێژو هەرگیز ئەم کۆدەنگی و فرەدەنگیە کە وەک دەسپێکی میژویەکی نوێ فەرامۆش ناکات ، ئەمڕۆ نەتەوەکان ڕوبەڕی هەوڵێکی داگیرکردنی بەربەری بۆتەوە و دەیان نەیار و ناحەزی گەلەکەمان لە ژێر ئاڵای ڕەشی داعشدا کۆبونەتەوە و لە هەولی ئەنجامدانی ئەنفالێک و کۆمەڵکوژیەکی تردان کە دەرهەق بە گەلەکەمان ئەنجامی بدەن ،  ئێزدیەکانمان و کاکەییەکانمان و مەسیحی و سریانی و کلدوئاشوری هەمو خەڵکی کوردستان ڕوبەڕوی دڕندەترین دوژمن و ڕەفتاری نامرۆڤانە بونەتەوە کوشتن و هەتک کردن و فڕاندن هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکات . ئەرکی هەمومانە کە لەدژی ئەم هێرشە بوەستینەوە و بەشداری لەم خەباتە پیرۆزە بکەین 

ڕوداوەکانی داهاتو دەریدەخەن کە ئاسوی کورد چ ڕونیەک بەخۆوە دەبینێت

 

 

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved