شێوازێکی نوێی حوکمڕانی

مەهدی خالید خەمبار

کورد دەڵێت ئەگەر ( شەڕیشتکرد بەشی ئاشتی تیابهێڵەوە ) ، ئەوەی دوێنێ لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆندا بوو ئەمڕۆ دەبیتە دەسەڵات و بەخشکەییش دەچێتە ژێر سێبەری ئەو ( سەرۆکەی کە تا دوێنێ بە ماوەبەسەرچو ) ناوزەدتاندەکرد !

 لەوڵاتی ئێمەدا زۆر جار مرۆڤ لە مامەڵەکردنی لەتەک بەرامبەرەکەی جۆرێک لە بێئیسافی و بێویژدانی پێوەدیاردەبێت.

ئەزمونی خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، بریتیە لە ئەزمونێکی نوێی دیمکراسی و ئازادی نامۆ بە پتر لە ٤٥ ساڵ حوکمی تاکڕەوی و داپڵۆسین و تۆقاندن، بۆیە نەنگینیە ئەگەر لایەنە گەشەکانی ئەم حوکمە خۆماڵیە ( زەربی سفر بکەین ) .

لەم ئەزمونەشدا ،مۆدێلێکی تازەی ململانێی سیاسی هاتۆتە ئاراوە کە یەکەمجارە بەم شێوەیە لە هەرێمەکەماندا هەم دەسەڵات وهەمیش ئۆپۆزیسیۆن بونیان هەبێ ( دانولەیان لە مەنجەڵێکدا بکوڵێنن ) .هەرچەندە ئەم شێوازەی وڵاتبەڕێوەبردن لەوڵاتانی پێشکەوتو لەمێژە تێیانپەڕاندوە .

مەخابن لە وڵاتی ئێمەدا هێشتا کار لەسەر ناشرینکردن و ڕەشکردن وە تا ئاستی سڕینەوەی بەرامبەر دەکرێ ( بەشی ئاشتی تیا ناهێڵنەوە ).

لەدوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان کە گورزێکی کاریگەری سریواندە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

 زونی سەوزیان کردە ئامانج تا بیگۆڕن،کەچی خۆیان لە زەرورەتی گۆڕینی زۆر جێگایترگێلکرد کە بەهەقەت لە زونی سەوز پێویستتربون.

لە ٤ ساڵی ڕابردودا،گۆڕان سێکوچکەییەکی ئۆپۆزیسیۆنی لە گەڵ هەریەک لە کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی پێکهێنا، ئیتر کەوتنە سەرووێزەی ئەو حکومەتەی کە لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە دامەزرابو و وەک ئەوەی هەرگیز ئەم ڕۆژەیان بیرنەبێت کە خۆیان جڵەوی دەسەڵات دەگرنەدەست !

لەبەرامبەردا دەسەڵاتیش جیا لە دەرخستنی سیما جوانەکانی خۆی و نەخشونیگارە پەلکەزێڕینەییەکەی،هەمیشە لە نیشاندانی کارەکانی ئۆپۆزیسیۆندا بەرچاوتەنگی و نەفەسکورتی زۆری پێوەدیاربوە. لەم مۆدیلەی ڕابردوماندا تاکە شتێک کە زۆر بەزەقی هەستمانپێکردبێت،بەگەڕخستنێکی شێلگیرانەی ماشینی توانا میدییایی و مەعنەوی و مادیەکانی ئۆپۆزیسیۆن بو بۆ نیشاندان و بەدێوەزمەکردنی حکومەت و تاشینی ناووناتۆرەی زۆر بو .

ئەم شێوازەی ململانێ لە ئیدارەدان و فەرمانڕەواییدا ، یەکێکە لەو شێوازە دواکەوتوەی کە مەینەتی و نەهامەتی زۆریان بەدوای خۆدا هێناوە. ئۆمێد دەکەم  لە ئەگەری بە ئۆپۆزیسیۆنبونی ی.ن.ک ( کە ئەگەرێکی کەمە )، ئەوا بەرلەهومو شت پێویستە لاسایی ئۆپۆزیسیۆن  لە ناشرینکردنی دەسەڵات نەکاتەوە بەتایبەت لەو هەڵسوکەوتانەی کە خۆی و خەڵکیشی هەراسانکردبو .

ئەوەی تا ئەم چرکەساتە لەمەڕ پرسی دامەزراندنی کابینەی هەشتەمەوە سپیکرابێتەوە، بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیە لە دەسەڵاتدا، چاوەڕواندەکرێت یەکگرتوی ئیسلامیش بە گۆڕینی کارەبا بۆ ..... ،کەفوکوڵی دڵی بنیشێتەوە و دەستی بەشداریکردن بەرزبکاتەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە مەسەلەی بەشداریکردن یان نەکردنی یەکێتیە لەم کابینە تازەیەدا ؟

ئەگەری مرونەت نواندنی پارتی لە بەخشینی پۆستی وەزارەتی ناوخۆی پشکەکەی بە یەکێتی نیشتیمانی ئەگەرێکی کراوەیە،بەڵام ئەم سەخاوەت نواندنەی پارتی نەبێ حیکمەتە و نە لە پەرۆشیاشەوەیە بۆ یەکێتی و رەنگی سەوز و ڕێکەوتننامەی ستراتیژی! بەڵکو ڕوبەڕوبونەوەی پارتی لەگەڵ گۆڕان لە چوارساڵی داهاتودا ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە هاوپەیمانیەکیتر هەیە، کە ئەوێش تەنها لە یەکێتیدا دەیبینێتەوە کە کۆمەڵێک بەرژەوەندی گەورە و بچوکی هاوبەش کۆیانیکردۆتەوە  .

پارتی لەم ئەگەری بەخشینی پۆستە سیادیەدا بە یەکێتی کە بە یەکێک لە پۆستە گرینگەکان هەژماردەکرێت و مشتومڕیی زۆری لەبارەوەکراوە،پارتی دەیەوێت ژمارەیەک ئامانج بپێکێ! ( ١ ) بەگژیەکداکردنی وەزارەتی پێشمەرگەی  گۆڕان و وەزارەتی ناوخۆ کە ئەگەر ڕادەستی یەکێتی بکات،( ٢ ) دورەپەرێزگرتنی  زونی زەرد لەو ململانێ و کێشمەکێشە کەڵەکەبوە تۆخەی چەند ساڵی ڕابردو و سپاردنی بە دوو یاریکەری نەیاری یەک لە زونی کەسک. ( ٣ ) ڕازیکردنی ئەوانەی لە پارتیان دەخواست کە پارتی خۆی لە پەراوێزخستنی یەکێتی بەدور بگرێت (٤) گەڕانەوەی خوێنی شەرعیەت بۆ نێو دەماری ڕێکەوتننامەی ستراتیجی کە لەبەریەکهەڵوەشان چاوی لێزەقکردۆتەوە و پارتی بەم نیوەچڵیە حەز بەکۆتاهێنانی ناکات .

لەئێستادا یەکێتی نیشتیمانی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە گەڵ  قۆناخێکی نوێی هەستیار و چارەنوساز ڕوبەڕو بونەتەوە، بۆیە پێویستە ژیرانە و حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بڕیاری تەندروستی دور لە بەرژەوەندی تاک و گروپ و دەستەیی بدەن، با ئەممجارەش خەمێکیتری شکستئامێز بۆ یەکێتیەکان تۆمارنەکەن و ئۆباڵی هەڵوەرینێکیتری یەکێتیەکان نەکەوێتە گەردنتان .

بەڕای بەندە هەڵبژاردەی بە ئۆپۆزیسیۆنبون شیاوترین و سەرکەوتوترین بژاردەیە کە یەکێتی بڕیاری لەسەربدات و تاقیبکاتەوە.

      

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved