کورتەیەک له‌ ژیانی مەحوی

مەلا موحەمەد کوڕی عوسمان بەڵخی ناسراو بە مەحوی (١٨٣٦-١٩٠٦) مامۆستای ئایینی و یەکێک لە دیارترین ھۆنراوەنووسەکانی کورد بووە. و بە یەکێک لە چڵەپۆپەکانی شیعری کوردی دادەنرێت، هۆنراوەکانی لە دەوری چەند تەوەرێکی جیاواز ئەسوڕێنەوە و سەرجەمی هۆنراوەکانی لە دیوانی مەحویدا کۆکراونەتەوە.

(مەحوی) ناوی مەلا موحەممەد كوڕی مەلا عوسمانی باڵخییە لە نەوەی پیر و زانای ناودار (شێخ ڕەش) , باپیریشی وەكو باوكی , ناوی مەلا عوسمان بووە , وەكو شێخ مارفی نۆدی لەگەڵ دروست كردنی سلێمانیدا هاتۆتە شاری نوێوە , (باڵخ) یش دێیەكە لە ناوچەی (ماوەت) لە شارستانی سلێمانی , مێژونوسی كورد , (موحەممەد ئەمین زەكی بەگ) دەڵێ‌ لە ساڵی 1252 ی.ك (1836-1837 ی.ز) دا لە دایك بووە , مامۆستا عەلائەدین سەججادییش دەڵێ‌ لە 1830 (1246 ی.ك) دا لە دایك بووە , و (كاكەی فەلاحیش) دەڵێ‌ لە 1247 ی.ك (1831-1832 ی.ز) دا لە دایك بووە , باوكی خەلیفەی شێخ عوسمان سیراجوددینی تەوێڵەی بووە, حەوت ساڵان بووە خراوەتە بەر خوێندن و ماوەیەك لای باوكی خوێندوییەتی , بۆ خوێندن چۆتە سنە و سابڵاغیش و لای مەلا عەبدوڵای پیرەباب خوێندویەتی , پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لای مەلا ناودارەكانی ئەو ناوچەیە خوێندویەتی , ئەوجا چوە بۆ بەغداد و بوە بە فەقێ‌ زانای بە ناوبانگی كورد مفتی زەهاوی و ئیجازەی مەلایەتی لای ئەو وەرگرتووە , دیسان مامۆستا عەلائەددین سەججادی دەڵێ‌ پاش ئیجازە وەرگرتنی لە 1859 ی.ز دا بووە بە مەلای مزگەوتی ئیمامی ئەزەم لە بەغداد , بەڵام لە 1862 دا بەغدای بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بوە بە ئەندامی دادگا . لە 1868 دا بە هۆی مردنی باوكییەوە دەستی لە كاری میری كێشاوەتەوە و بۆەتەوە بە مەلا و دەستی كردەوە بە دەرز وتنەوە بە فەقێیان,مەلا حەسەنی كوڕی مەلا عەلیی قزڵجی و مەلا مەحمودی مەزناوەیی و مەلا سەعید ئەفەندیی نایب ئۆغڵیی كەركوك و مەلا عەزیزی موفتی سلێمانی لە ناوبانگترین فەقێكانی بوون , هەر بە ڕێچكەی باوكیا تەریقەی گرتوەتەبەر و بووە بە خەلیفەی شێخ بەهائوددینی كوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە.وەكو مامۆستا شێخ موحەمەدی خاڵیش لە (مفتی زەهاوی) یەكەیدا نوسیویەتی , مەحوی لە ساڵی 1291ی.ك (1874-1875ی.ز)دا لەگەڵ چەند مەلایەك لە سلێمانییەوە نەفی كراون بۆ بەغداد ,ناوبراو هیچی تری لە بارەی ئەم نەفی كردنە و هۆیەكەی و چۆنیەتی گەڕانەوەی مەحوییەوە لەوەو پاش بۆ سلێمانی , نەنوسیوە. مەحوی , لە 1883دا بەپێی قسەی مامۆستا سەججادی چووە بۆ حەج و لەوێوە چوە بۆ ئەستەموڵ و ڕێگەی پیاوماقوڵانی كوردەوە لە ئەستەم بووڵ چاوی بە سوڵتان عەبدولحەمید عوسمانی كەوتوە , سوڵتان ڕێزێكی زۆری لێگرتووە و فەرمانی داوە خانەقایەكیان لە سولەیمانی بۆ كردۆتەوە كە ئێستا بە (خانەقای مەحوی) بەناوبانگە , مەعاشێكیشی بەناوی خزمەتكردنی هەژارانەوە بۆ بڕیوەتەوە , دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی, تا مردنی لە سەرەتای شەشەڵانی 1334 (تشرینی یەكەمی 1906)دا.

 

خانەقای مەحوی

ساڵی ١٨٨٣ چووە بۆ حەج، لە هاتنەوەیدا چووە بۆ ئەستەنبوڵ کە ئەو کاتە پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بوو، لە ڕێگەی پیاوە کوردەکانەوە لە ئەستەنبوڵ بە دیداری سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم ئەگات، و سوڵتان زۆر عیلم و تەسەوفی مەحوی بە دڵ ئەبێت، هەر لەبەرئەمەش بڕیار ئەدات خانەقایەکی بۆ بکرێتەوە لە سلێمانی، کە بە خانەقای مەحوی ناسرا. و مەحوی لە دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی و لە خانەقاکەی بەردەوام دەبێت لە وانە ووتنەوە زانست و ڕابەریکردنی خەڵک لە تەسەووفدا.

مەحوی لە خانەقاکەیدا کاتەکانی بۆ سێ بەش دابەش دەکات، بەشێکی بۆ وانەووتنەوە و بەشێکی بۆ دانیشتن لەگەڵ خەڵک و ئامۆژگاری کردنیان و بە شێکی تری بۆ نوێژ و یادی خوا و بیرکردنەوە.

 

کەسایەتی مەحوی

مەحوی پیاوێکی باڵابەرز و سوور وسپی و چاوگەورە بووە، رێشێکی درێژی هەبووە و بە نەرمی و هێمنی قسەی کردووە، مێزەری سپی و کەواو سەڵتەی لەبەرکردووە، و هەر لە سەرەتای ژیانییەوە خولیای گۆشەگیری بووە و گەرمی هەست و سۆزەکانی دەرگای شیعری بۆ ئاوەڵا کرد، هەروەها ئەو ژینگە و خێزانەی مەحوی تیا پەروەردە بووە کردوویەتی بە شاعیرێکی تەسەووف، هەروەها شاعیرێکی وەردەکاربوو و تەواوکردنی هەندێک لە قەسیدەکانی لە مانگێکەوە تا ساڵێکی خایاندووە.

 

شیعرەکانی مەحوی لەسەر مانا و بیرکردنەوەیەکی تەواو قوڵ ئەوەستێت و بەگشتی هۆنراوەکانی لەسەر چەندین تەوەری جیاواز ئەدوێت، لەوانە شانازی کردن بە نەتەوەی کورد و زمانی کوردییەوە لە هەندێک لە شیعرەکانیدا، هەروەها هەڵوێستی توندی شاعیر بەرامبەر ستەمکار و زۆرداران لە شیعرەکانیدا ڕەنگ ئەداتەوە لەگەڵ بەگژداچوونی ئەوانەی بازرگانی بەسەر ئایینەوە ئەکەن، زۆرترین بەشی شیعرەکانی لە چوارچێوەی جوانی و خۆشەویستی و عەشق دەسوڕێتەوە هەروەها چەندیین شیعری هەیە لە بواری ڕاستی پەرستی و فەلسەفەدا و لە ستایشی ئایینی و تەسەووفدا.

مەحوى وەکو شاعیرانى سەردەمى و پێشووتر لەخۆى کێشى عەرووزى عەرەبى بەکارهێناوە، هەروەها یەکێتى قافییە پاراستووە، بەواتایەک کە سەرانسەرى هۆنراوەکە لەسەر یەک قافیەیە. بەهۆى ئەوەى زمانى کوردى لەو سەردەمەدا هێز و تینى ئێستاى نەبووە، مەحوى وشەى فارسى و عەرەبى زۆر بەکارهێناوە، هەروەها وشەکارى و وردەکارى زۆرى بەکارهێناوە و بەدواى وشە دەربڕینى گراندا گەڕاوە.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved