28ی گەلاوێژ رۆژێک کە کورد بە "کافر" راگەیەنرا

مەجید حەقی – فینلاند

هاوینی 1983 برازام "هیوا" تەمەنی دووساڵە بوو کە لە گەڵ دایکی لە گوندی خرێی ناوچەی دەشتی ورمێ لە سەر کانیاوی نزیک ماڵیانەوە ئاویان دەهێنا. لەنەکاو دوو هەلیکۆپتێری کۆماری ئیسلامی لە گوند نزیک بوونەوە و هەرکە براژنم و هیوایان بینی ئەوانیان وەبەر رەگباری کالیبری پەنجا دا و ئەگەر ئەوکات دارەکان کە بەهۆی گولەبارانەوە شکان و لەسەریان نەکەوتبا هەم براژنم و هەم برازای دووساڵەم دابێژدابێژ دەکران. هەلیکۆپتێرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەجێ گەیاندنی فەرمانی جەهادی خومەینی لە گوندەکانی کوردستان دەگەڕان و زۆرجار گەر مناڵێکیشیان لە بەر دەرگا بدیا دەیانگرتە ژێر رکێفی رەگبار و گوڵلەبارانی خۆیان.

28ی گەلاوێژ لە مێژووی کوردستان و ئێران دا وەبیرهێنەرەوەی دوو رووداوی مێژوویی تاڵ و سێبەری رەشی دیکتاتۆری لە سەر گەلانی ئێرانن. لە 28ی گەلاوێژی ساڵی 1953دا محەمەد رەزاشای پەهلەوی بە هاوکاری هێزە ئیمپریالیستیەکانی سەردەم کۆدیتایەکی دژی دەوڵەتی نەتەوەیی دکتۆر محەمەد مسەدق کرد و سێبەری رەشی دیکتاتۆری بە سەر ئێراندا سەپاند. محەمەد مسەدق نەتەوەگەرایەک بوو کە باوەڕی بە جۆری کۆماری بەرێوەبەری ولات هەبوو و نیمچە ئازادیەک لە سەردەمی سەرۆک وەزیری ئەودا لە ئێران پێک هاتبوو. بە جۆرێک کە حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئێران) لەو سەردەمەدا چالاکانە خەباتیان دەکرد. کۆدیتای 28ی گەلاوێژی ساڵی 1953 خەباتی سیاسی لە ناو شار و پەرلەمانەوە بۆ ناو مزگەوت برد و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ کەوتەوە.

لە 28ی گەلاوێژی 1979دا دوای بە تاڵان بردنی شۆرشی گەلانی ئێران، ئایەتوڵلا خومەینی رێبەری کۆماری ئیسلامی فەرمانی جەهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و بەوە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپا. لە ئاکامی ئەو فەرمانە ئایینی – سەرکوتکەرانەدا هێزەکانی ئێران کوردستانیان کردە مەکۆی قەڵاچۆ، گوندو شارەکانی کوردستان کەوتنە بەر بۆردمان و وێرانی. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)ی ئێستا بەزەیی بە مناڵەکانیش نەدەهات و ئەوان دەدا بەر دەستدرێژی خۆیان.  لەوساوە تا ئەمرۆ شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کورد بە هەموو شێوەکانی نیزامی، ئابووری، رەوانی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پەروەردەیی بەردەوامە.

فەرمانی جەهاد کە فەتوایەکی ئایینیە و لەلایەن ئایەتوڵلایەکی دەسەڵاتدارەوە دەرچووە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت هەڵنەوەشاوەتەوە و بە پێی ئایینی شیعەش ئەو فەرمانەی کە لەلایەن رێبەرێکی ئایینیەوە دەدرێت تەنیا دەتوانێت لەلایەن کەسێکی بەرزتر لەو هەڵوەشێنرێتەوە. خومەینی کە سەردەمێک جێگری "ئیمامی زەمان" لە سەر گۆی زەوی بووە تا ئێستاش لە گەڵ بووبێت کەسێکی هاوشانی نەدۆزراوەتەوە، بۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەفادار بەو فەتوایە لە تەنگ کردنی گەمارۆکانی سەر خەڵکی کوردستان، بە گۆرینی ناسنامەی نەتەوایەتیان و قەدەغەکردنی هێما کولتووری و نەتەوایەتیەکانیان، بە زیندانی کردن، ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و بڵاوکردنەوەی تۆری جاسووسی و دووبەرەکی خستنەوە لە ناو ریزەکانی خەباتگێرانی رزگاری کوردستان هەروا درێژە بەو فەرمانە دەدەن و بۆ ئەوان کوشت وبڕ و لەناوبردنی گەلی کورد بەجێ هێنانی ئەرکێکی ئایینیە.

تەنیا رێگای رزگاری لەو فەرمانە ئایینیە رزگاری لە کۆماری ئیسلامی و رزگاری نەتەوایەتی لە زیندانیکدایە بە ناوی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لەو سەردەمەدا کە ئاستی وشیاری، خۆرێکخەری و داخوازە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرزتر لە هەموو مێژووی چەندین دەیەی خەباتی خۆیدایە، ئەرکی رزگاری خوازانی کورد و هێزە سیاسیەکانی کوردستان یەکیەتی نەتەوایەتی و بەدەست هێنانی دەنگێکی هاوبەشە بۆ بەرەورووبوونەوە لە گەڵ ئەو بەرپرسایەتیە مێژووییەی لە سەر شانیانە. تەنانەت گەر بڕیار بێت رێگا چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا بێت، بەبێ یەکگرتوویی و یەک دەنگی بزاڤی کورد داخوازەکانی نەتەوەکەمان لە لایەن کاربەدەستانی ئەمرۆ و هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنەوە بەجیدی وەرناگیرێن و کورد هەروا بە "ئێرانیانی ئەسیڵ" دەناسرێن کە لە گەڵ کۆمەڵگای ئێرانی تێكەڵ بوون و هەروا برابچووکی نەتەوەی سەردەست دەمێننەوە.

 

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved