کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ "حقارەتێکی" بێ کۆتایی بە یەکیەتی بکات

مەجید حەقی

هەمووشت لەو رۆژەوە دەستی پێکرد، کە کۆسرەت رەسووڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتیمانی لە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە گەڵ دەستەیەکی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتیمانی ساڵی 1997 رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیان گەمارۆدا و بۆ یەکەمجار دەنگی کوردستان لە لایەن حیزبی برا و هێزی پشتیوانەوە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران کپ کرا.

ئەوکات لەوانەیە یەکیەتی دڵی بەوە خۆش کردبێت کە کۆماری ئیسلامی بەو خۆشخزمەتیەیان رازی بێت و وازیان لێبێنێت. لێ کە جارێک سەربەخۆیی خۆت لە بەرامبەر براگەورەدا لە دەست دا بۆ هەمیشە خاڵی لاوازت لای ئەوان هەیە. ئەوان بەچاوی کەرەسەی پێویست و ستوونی گوشار چاو لەو دۆستەتازەیە دەکەن و جۆری دۆستایەتیان دەبێتە "سیغەکردن" و هەرکات پێیان خۆش بێت کاری ناخۆشتر بە لایەنی لاواز دەکەن.

سەردەمانێک ناوی پێشمەرگەی یەکیەتی واتای واتای سەروەری و جێی شانازی دەدات، رەنگی سەوز رەنگی ژیان، سەرهەڵدان و هیوا بە شۆرشێکی نوێ بوو. بۆ کوردانی رۆژهەڵات ئەو سەردەمە بوون لە گەڵ یەکیەتی و پۆشینی رەنگی سەوز شانازیەکی لەبڕان نەهاتوو بوو. یەکیەتیەک کە بنەماکانی بەرنامەدارێژی و پلان دانانی لە قاسملوو فێربوو، دواتر وادیارە بە قەوڵی کوردی تەنیا رێگای هەڵگرتنی چاکەی کوشتنی دێموکرات بوو.

رادیۆ دەنگی کوردستان کە داخرا، ئەوجار نۆرەی زنجیرەتیرۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژهەڵات بەتایبەت ئەندامانی حیزبی دێموکرات هات  و چل دۆلار بەس بوو بۆ ئەوەی یەندامێکی حیزبی دێموکرات تیرۆر بکرێت.

قەت لەبیرم ناچێت کاتی خۆی لە 27/07/2001 کاتێک لە کۆیە بە کراسێکی زەرد دەگەڕام، "ئاسایش'ی کۆیە منی گرت و دوای پرسوجۆیەکی زۆر منیان بە هۆی ئەوەی بەشێوەی نایاسایی لەوێ بووم جەریمە کرام. کاتێک وتم کە من دوێنێش لێرەبووم و ئەوە مانگێکە لێرەم و تا ئێستا چەندین جار پاسپۆرتم نیشانی ئێوە داوە، وتیان ئەمجارە بێ یاسایی هاتوویت و دەبێ جەریمە بدەیت و جارێکی دیکەش بۆت نیە بێتیە لێرە. دواتر کە لای برادەرێکم گلەیی کرد، بە منی وت دەبێ "شوکری خوا بکەی" کە نەکوژراوی. ئەوکات تێگەیشتنی قسەی ئەو کەسە بە ئەزموونەم بۆم زەحمەت بوو، ئێستا زۆر شوکردارم.

لەو رۆژانە باسی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی دێموکرات گەرم بووتەوە و هیوا و وزەیەکی زیاتری بە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە و هۆگرانی یەکیەتی کورد بەخشیوە. بێگومان کۆماری ئیسلامی لە یەکگرتنی دێموکراتەکان دەترسێ و ترسی ئەوەی هەیە دێموکراتی یەکگرتوو هەموو پارەسەنگە سیاسیەکانی ناوچە بگۆڕێت. راست لەو کاتەدا "ئاسایش"ی یەکیەتی هێرش دەکاتە سەر کەمپی ئازادی و بەبیانووی گەڕان بە دوای کەسێک کە گۆیا هەڵهاتووە، لێدان و بێ‌ریزییەكی زۆر بە ژن‌ و منداڵ ‌و كادر‌و پێشمەرگەكانی حیزب دەكەن.

دیوی دیکەی ئەو راستیە تاڵە لەوەدایە، لەو رۆژەوە کە یەکیەتی لە ژێر کاریگەری راستەخۆی سوپای قودسە و تەنانەت کێشەکانی ناوخۆییشیان لە لایەن پاسدار قاسم سولێمانیەوە تاوتوێ دەکرێن و وەزیر و کاربەدەستانیان لە ژێر چاوەدێری ئەوان دادەنرێن، سەیر نیە کە  لە ژێر هەمان گوشاردا و لە پێناوی ئەنجامی "کارێکی یاسایی" هێرش بکەنە سەر کەمپەکانی دێموکرات و بێرێزی بە تەواویەتی رۆژهەڵات بکەن. وادیارە پێشوازی گەرم و گوڕ لە سەحراروودی تێنووتی کۆماری ئیسلامی نەشکاندووە و کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ ئێستا کە یەکیەتی نیشتیمانی لە زەڵقاوی دووبەرەکی و رکەبەریەکانی کۆتلەکانی ناوخۆییدا دەنالێت و سەربەخۆیی خۆی بەتەواوی لە دەست داوە، هەموو سنوورەکان بەو هێزە ببەزێنێت.

هیوادارم رۆشنبیران و کوردپەروەرانی ناو یەکیەتی ئەو سووکایەتیەی کۆماری ئیسلامی بەخۆیان قەبووڵ نەکەن و رێگە نەدەن کەلێنێکی قووڵتر لەوەی کە هەیە بکەوێتە نێوان گەلی کورددا. لەو گەمەیەدا یەکیەتی و مێژووی پرلەسەروەری دەورانی شەڕی پشتیوانی و راپەرینەکانی باشووری کوردستان دەبنە تەنیا چەند گوڵی بچووک لە ناو زستانێکی رەش و تاریکدا.   

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved