یەکەم کوردی ساڵ لە فینلاند هەڵبژێردرا

زارا تەیمووری ، وەک یەکەم کوردی ساڵ لە وڵاتی فینلاند هەڵبژێردرا. خەڵاتی کوردی ساڵ لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری تورکۆ رۆژی 14-3-2015 بە زارا تەیمووری بەخشرا.  ناوبراو لە ساڵی 2015دا بە پلەی هەرەباش بڕوانامەی کارناسی باڵای (ماجیستێری) بیرکاری لە زانکۆی هێلسینکی  فینلاند بەدەستی هێنا. لە رۆژی هاتنی بۆ فینلاند زارا تەیمووری لە هەموو تەمەنی خوێندنی خۆیدا، فێرکارێکی چالاک و بەرپرس بووە و بۆیە لەو ماوەیەدا چەندین جار لە لایەن فێرگەی دوای ناوەندی و زانکۆی ئالتۆ خەڵات کراوە.

 زارا تەیمووری لە دایکبووی کەمپی پەنابەری ئەڵتاش لە عێراقە. بنەماڵەی زارا لە بەر زوڵم و ستەمی حکوومەتی ئێران، دوای هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان  پەریوەی باشووری کوردستان دەبن و لەوێوە حکوومەتی سەدام بنەماڵەی زارا وێرای چل هەزار کوردی دیکە دەگوازرێتەوە بۆ کەمپی ئەڵتاش لە باشووری بەغدا. تەیمووری لە هەلومەرجێکی زۆر سەختی ئوردووگای پەنابەری لەدایک بووە و لە تەمەنی 10 ساڵیەوە هاتووە فینلاند.

زۆر جار باوە دەوترێت کە پێشینەی باوک و دایکی مناڵ شوێندانەرە لەسەر دوارۆژی مناڵانیش. پێشینەی سەخت و ئەستەمی بنەماڵەی زارا پێچەوانەی ئەوە نیشان دەدات. زارا تەیمووری بە کار و چالاکی و بڕیاری خۆی لە مەڕ تێپەرکردنی هەموو ئاستەکانی خوێندن، توانی لە ماوەیەکی کورت دا یەکێک لە ئەستەم ترین بوارەکانی زانستی تێپەربکات و ببێتە نموونەیەک لە سەرکەوتوویی  و چالاکی لە پێناو ئامانج نەتەنیا لە ناو گەنجانی کورد بەڵکوو لە ناو گەنجانی فینلاندیش دا.

زارا تەیمووری ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستانە و یەکێک لە چالاکانی دەستەی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان بووە.

بە خەڵاتی کوردی ساڵ، ئامانجی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان هاندانی کوردەکانی دانیشتووی فینلاندە، بۆ جێگرتن و بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە نیشتیمانی نوێیاندا. دەستەی بەرێوەبەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان سوپاسی هەموو ئەوانە دەکا کە خۆیان وەک بەربژێری کوردی ساڵ ناونووس کردووە و بەو هیوایە لە ساڵانی داهاتوودا نموونەی زۆرتر ببیندرێت.

 

 دەستەی بەرێوەبەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە فینلاند

 

15.3.2015 هێلسینکی

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved