نەئەملایی و نە ئەولایی

لەم ماوەیەدا کرتەیەکی ڤیدۆییم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بینی، کە موقتەدا سەرد باسی هێندێک شتی دەکرد، یەکێک لەوانە باسی ئیمامەکانی وەک " ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان و عەلی " کردو لە توێی باسەکەیدا بەو ڕیزەی، کە لە ناو پێڕەوانی ئایینی ئیسلام ڕێبازی سونی باوە و پێیان وایە، بەو ڕیزە بێ، کە من لە ناو کەوانەکەدا نووسیومە. هەرچەند لەوانەیە ئەم وتەیە هی زوو بێ، بەڵام من تازە بینیومە. بەدوای ئەوەدا مەلایەکی پێڕەوی ڕێبازی شیعە بە توندی وڵامی "موقتەدا سەدر" دەداتەوە و بڕێکیش بێڕێزی پێدەکا. لەهەردۆخدا، منیش  کەوتمە بیر ئەوەی لەو نێوەندەدا شتێک بە ڕۆڵەکانی خۆم، واتا، ڕۆڵەی گەلی کورد بێژم. ئەویش ئەوەیە.

بۆمنی کورد، پێڕەوانێکمان لە پێڕەوی زۆرێک لە ئایینەکانی یەهودی، مەسیحی، ئیسلام ـ بەڕێبازی سوننە و شێعەوە ـ یاری، و ... هتد، هەیە، پێویستە ڕێز لە بیروبۆچوونی خاوەنانی هەموو ئایین و ئایینزاکان بگرین و گەورەیی هیچیان نەدەین بەسەر ئەویتریاندا.

هەروەها بۆ منێکی کورد، گرنگ نییە کام لەو ئیمام و ئیمام زادەیانە لە پێشن و کامیان لە پاشە، گرنگ ئەوەیە کامیان چ ئاکار و کردار و وتارێکیان هەبووە و سوودی بۆ گەلانی دونیا بەگشتیی و ڕۆڵەی کورد بەتایبەتی هەبووە، با ئێمەش بە ڕۆڵەکانمان بێژین، وەدوایان بکەون و پێڕەویان لێبکەن. بە پێچەوانەشەوە کامیان جینایەتیان دژ بە مرۆڤایەتی خوڵقاندبێ، ئێمە دووری بکەین لە وەشوێن کەوتنیان، جا لەهەر پلە وپایەیەکی کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و ... تاد، بووبن.

با ڕۆڵەکانی ئێمە بەچاوی کراوە و بیری ژیرانەوە خۆیان نەخەنە داوی شەڕگەلێک، کە لەمێژوودا بۆ دەسەڵات کراوە و ئێمە ئێستە دوای هەزاران ساڵ سەری خۆمانیان لەسەر بەشکاندەین.

کەوایە، نە ئەم لایی و نە ئەولایی، بەڵکوو ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمان پارێزی. با چیدی کەڵکی خراپمان لێ وەرنەگیرێ. با گەلی کورد بە هەمووپێکهاتە ئایینی و ڕێبازە ئایینییەکانیەوە، دەست لەناو دەستی یەکتر بە گژ دوژمنانی داگیرکەری خاک و نیشتمانەکەماندا بچینەوە . باڕێز لە پێڕەوانی گشت بیروبۆچوونە جیوازەکانمان بگرین و نەهێڵین دوژمن لەئاوی لێڵ بە سوودی دەسەڵاتی سیاسی خۆی ماسی بگرێ.

بژی کورد، بژی کوردستان، بژی برایەتی و دۆستایەتی هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی گەلی کورد

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved