ئایا ئایینەکان جێگەی لێدوانن؟

 

"ئەم بابەتە لە بەرگی چواری نووسراوەکانمدا بەناوی، دایک و باب و ڕۆڵەکانم ١٢- ١٨ ساڵدا بەهێندێک دەسکارییەوە هاتووە"

لەوانەیە، وڵامی ئەم پرسیارە زۆر ئاسان نەبێ لای هەر مرۆڤێک کە بڕوایەکی لای خۆی درووست کردووە، یان باشترە بڵێین، بڕوای بە خوایەک، یان خوا گەلێک هێناوە. هەموو وڵامێک لای ئەو نەک جێگەی پەسەند نەبێ، بەڵکوو، بێڕێزیشی پێبکا. بۆیە، چاوەڕان دەکەین کە هەڵوێستی جۆراوجۆری لەسەر بگیرێ، یان دژی بوەستێتەوە.

جێگەی دوودڵی نییە، کە وڵامەکان لای هەموو کەسێک هەزم نابێ و وەری ناگرێ. بەتایبەت ئێمە کە ڕووی قسەکانمان لە ڕۆڵەکانی کوردە و ئەوانیش لەدواکەوتووی کولتووریدا ڕاگیراون - ئەمە گشتی نییە - ڕێی تێدەچێ، کە تۆمەتی ناڕەواش بخەنە پاڵمان، یان بەجۆرێکی دوور لە ڕاستی مێژووی و زانستی یەک نەگرێتەوە. بۆیە، داوامان ئەوەیە، بێلێکۆڵینەوەی زانستییانە ولە ڕووی دەمارگرژییەوە لێکی نەدەنەوە و هەڵوێست مەگرن.

لەو کاتەوە مرۆڤەکان هاتوونەتە سەرزەوی و وەک مرۆڤی ئێستەیی ژیاون، بوونی باوەڕ بە خوای دیار و نادیار، خوایەک یان خواگەلێک، بگرە لە شکڵی گیانلەبەران و ڕووەکیشدا، هەر بووە. بۆ هەر کات و سەردەمێک، لە هەرجێگە و دەڤەرێک، لە ناو کۆمەڵە خەڵکێکدا، کەسێک بەلەبەر چاوگرتنی بارودۆخ وکولتوور و پلەی وشیاری ئەو خەڵکە و بواری ڕامیاری، هزری، ئابووری، کولتووری و ... ، هەوڵی داوە بە بەراوەرد لەگەڵ پێشوو، ئاڵوگۆڕێک پێک بێنێ. هەرچەند ئەو کەسە - ڕێبەرە ئایینی، یان ڕێبازە ئایینییە - نەیتوانیوە بە مەلی خۆی ئاڵوگۆڕەکان درووست بکا، چوونکە لە ڕووی کولتووری و داب و نەریتی خەڵکەکەوە، لەمێژیینەیی هەبووە، بەڵام، بێگومان، توانیویەتی گۆڕانکاری درووست بکا.

ئەو کەس و کەسانەش، لەنێو ئەو کۆمەڵگانەدا، هەوڵیان داوە جێگە و پێگەی خۆیان نیشان بدەن و سرنجی کۆمەڵانی خەڵک بۆلای بیرۆکەکەی خۆیان ڕاکێشن. بێگومان، لەلایەن خاوەنانی بیری کۆن و بیری تازەدا کێشە و ناکۆکی چێ بووە، چوونکە، ئەوانەی کۆن، نەیانویستووە داب و نەریت و کولتوورێک کە بە دەیان و سەدان و بگرە هەزاران ساڵ باب و باپیرانیان لەسەری بوون، ئێستە بە سەورێک و دوو فوو لە دەسیان بچوا. هەر ئەو خۆڕاگری و بەربەرەکانێی نێوان بەرەی کۆن و نوێ، وای کردووە بە دەیان و سەدان و هەزاران کەس لەنێوانیاندا بکوژرێ، ماڵوێران ببێ، دەربەدەر ببێ و ... هتد.

وەک دیارە، زۆربەی ئەو بانگەشە کردنانە بۆ درووستکردنی گۆڕانکارییەکان بە ناوی ئایین و ڕێبازە ئایینییەکانەوە کراوە.

ئەگەر مێژووی ڕێبەرە ئایینی و پەیامبەران و شوێن کەوتەی ئایینەکان بە هەموویانەوە بخوێنینەوە، باشتر ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێ. وەک دەخوێنینەوە، بە هەزارن لێکۆڵەر و شیکار لەسەر پەرتووکە زەوینی و ئاسمانییەکان بۆچوونیان دەربڕیوە و ڕوانگەی جۆراوجۆریان هەیە. نەک زۆرجار بۆچوونەکانیان یەک ناگرێتەوە، بەڵکوو، زۆرجار پشتیان لەیەکە.

ئەوەتا ئەبینین، سەرەڕای ئەوەی پێڕەوانی هەرسێ ئایینی "ئیبراهیمی" - یەهودی، مەسیحی و ئیسلام - باوەڕیان بە یەکخوا هەیە و لە یەک ڕیشەن، هێشتا لە زۆر بواردا دانویان بەیەکەوە ناکوڵێ، هیچ، یەکتریش بە کافر و لادەر و ئەم و ئەو ناو دەبەن.

ئەمە نەک تەنیا لەو سێ ئایینەدا، وایە، بگرە تەنیا لە ئایینی ئیسلامدا، نزیک بە ١٨٨ کۆمەڵ و گروپ هەیە، کە زۆربەیان یەکتر بە بێبڕوا و کافر و دژە دین چاو لەیەکتر دەکەن. مەگەر نابینین، ڕۆژانە لە وڵاتە بەناو ئیسلامەکاندا، بە سەدان مرۆڤی بێتاوان دەبێتە قوربانی دەستی ستەمکارانی حاکم بەسەر وڵاتاندا. ئەوەتا بە ڕۆژی ڕوون دەبینی، ئەوانەی کە خەڵک دەکوژن، دەڵێن "الله أکبر" و ئەوانەش کە دەکوژرێن، هەر دەڵێن "ألله أکبر" من، پێم وایە، هیچیان کاری خوا نییە، بەڵکوو بە کەڵ وەرگرتن لە ئایین، ستەمی مرۆڤەکانە لە یەکتر دەکرێ.

کەوایە، هیچ ئایین و ڕێبازێکی ئایینی نییە لە جێهاندا، جێگەی باس و تێڕامان و لێدوان نەبێ. ئەگەر هەر ئایینێک یان ڕێبازێکی ئایینی ئیزن بە مرۆڤەکان نەدا، بیری لێ بکەنەوە و بگرە ڕخنەشی لێ بگرن، ئەوە ئەو ئایینە، دەپوکێتەوە و لە ناو خەڵکدا لاواز دەبێ. ئەگەر لە ڕوانگەی پێڕەوانی ئایینێکەوە، وابوو کە ئەوە بڤەیە و نابێ قسەی لەسەر بکەی، ئەو کەسە پێی دەڵێن "شوێنکەوتەی کوێر کوێرانە" یان، بە واتیەکی ڕوونتر، توتیوار فێرە بووە، نەک لە ڕووی زانستی و وشیارییەوە. 

ئەم باسە زۆر زۆرتر لەوە هەڵدەگرێ، کە من نووسیومە، بەڵام، با ئەو ڕخنەیەش لە خۆمان بگرین، کە ئێمەی کورد لە خوێندنەوەدا، زوو ماندوو دەبین - ئەمە گشتی نییە - بۆیە، منیش بەم دڵۆپە لە دەریای ئەم باسە لێرەدا کۆتایی پێدێنم و هیوادارم ڕۆڵەکانی گەلەکەم بە چاوی کراوە و بە بیری پێشکەوتووانە و زانستییانەوە، یان شوێن ئایینێک بکەون، یان سەربەست بن لەوەی کە وەدوای هیچ ئایین و ڕێبازێکی

ئایینی ناکەون. لەبەر گلەیی و تانەو تەشەر و پرتە و بۆڵەی ئەم و ئەو، خۆمان تووشی سەرلێشێواوی نەکەینن. ی.

با پێوانە بۆ بڕیاری درووست دان، تەنیا بیری ژیرانە و زانستی سەلمێنەری سەردەم بێ، نەک هیچیتر. با چیدی ڕۆڵەکانی گەلە بەشخوراوە، دابەش کراوەکەمان، نەبێتە دەستەچیلەی خۆشکردنی ئاگری هیچ بیرێکی دژ بە سەربەستی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی. ئیتر بەس بێ، ڕۆڵەکانی ئێمە گۆڵی زمانی لووس و جلوبەرگی جۆراوجۆر و خەیاڵاوی ئەم و ئەو. بخۆن. ڕۆڵەی ئێمە هیچی لە ڕۆڵەی نەتەوەکانی دیکە کەمتر نییە، بگرە زۆر زیرەکتریشن. با ئیتر بەس بێ، بۆ بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک، لەژێر هیچ ناوێک ڕۆڵەکانمان بخەڵەتێنن. با ڕێزیان بۆ هەموو بیر و باوەڕێکی ئایینی و ڕێبازی ئایینی هەموو گەل و نەتەوەیەک ببێ، و پارێزگاری لە خاک و نیشتمان و کولتوور و ئایینی خۆشیان بکەن.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

Qadirzada.com © 2009 - 2013. All rights reserved