یاریی ـ کاکەیی ـ ، ئیزەدی، زەردوشتی و ... هتد، ئایینن، یان ڕێبازی ئایینی؟

مەجید پاڵانی

 

لەدرێژ زەمانەوە بیروباوەڕی جۆراوجۆر بە دینێک یان دینگەلیک هەبوون و تا ئێستەش هەر بەردەوامن و بە دڵنیاییەوە بەردەوامیش دەبن. هەموو دینەکان بە پێی کات و سات و جێگە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، هێندێکیان پەل و پۆیان هاوێشتووە و مەزن بوون و پێڕەوەکانیان زۆر بوون و هێندێکیشیان کەم بوونەتەوە و بگرە ژمارەیەکیشیان نەماون، یان لە ناو ئەو ئایین / ئایینەکانی دیکەدا تواونەتۆ.

وەک دەزانین، هەرکام لە دینی سەربەخۆ و ڕێبازی دینی، تایبەتمەندی خۆیانیان هەیە. بەکورتی و بە پوختی، ڕێبازی دینی بەشێکە لە دینەکە. دەکرێ دینێک دەیان و سەدان ڕێبازی لێ جیا ببێتەوە، وەک ئەوەی لە ئایینە ئیبراهیمیەکاندا دەبینین. هیچ دوور نییە زۆریک لە ڕێبازە دینیەکان لە ڕێڕەوە بنەڕەتیەکەی دینەکەش لادەن و لێکدانەوە و تێڕامانی جۆراوجۆری لەسەر بکەن، کە مافی بێ ئەملاولای خۆیانە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ دیتومانە و لە داهاتووشدا دەیبینین.

لەو ڕاستیەش نکۆڵی ناکرێت، کە هەرکام لەو دینانە بە کۆن و نوێوە، جا لەسەردەمانی ڕێبەرە ئاینیەکاندا کۆ و نووسرابنەوە، یان دەیان و بگرە سەدان ساڵیش دوای مردن، یان کوژرانی خۆیان نووسرابنەوە، خاوەنی پەرتووک و بەرنامە بوون، کە سەرچاوەی یاسایی پێڕەوەکانیان بووە. لادان لەو یاسایانە، سزای یاساییان لەسەر بووە. هەرکام لەو پەرتووک و نووسراوانەش بۆ ئەو سەردەمانە بەکەڵک بوون و بگرە تێشیاندا هەیە بۆ ئێستەش و داهاتووش کەڵکیان لێ وەربگیرێت، بەڵام نەک هەموو شتێکیان. چوونکە زۆرێکیان بۆ ئەم سەردەمانە و لەگەڵ ژیریدا نایەنەوە، بۆیە دەبێ و زۆریش پێویستە بێژنگ بکرێنەوە.

دەبی دان بەو ڕاستیەشدا بنێین، کە ئایین و ڕێبازە ئاینییەکان هەر ئەوانە نابن کە هەبوون، لەوانەیە لە داهاتوودا چەند هێندەی دیکەش لەدایک ببن. وەک مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە پەیدا بوونی هەرکام لەو دینانە، کە بە بەراوەرد لەگەڵ دینەکەی پێشوو تازە بوون، لەلایەن پێڕەوانی دینە کۆنەکەوە بەرەنگاریان بوون. لەو پێوەندیەدا شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و بڕینی زۆر ڕویداوە، کە مێژوو لە گێڕانەوەیان شەرم دەکا. داسەپاندنی بەزۆرە ملی لەلایەن زۆرێک لە پێڕەوانی دینە نوێیەکە بەسەر پێڕەوانی دینە کۆنەکەدا زۆر ڕویداوە. توانیویانە ژمارەیەکی یەکجار زۆریان مل پێ نەوی بکەن و بێگومان هەشبوون ملیان بەو یاساو و ڕێسایە نەداوە. با ئەوەشی لێ زیاد بکەم، کە زۆرێک لە هێرش و داگیرکاریەکان، نەک لەبەر خاتری پاراستنی دینەکان بووبێت، بەڵکوو بە کەڵکی خراپ وەرگرتن لە دینەکان، بۆ بەرژەوەندی ئابووری و دەسەڵات بووە.

شایانی باسە: سەرچاوەی دینەکانی زەردوشتی، یاری ـ کاکەیی ـ ئیزەدی و ... ، لە میتراییەوە هاتوون. ئەمانە هەموویان بە پێی تایبەتمەندیە دینیەکان، دینن، نەک ڕێبازی دینی. پێڕەوانی ئەم دینانەش بەدرێژایی مێژوو کەوتونەتە بەر هێرش و پەلاماری پێڕەوانی دینەکانی یەهودی، مەسیحی، ئیسلام و ... . ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کادیر و ڕێبەرانی ئەم دینانە تووشی گرتن و کوشتن و ڕاو نان بوون. زۆرێکیان بەهۆی ملنەدانیان بە ستەم و ستەم کاری و ویستویانە هەر لەسەر بنەچەی دینەکانی خۆیان بمێننەوە، ئاوارەی وڵاتانی جیهانی بوون. بەڵام ئەوانەشیان ئامادەی بەرخۆدان بوون و بە ماڵ گیان پارێزگاریان لە خۆیان و هێشتنەوەی دینەکانیان کردووە، لە چیا سەربەرزەکانی کوردستاندا ماون. وەک ئێستەش دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە پێڕەوانی ئەم دینانە، لێرە و لەوێ هەن. زۆربەی نزیک بەگشتی کوردەکان، لەسەر باوەڕی ئایینی "زەردوشت" بوون. هێندێک لە مێژوونووسان باس لەوە دەکەن، کە "زەردوشت" لەنێوان ساڵانی ٥٨٥-٦٦٠، پ،ز، ژیاوە. هێندێکیتر پێیان وایە، ژیانی دەکەوێتە ساڵانی ٥٥١- ٦٢٨ی، پ،ز. لەسەرچاوەیەکیتردا دەڵێ: لەساڵی ٥٧٠ی، پ،ز، لەدایک بووە. لەهەردۆخدا، هەرکام لەو ڕیکەوتانە بووبێ، یان وەک زۆرێکیتر لەسەر ئەو باوەڕەن، کە لەداییک بوونی، دەگەڕێتەوە بۆ پێنج، شەش یان حەوت هەزار ساڵ، پ،ز.

"زەردوشت" هاوچەرخی پاشای ئەخمینی دارا "داریوش"ی، یەکەمە (٤٨٠-٥٢٢، پ،ز)

"زەردوشت" لەتەمەنی ٧٧ ساڵیدا لەشەڕی نێوان "ئارجسپ" پادشای تووران زەوی و "گوشتاسپ"دا، لەکاتێکدا زەردوشت لە بارەگای گوشتاسپدا، لە ئاگردانی خوێدا بووە، بەدەستی پیاوێک بەناوی "برات ڕەک ڕەش"ی، توورانییەوە شەهید کراوە. بێگومان شەڕەکەش لەسەر جیاوازی ئایین بووە.

ئەوەی بۆ من جێگەی پرسیارە، بۆ دەبێ ژمارەیەک لە پێڕەوانی ئەم ئایینانە ـ زەردوشتی، یاری، ئیزەدی و ... ، ـ لەبەر بەرژەوەندی کەسێتی خۆیان و بە بێ ئاگایی و خوێندنەوەی مێژوو، بێژن " ئەوانە دین نین، بەڵکوو ڕێبازێکن لە دینی ئیسلام" بێئاگا لەوەی، کاتێک ئەوانە دینی سەربەخۆ بوون بە تایبەتمەندیە دینییەکانەوە، دینی ئیسلام، کە بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ "ئیبراهیم" پەیامبەر بوونی نەبووە. زۆربەی پێڕەوانی ئەو دینانە لەسەردەمانی خەلیفەیی (جێگرەوەیی) ئیمامی "عومەر"دا،بەزۆر کراون بە ئیسلام، بە ئێستەی پێڕەوانی ئیسلامی سوننە و شیعەشەوە.

مەگەر نەماندیت زۆر کەس لە پێڕەوانی ئیزەدی لە چیای شنگاڵ بە کۆمەڵ لەلایەن "داعش"ەوە ـ دەوڵەتی ئیسلامی لە عراق و شام ـ لەبەر ترسی گیانیان شەهادە و ئیمانیان پێ دەهێنان؟ ئەمە لە دۆخێکدا بوو، کە هیچکام لەوانە بە مەیلی دڵ و بە بیروبڕوا قەبوڵیان نەبوو. بەڵام چی بکەن. لە دڵی خۆیاندا دەیانووت "داوو، یە زوورە"

کەوایە، با ئێمەی کورد بە شەهامەتەوە و بەدوور لە دەمارگرژی ئایینی یان ڕێبازی ئایینی، دان بە ئایینی بوونی ئەو ئاینانەدا بنێین و بە کەمیان نەزانین. دەبا سەرەڕای پاراستن و ڕێزگرتن لە پێڕەوانی دینی و ڕێبازە دینیەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری، پێکەوە بە تەبایی لەسەر خاکی باب و دایەکانمان بێ کێشە بژین. ئەو کەس و کەسان و لایەنانەی دەیانەوێ لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن، سیاسەتەکانیان بکەین بڵقی سەر ئاو.

ئەوانەی، کە باسم کردن نە بانگەشەی ناڕەوایە بۆ هیچکام لە دینەکان، نە دانی گەورەیی هیچیانە بەسەر ئەویتریاندا و نە بدژی هیچیان ووتنە، بەڵکوو ڕاستی مێژووین. جا هەرکەسیش نایەوێت ڕاستیەکان ببینێ، یان بخوێنێتەوە، یان ببیسێ، ئەوە ئیتر با خۆی بڕیاربدا، کە چییە.

 

٤/٨/٢٠١٥

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved