چۆن بیری ئایینی لە مێشکی منداڵدا درووست دەبێ؟

لەو کاتەوە مرۆڤ لەسەرزەوی ژیاوە و دەژی، بڕوا بە خوا دیار و نادیار، گیاندار و بێگیانەکان هەر بووە و هەیە. هەرکام لە پێڕەوانی ئەو ئایین و بڕوایانە، خاوەنی پێڕەو و پرۆگرامێک بوون و هەن. جا بە قەوڵی بڕوادارانی ئایینەکانی تەوحیدی (یەک خوا پەرەستی) کتێب و پەرتووکی ئاسمانی بێ، یان پێرەو و پرۆگرامێکی دەسکردی مرۆڤ. هەرکام لەو ئایینانە لە دەور و کاتی خۆیدا چ تازە و چ کۆن ڕۆڵی خۆی بووە بە لایەنی باش و ناباشدا .

کادێرەکانی هەرکام لەو ئایینانە هەوڵیان داوە ئەو پێڕە و بەرنامەیە بە گوێی خەڵدا بگەێنن و لایەنگری بۆ پەیدا بکەن. بێگومان هەرکامە و بە شێوەی خۆی. واتا، یان بە نەرم و نیانی و بە شێوەی وتووێژ و تێگەیاندن، یان بە شێوەی لێدان، کوشتن، ماڵوێرانکردن و داسەپاندن. لەهەر دۆخدا، کەس و کەسانێکین وەک ڕێبەر یان خۆیان دیاریان کردووە، یان کەسێک هەڵقوڵیوە و وتویەتی من ڕێبەر، سەرکردە، پێغەمبەر و بگرە خوای ئێوەم. کەم تا زۆر لایەنگر و دۆست و وەشوێن کەوتوانێکی پەیدا کردووە. بە هەر هۆیەک بووبێ دابەزینی ئەو بڕوایە لە تاکەوە دەستی پێکردووە و بووە بە کۆمەڵ. جا ئەو کۆمەڵانەش بە بەراورد لەگەڵ یەکتر و کۆن و نوێی ئایینەکان کەم و زۆریان هەبووە و هەیە. کەوابوو، ئەوە بووەتە باو و کولتووری ئەو کۆمەڵە خەڵکە لەو جێگەیەدا، وەک وتم بە چاک و خراپەوە. ئەگەر کەسێک یان کەسانێک لەو کات و ساتەدا هەوڵیان دابێ یان لایەنە نەرێنییەکانی ئەو بیرکردنەوەیە بخەنە پێشچاو یان هەوڵیان دابێ نوێ خوازی بێننە ئاراوە، کەوتونەتە بەر لۆمەی کۆمەڵ و ناچاریان کردووە واز بێنێ .

 کۆمەڵ ئەو تاکەی خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. پرسەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەو منداڵەش کە لەو کۆمەڵە خەڵکەیە و بە کات و چرکە چاو لە هەڵسوکەوتی ئەو کۆمەڵە خەڵکە دەکا بە تایبەت ئەندامانی بنەماڵەکەی و گرنگتر دایک و بابی خۆی، بێگومان ئەو منداڵەش ئەو ڕێ و شوێنە دەگرێتە بەر. کاتێک کە دەبینێ، دایک و بابی ڕۆژانە پێنج جار نوێژ دەکەن، عیسای مەسیح بە کوڕی خوا دەزانن، گایان لا پیرۆزە، ڕوناکی لایان پیرۆزە، مردووەکانیان دەسوتێنن و ... ، بە دڵنییایەوە ئەویش چاو لێدەکا و لای ئەویش دەبێتە بەشێک لە کولتووری ڕۆژانە و دەبێ ئەنجامیان بدا. من لێرەدا نە مەبەستم لە پێدا هەڵوتنە بە هیچکام لە ئایین و وەشوێنکەوتوانی ئایینەکان و نە مەبەستیشم خراپە وتنی هیچیانە. گرنگ لێرەدا ئەوەیە، نابێ و ناکرێ هیچ بیرێکی چ ئایینی و چ غەیری ئایینی، واتا، بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ڕێبازی ئایینی و ... ، بەزۆر بەسەر منداڵدا داسەپێ. نابێ ناچار بکرێن لەبەر ئەوەی دایک و باب لەسەر ئەو بڕوایەن دەبێ منداڵەکەشیان کوپیەک بێ لە خۆیان. داسەپاندنی هیچ بڕوایەک درووست نییە. ئەو مرۆڤە هەردەم وا هەست دەکا کە کۆڵێکی گران و قورس بە کۆڵییەوەیە و خوا خوایەتی هەلی بۆ بڕەخسێ و لەکۆڵ خۆی بکاتەوە. کەوایە، بێڵن با منداڵەکان ئازاد بن لە بیرکردنەوەدا. تەلی دڕودار مەکێشن بەدەور مێشکیاندا. زیانی ئێستە و داهاتویانی تێدایە. لای منداڵەکان بە خراپە لەسەر هیچ ئایین و کولتوور و ڕێبازی ئایینی و نەتەوەیەکیتر و ... قسە مەکەن. وا مەکەن کە بەتەواوی و بێ گرە و گۆڵ بڕواکەی خۆتانیان لا پیرۆز بکەن و ئیتر چاوی دیتنی هیچیتریان نەبێ. پێش بە پێشکەوتنیان مەگرن.

 بێڵن با زانیاری تەواو باش لەسەر هەموو بڕوا ئایینی و غەیرە ئایینیەکان وەدەس بێنن و پاشان خۆیان هەڵبژێرن، داخوا وەدوای چ دەکەون. ئەگەر وا بوو ئەوە  دواتر هیچ کەس ناتوانێ لەسەر بڕواکەیان دوو دڵی بخاتە نێو دڵیانەوە، بەڵام ئەگەر بەزۆرە ملی و هەڕەشە و لێدان و ... بوو ئەوە خۆ ئیتر ئەو منداڵە سەربەخۆیی خۆی لەدەس داوە و پێی دەڵێن تووتیوار. واتا، لاسایی کردنەوە. کە باسی چۆنیەتی درووست بوونی ئایینمان کرد لە مێشکی منداڵدا، باش وایە چەند نموونەیەک بخەمە ڕوو. ئەگەر منداڵێک دایک و بابی لەسەر بڕوای ئایینی یەهودی، مەسیحی، ئیسلام، یاری، زەردوشت، بوودایی، هیندویسم و ... ، بێ و دواتر بگوێزرێتەوە بۆ دەڤەرێکی دیکە و ئەو جێگە نوێیە خاوەنی بڕوایەکی دیکە بن و کولتوورێکی دیکەیان هەبێ، داخوا ئەو منداڵە هەر لەسەر بڕوایەکەی پێشوو و باب و دایکی دەمێنێ؟ بێگومان، نە، کەوایە، کاریگەری دەوروبەرەکەیەتی ئەو منداڵەش ئەوە دەبێتە بڕوا لایی و دەبێتە بەشێک لە کولتووری. لە کۆتایی ئەم کورتە باسەدا دەبێ بڵێم، یان داوا بکەم لە گشت دایک و بابە کوردەکانمان هیچ شتێک بەزۆر دانەسەپێنن بەسەر منداڵەکانیاندا، بە بڕوای ئایینیشەوە. گۆڵی هیچ کەس و کەسانێک نەخۆن کە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا دەبیننەوە تۆ و ڕۆڵەکانی ئێوە  وەدوای خۆیان بخەن، با بە هەر زمانێک و لە هەر جلوبەرگێکدا بێ .

 خۆتان بیر بکەنەوە و پێ بە پێی وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا پێشکەون. بەو هیوایە ئێمەی کوردیش چیتر وەدوای بڕوای بێ بنەوا و شتی زیان گەێن نەکەوین  و ژیرانە بیر بکەینە وە و منداڵەکانمان فێری بیری پێشکەوتوانە و زانستیانە بکەین. لە بیرکردنەوەیاندا پێشیان پێ نەگرین، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەزموونە باشەکانی خۆمان بێبەشیان نەکەین و ڕێنوێنی بەسوودیان بەکەین. زۆر بە شەهامەتەوە لە هەڵە و کەم و کۆڕییەکانی خۆمان ئاگاداریان بکەینەوە، تا ئەوانیش وەک ئێمە تووشی ئەو هەڵەیانە نەبنەوە. ئاماژە کردن بۆ هەڵەکان، نیشانە قارەمانێتی و تێگەیشتنە، نەک شکست و داماوی.

مەجید  پاڵانی، نۆروێژ

٢٥/٧/٢٠١٢



Qadirzada.com © 2009. All rights reserved