باشە چارەمان چییە؟

لەم ڕۆژانەدا گوێم لە کرتە ڤیدۆیەک دەگرت، کە باسێکی مێژووی دەگێڕایەوە. ئەو باسە ڕاست کۆمەڵگەی خۆشمانی دەگرتەوە ـ کۆمەڵگەی کوردەواری ـ منیش لەبەر گرنگی ئەو باسە پێم جوان بوو لێرەدا بیخەمە سەر لێنووس، بەڵکەم خوێنەرانێک کەڵکی لێ وەرگرن. کورتەی باسەکەش بەم شێوەیەیە بوو:

وڵاتی چین.

دەگێڕنەوە، کە چینییەکان لەدێر زەمانەوە شوورەیەکی ـ دیوار ـ مەزنیان بەدەور چیندا کێشاوە لەبەر ئەوەی لە هێرش و پەلاماری دوژمنان بیانپارێزێ، بەڵام ، بەداخەوە لەماوەی سەد ساڵدا سێ جار تووشی هێرشکرانە سەر بوون و هەرجارەش هێرش دەکرایە سەریان، دوژمنەکانیان بۆ هاتنە ژوورەوەی خاکی چین، پێویستیان بەوە نەبوو بەسەر دیوارەکەدا بپەڕنەوە، بەڵکوو بەرتیلیان دەدایە دەرگاوانەکان و خۆیان دەکردە ژووردا. چوونکە چینییەکان شوورەی مەزنیان بەدەوری چیندا کێشابوو، بەڵام دەرگاوانەکانیان لەبیر کردبوو.

درووست کردنی کەسایەتی بۆ مرۆڤ گرنگترە لە درووست کردنی دیواری مەزن. کەوایە، ئێمە نازانین خێزان درووست بکەین. کێشەکە ئەوەیە، خانوو هەیە خێزانی تێدا نییە و خێزانیش هەیە خانووی نییە. لەهەمان کاتدا، کۆشکی زۆرمان هەیە خێزانی هەڵوەشاوەی تێدا دەژی. هەروەها کۆشکی زۆر مەزنیشمان هەیە کێشە و ئاڵۆزی و ناخۆشی تێدایە. کێشەکە پێوەندی بە پارە و پوڵ و ئاستی خوێندەواری و کۆمەڵایەتییەوە نیە.

وتەیەک هەیە ئێژێ

" ئەگەر ئەتەوێت شارستانیەت هەڵوەشێنیتەوە، سێ ڕێگە بگرە بەر: تێکدانی خێزان، تێکدانی سیستەمی پەروەردە و خوێندن و سووک کردنی زانا و ڕۆشنبیرەکانی کۆمەڵ:

بۆ تێکدانی خێزان دەبێت ڕۆڵی دایک لە خێزاندا کەم بکەیتەوە، تا وای لێبێ لەخۆی شەرم بکا و خۆی بەکەم بزانێ و هەمیشە خۆی بە ژنی ناو ماڵ بە ئەژمار بێنێ. ـ بەداخەوە، وەک زۆربەی کۆمەڵگەی کوردەواری ـ بۆئەوەش پەروەردە تێک بدرێ، مامۆستا بکە ئامانج. هیچ بەها و ڕێزێکی لەناو کۆمەڵگەدا بۆ مەهێڵەوە، تا وای لێبێت خەڵک بەچاوی سووکەوە تێی بڕوانن. قوتابیەکانی ڕێزی لێ نەگرن و بە چاوی بێزاری و ڕقەوە تماشای بکەن.

بۆئەوەی نموونە و ڕەمزەکانی کۆمەڵگە کەم بکەیتەوە، ئەوا ڕۆشنبیر و زاناکانی کۆمەڵگە بکەرە ئامانج.

وایان لێ بکە کاتێک قسە دەکەن، خەڵک گومان لە وتەکانیان بکات. بەها و نرخیان کەم بێتەوە و ... ، تا وایان لێ دێت کەس وەدوایان نەکەوێت.

هەرکاتێک دایکە هۆشیارەکانی کۆمەڵگە نەمان، زانا و ڕۆشنبیرەکانی کۆمەڵگە بێ نرخ و سووک کران، ئیتر کێ بێت پەروەردەی نەوەکانمان بۆ بکات؟!

باشە ئیر چارەسەرمان چییە؟

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved