لەوە خەم داتاننەگرێ، کە ڕۆڵەکانتان هەردەم گوێتان بۆ ناگرن، خەم بۆ ئەوە بخۆن، هەمیشە گوێتان بۆ بگرن و وەک ئێوە بکەن.

زۆرجار بیستومانە، کە کورد وتوویەتی "گەورە ئاو دەڕێژێ و بچووک پێی تێدەخا" ئەو وتەیە بە وتن کەم و بەواتا، زۆر شت دەگەێنێ. زۆرجار دەبینین

و دەبیسن لە لایەن هێندێک لە دایک و بابەکانەوە گلەیی و گازەندەی ئەوە لە ڕۆڵە گەنجەکانیان دەکەن، کە گۆیا لەزۆر شتدا، یان بە گشتی بە قەوڵیان

 ناکەن و هەرچی ئەوان دەیەڵێن، ڕۆڵەکانیان لێی لادەدەن، یان کەم ملیان بۆ ڕادەکێشن. ئەمە لە دۆخێکدایە، کە چاوەڕوانی باب و دایکان بە پێچەوانەوەیە

 و دەیانەوێ بە موو لە ئاکار و کردارەکانی ئەوان لانەدەن.

وەک دەزانین، کات و سات و سەردەم و هەل ومەرجی خۆپێگەیاندن  و ئامێری فێرکردن و بگرە داب و نەریت و  بێگومان جیاوازی تەمەن و دەیان و

 سەدان شتی دیکە ی بەرەی باب و دایکان لەگەڵ ڕۆڵەکانیان جیاوازی هەیە و ئەم ڕاستییەش نکۆڵی لێناکرێ. کەوایە، هەر بەو پێیەش دەبێ هەڵس و

 کەوتەکانی دایک و بابەکان لەگەڵ ڕۆڵەکانیان بگۆڕدرێ. نابێ و ناکرێ، هەرچی ئەوان کردوویانە، یان دەیکەن، ڕۆڵەکانیشیان هەروا بن. نابێ گلەیی و

 ترسیان لەوە هەبێ، کە ڕۆڵەکانیان وەک ئەوان بیر ناکەنەوە، وەک ئەوان ناپۆشن، وەک ئەوان ناخۆن، وەک ئەوان مووی سەر و ڕیشیان درووست

 ناکەن و ... هتد. بەپێچەوانەوە ئەگەر وا بن، ئەوە خراپ دەردەچن، واتا، کۆمەڵگە هیچ پێشکەوتنێک بە خۆوە نابینێ. پێویستە ڕۆڵەکانی ئێمە پێ بە پێی

 پێشکەوتنی دونیا لە هەموو بوارەکانی ژیانەوە بەرەو پێش بچن.

گەلێک پێویستە دایک و بابەکانی ئێمە دان بەو ڕاستییەدا بنێن، کە هەموو شتێک نازانن و پێویستە بە دڵەوە گوێ بۆ ڕاو بۆچوونی ڕۆڵەکانیان بگرن و

 بە هندی بگرن. با بزانن، ڕۆڵەکانی ئێمەش شتی خۆیانیان پێیە، کە زۆر زۆر سوودگەێنترە لە بیرکردنەوەی ئێمە. نابێ بیانخەینە ژێر گوشارەوە بۆ

 ئەوەی هەرچی خۆمان پێمان درووستە دەبێ ئەوانیش وا بن. ئەوە بەو واتایە نییە، کە هەڵەیان نییە، بەڵێ، هەیانە. ئەوانیش وەک ئێمەی دایک و بابەکان

 هەڵەمان هەیە. کەوایە، هەڵە هەر هەڵەیە چ گەورە ئەنجامی بدا چ چووکە. بەڵام گرنگییەکە لەوەدایە، کە ئێمەی باب و دایکان دان بە هەڵەکانی خۆماندا

 بنێین بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانمان هەڵەکانی ئێمە دووپاتە نەکەنەوە.  لە ئەزموون و تاقیکراوە باشەکانی خۆمان بەشداریان بکەین و بیخەینە خزمەتیان. ئەگەر

ڕۆڵەکانی ئێمە، بە گشت ئاکار و کردارەکانیان و بیرکردنەوەکانیانەوە وەک ئێمە بن بە چاک و خراپەوە،  واتا، کوپییەک (لەبەرهەڵگرتنەوە) بن لە ئێمە،

ئەوسا دەبێ بترسین، نەک هێندێک جاریش لە زانستی سەردەم بۆ بەرەو پێشکەوتن کەڵک وەرگرن و وەک ئێمە نەکن.

لەکۆتاییدا، هیوادارم ئەم کورتە بابەتە کەڵکی بۆ خوێنەران ببێ، چ ڕۆڵەکان، چ باب و دایکانمان.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved