دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی

 

مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەندە لەمێژە، کە زۆر ئاستەمە دەسپێکی بە درووستی دەستنیشان بکرێت. لێواولێوە لە هەوراز و نشێو. پڕ بووە لە مرۆڤی چاک و خراپ. زۆر بوون مرۆڤە زانا و هەڵکەوتوەکانی نێو کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی دونیا. نووسراوە مێژوییەکانی دونیا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن، کە مێژووی ڕابردوان گەلێک شتی باش و ناباشیان تێدا بووە، کە مرۆڤ و بەرە یەک لەدوای یەکەکان کەڵکیان لێوەرگرن. میژوونووسان ئەرک و ماندوو بوونی زۆریان کێشاوە تا بتوانن ئەو بەرهەمانە بگەێننە دەستی نەوە یەک لەدوای یەکەکان. بۆیە مێژوو نرخێکی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە.

دوێنی مێژوو بوو بۆ ئێستە و ئەم چرکەیەش سبەینێ دەبێتە مێژوو. نەک تەنیا مرۆڤەکان، بەڵکوو هەموو گیاندار و بێگیانەکان، نە بە حەزی خۆیان بوو، کە ئافڕێندراون و نە لەبەین چوونیشیان بە مەیلی خۆیانە، بۆیە زۆر پێویستە مرۆڤەکان شارەزای مێژوو بن و لە هەوراز و نشێوەکانی ڕۆژگار بە سەرکەوتن و نشوستەوە، بە خراپەکاری و چاکە خوازییە و ... ، بزانن، تا لە کردارە دژە مرۆییەکان خۆیان بەدوور بگرن و لە خزمەت بە مرۆڤایەتی نزیک بنەوە. لەژمار نایەن ئەو مرۆڤانەی ئەوەندەی بۆیان کرابێت خزمەتیان بە مرۆڤایەتی کردووە و ئێستە لە بیر مێژوو ناچنەوە و هەتا دونیا دونیایە، مرۆڤەکانی دوای خۆیان ڕەحمەتیان بۆ دەنێرن و دەساو دەس و دەماودەم بۆ نەوەکانی دوای خۆیانیان باس دەکەن و دەگوێزنەوە. هەروەها پێچەوانەی ئەمەش لەژمار نایەن ئەو کەسانەی، کە هەر لە هۆڵی دەسەڵات و ماڵ و سامان و ... ، بۆ خۆیان بوون و ئەوەی پێیان کرابێت بە دژی مرۆڤایەتی کردوویانە، بۆیە مێژوو و مرۆڤایەتی نەفرەتیان لێدەکەن و بێزاریان لێ دەردەبڕن. کەوایە، بۆیە من یەکێکم لەو ملیۆن کەسانەی، کە هەردەم ئێژم "گرنگتر ئەوەیە، کە مرۆڤەکان دوای مەرگیان چ بە خەڵات بۆ مرۆڤەکان بەجێ دەهێڵن، لەوەی، کە چ لەگەڵ خۆیان دەبەنە ژێر گڵ"

کەوایە، با بیر و ڕەوشتە مرۆڤ پەسەندەکان لەگەڵ خۆماندا نەبەینە ژێر گڵ و ئیتر بەرەکانی دوای خۆمان نەتوانن سوودی لێ ببینن، دەبا بە میرات بۆیان بەجێ بهێلین. وەک مێژوویەکی پڕ لەسەروەری بۆیان بخەینە سەر لێنووسەکان ـ کاغەز ـ و پێیان بێژین لە کردارە جوانەکانی ئێمە و بەرەکانی ڕابردوو فێر بن و بەکاریان بێنن. هەروەها لە خراپەکاریەکانی گشت مرۆڤەکان بەدوور بن. نەکەن گۆڵی هیچ کەس و لایەنێک بخۆن لە هەر زمان و جل و بەرگ و دەسەڵاتێکی سیاسی و کولتووری و ئایینیدا بن و بێ لێوردبوونەوە ملیان پێ بدەن. ڕەوشتی بەرز و کرداری مرۆڤ پەسەند، باش و سوود بەخشە، هەرکەسێک بە هەر جڵ و بەرگ و زمان و بیر و باوەڕێکەوە ئەنجامی دابێت. پێچەوانەی ئەوەش، پێچەوانەکەیەتی.

شارەزا بوون لە مێژوو گرنگە بۆ ئەوەی ئەزموونی لێوەرگری و ئێستە بەکاریان بێنی. ئێستە کاری باشیان لەسەر بکەی، تا سبەینێ بەرەکانی دوای خۆت سوودی لێ ببینن.

هەرچەند من مێژوو نووس نیم، بەڵام ئەوەندەی چاوم بە پەرتووکە مێژوویەکاندا خشاندبێت، بۆم دەرکەوتووە، کە مرۆڤە ستەمکار و ملهوڕەکانی ڕۆژگار، نەک تەنیا بەزەییان بە کەس و کەسان و نەتەوە و گەلانی دیکەدا نەهاتبێ و بۆ مانەوەی خۆیان لەسەر دەسەڵات چیان لەدەست هاتبێت بە دژی مرۆڤایەتی کردویانە، بەڵکوو بەزەییان بە نزیکترین ئەندامانی بنەماڵەی خۆشیاندا نەهاتۆتەوە و کردویانن بە قوربانی دەسەڵاتی خۆیان. لەم کردەوە پڕ زیانەشدا، هێندە نموونەکان زۆرن، نە پێنووس دەتوانێ بیاننووسێتەوە و نە لێنووسەکانیش جێگەیان دەکاتەوە. بگرە مێژووش لە گێڕانەوەیان شەرم دەکات. ئەو ستەمکارانە لە درێژایی مێژوودا ئەو جینایەتانەیان ئەنجام داوە، لە زۆر جۆرە بیری کولتووری، ئایینی، ڕێبازی ئایینی، سیاسی و ... هتد، بۆ مرڤ کوشتن و بەلاڕێدا بردنیان کەڵیان وەرگرتووە.

شایانی باسە، ئەوەش نەبووە، کە بێژین ئەو ستەمکار و دژە مرۆیانە ئاگاداری مێژووی ستەمکارەکانی پێش خۆیان نەبووبن، بۆیە وەها هەڵس و کەوتێکیان کردبێت. ئەوە نەبووە نەزانن، کە چلۆن کۆمەڵانی بەزاڵە هاتوو لەدەس ستەمی ئەوان، چۆن ڕۆژگارێک گەلووی ئەوانیشی گرتووە و فڕێی داونەتە زبڵدانی مێژووەوە. باش زانیویانە، کە ئەوانیش بە چ دەربەدەری، کوژران، ئاوارە بوونی خۆیان و بنەماڵەکانیان بۆ هەندەران و ... هتد، بوون، بەڵام هەر سوودیان لەو مێژووە نەگرتووە و ئەوانیش یەک لەدوای یەکتر هەمان مێژوویان دووپاتە کردۆتەوە.

کە باسی مێژووی مرۆڤایەتی بەگشتی دەکەین، ئێمەی گەلی کوردیش بێبەش نین لەو مێژووە. ئێمەش خاوەنی مێژووی خۆمانین بە سەرکەوتن و نشوستەکانەوە. بە باش و ناباشەوە. بە بوونی مرۆڤی زانا و هەڵکەوتوو و گێل و گەواڵیشەوە. بە گیانی خۆ بەخش بە نەتەوە و سیخورەوە و ... تاد. بەڵام ئایا ئێمەش وەک زۆرێک لەو کەس و کەسان و گەل و نەتەوە و ... ، توانیومانە سوودی باش لە مێژوو وەرگرین و بیکەینە دەرس بۆ ئێستە و داهاتوومان؟ ئایا لە هۆی نشوستەکانمان فێر بووین، تا کەم و کەمتر تووشی ببینەوە؟ ئایا تا ئێستە دوژمنەکانمان ناسیوە تا ئیتر گۆڵیان پێ نەخۆین؟ ئایا ساویلکەیی و خۆش باوەڕی ئێمە زۆرجار نەبۆتە هۆی تیاچوون و وەداو کەوتنمان و ... هتد؟

من پێم وایە، هەموو ئەوانە و چەند هێندەی دیکەشی لەسەر بێت، بوون و بەداخەوە ئێستەش هەن. وە نەبێ ڕۆڵەکانی ئەم سەردەمەی ئێمەش ئاگاداری ئەو هەوراز و نشێوانەی مێژووی خۆمان نەبن، بەتایبەت سیاسیەکانمان. بەڵی چاکی لێدەزانن و بگرە بەدەیان جار خوێندبێتیانەوە و بۆ خەڵکانی دیکەشیان باس کردبێت، بەڵام بەداخێکی زۆر گرانەوە، سوودمان لێ وەنەگرتووە و جار لەدوای جار و بەرە لەدوای بەرە ئەو هەڵانە دووپاتە دەبنەوە و کەڵک لەو مێژووە وەرناگرین. نموونەکان زۆر زەق و بەرچاون. هێشتا نەوەی ئەم بەرەیە لە بیرمان نەچۆتەوە ولەگوێماندا دەزرنگێتەوە و موچڕ دامان دەگرێت. هیچ پێویستمان بە گێڕانەوەی مێژووی دووریش نییە.

ئەوە نەبوو پێشەوا قازی موحەممەد چلۆن گۆڵی سوێندی بەدرۆی ستەمکارانی خوارد و ڕەنجی گەلی کوردی بێوەر کرد ولە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٤ هەتاوی لەسێدارەیاندا؟ سمکۆی شکاک، کە ماوەی ١١ ساڵ سەرکەردایەتی شۆڕشێکی کوردی بە دژی ستەمکاری دەسەڵاتی ئێران بە دژی کوردان دەکرد، لەمانگی حوزەیرانی ١٩٣٠ی بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی ئێران، چلۆن کەوتە داوی دوژمنی گەل و تیرۆریان کرد؟ ئەوە نەبوو شەهید دوکتۆر قاسملوو (١٩٣٠ ـ ١٩٨٩) دوای ٥٩ ساڵ و یەک مانگ بە هەمان شێوەی سمایل ئاغای شکاک لە ڤیەننای پێتەختی وڵاتی ئوتریش لە١٣/٧/١٩٨٩، بەرامبەر بە ٢٢ی پوشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی لەگەڵ عەبدوڵا قادری ئازەر، لەلایەن دیپلومات تیروریستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چلۆن تیرۆر کران؟! ئەمە سەڕای ئەوە بوو، کە باوکی شەهید دوکتۆر قاسملوو، لەسەر کاریگەری شەهید کرانی سمایل ئاغای شکاکدا، بە ووتەی خۆی، کە باوکی پێی وتووە ـ هەرگیز باوەڕت بە عەجەم نەبێت. ئەگەر کەوتنە شەڕ لەگەڵیان یان بیانکوژن، یان دوورییان لێ بگرن ـ بەڵام سەد مخابن، شەهید دوکتۆر قاسملوو ئەم ئامۆژگارییەی باوکیشی لەپێشچاو نەگرت.

هەروەها دوکتۆر سادق شەرەفکەندی لە بەرلینی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان لە ١٧ی سبتامبری ١٩٩٢، چلۆن یەک لەدوای یەکتر گۆڵی دوژمنی خوێنڕێژیان خوارد و لەسەر مێزی ئاشتی وگەیشتن بە ئازادی، بەو جۆرە تیرۆریان کردن؟ ئەی بێژی ئەوانیش ئاگایان لە مێژووی گەلەکان بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی نەبووبێت، کە دەیان و سەدان جار کەوتونەتە داوی دوژمنان و لەبەینیان بردوون؟! ئەی بۆچ سوودیان لە مێژوو وەرنەگرت؟!

لێرەدا وتەیەکی بەنرخی پەیامبەری ئیسلام موحەممەد ـ دخ ـ وەبیر دێنمەوە، کە وتویەتی ـ مرۆڤی بەباوەڕ نابێ دووجار لەیەک کونەوە یەک مار بیگەزێ ـ بێگومان ئەم وتە بەنرخە پێش لەوەش لەلایەن کەس و کەسانی زانای جیهانییەوە وتراوە. گرنگ ئەوە نییە کێ وتویەتی، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە وتەیەکی جوان و پڕ نێوەڕۆکە و دەبێ مرۆڤەکان هەتا هەتایە سوودی لێ وەرگرن. هەروەها وتەیەکی جوانی عەرەبیشم بیستوە، کە ئێژێ "من جرب المجرب حلت لە ندامة" واتە، هەرکەسێک بیەوێت تاقیوەکراوێک تاقیکاتەوە، پەشیمانی پێدەمێنێت. بەداخەوە ڕۆڵەکانی ئێمە لە درێژایی مێژوودا بەدەیان و سەدان و بگرە هەزاران جاریش دوژمنەکانمان گەزتویانین و بە فرت و فێڵ گۆڵیان داوین، بەڵام ئێمە هەر لە بیرمان دەچێتەوە و هەر دەکەوینە داویانەوە. یان بەسەدان جار فرت و فێڵی دوژمنەکانمان بۆ تاقی کراوەتۆ، بەڵام هەر لێیانەوە فێر نابین و دوای لێقۆمانمان پەنجەی پەشیمان بوونەوەمان دەگەزین، کە هیچ سوودێکی بۆمان نییە.

لەکۆتاییدا ئێژین: دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی گرێدراوی یەکترن.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved