دین و سیاسەت

پرفسۆر، دوکتۆر "نەسر حامد أبو زەید" ئێژێ ـ لەدوای ئەوەی دینەکان گۆڕان بەلای سیاسەتدا، لەلایەن دەسەڵاتداران و ئیمپراتۆرەکانەوە، دینیان بەکار برد بۆ کێشە ناوخۆی و دەرەکیەکان، چ لەگەڵ خۆیان، چ لەگەڵ پێڕەوانی ئایینەکانی دیکە. لێرەدا پێویستە جیاوازی لەنێوان دینەکان بە گشتی و ئیسلام بەتایبەتی بکەین. بۆیە دەبێ ئەمە دابەش بە سەر سێ قۆناخدا بکەین:

ـ یەکەم، قۆناخی ئیمان. ئەمە بەواتای باوەڕێک، کە کەسەکە هەیەتی.

ـ دووەم، ڕاگوێزتنی ئیمانە بۆلای عەقیدەکان. ئەمەش لە عیلمی کەلامدا باسی لێوە کراوە و ئێمەش باش دەزانین، کە جیاوازیەکی یەکجار زۆر لەم بوارەدا دەبینرێت.

ـ سێیەم، لادانی دینە بۆلای دامەزراوە سیاسی، سەربازی، کولتووری، ئایینی و ... ، کان. ئەو کاتەی دین لایدا بۆلای ئەمانە، ئیتر ئیماندار ئازادییەکەی خۆی لەبیرکردنەوەدا لەدەست دەدا و دەسەڵات زاڵ دەبێ بەسەر دیندا. پاشان دەسەڵات زاڵ بوو، ئیتر دەبێ پێی بێژین یاریکردن بە دین. بەکاربردنی دین وەک سووتەمەنی بەڕێوەبردنی سیاسەت و ئیتر دینێک نامێنێ و دەسووتێت ـ .

وەک تا ئێستە بینرواوە و بیستراوە، دین و بڕوا ئاینییەکان بە هەموویانەوە، بەهێزترین هێزی پاڵپێوەنێری مرۆڤەکان بووە، بۆیە لە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەسەڵاتداران و حاکمانی جیهانی باوەڕە ئاینییەکانیان کردۆتە کەرەستە بۆ گەیشتن بە هەدەفە سیاسیەکانیان. نکۆڵی لەم ڕاستیەش ناکرێ، زۆرجار ستەمکاران و بەرژەوەندی خوازان لەبیری ساویلکەی خەڵکانێک بە قازانجی خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە، ئاگەرەکەیان خۆش کردووە و ئەوانیان کردۆتە سووتەمنی ئاگرەکە. بەدانی بەهەشتی بەڵێن پێدراوی نادیار دڵخۆشیان کردوون تا خۆیان بکەنە قوربانی دەسەڵاتی حاکمان و فێڵبازانی سەر گۆی زەوی.

بەناوی ئەوەی، کە ئەوان نوێنەری خوان لەسەر زەوی و لادان لە فەرمانی ئەوان لادانە لە فەرمانی خوا، بەهەزاران مرۆڤی بێتاوانی هەژاریان کردۆتە قوربانی دەسەڵاتە ستەمکارانەکەیان. خەڵک دەکوژن و ئێژن "الله أکبر" واتا، ئەمە دەستووری خوایە ئێمە ئەنجامی دەدەین. بەهەر شێوەیەک مەیلیان لێبێت، تای تەرازوی دینەکە بەلای خۆیاندا دەشکێننەوە. بەهەر جۆرێک سوودی خۆیانی تێدا ببیننەوە، ووتە پیرۆزەکان واتا لێدەدەنەوە. قسەی ئەم ئیمام و ئەو ئیمام زادە دەکەنە بەڵگەی ئەنجامدانی تاوانەکانیان و پاساویان پێ دێننەوە. بەگرتنەبەری سیاسەتی "ئاژاوە بگێڕ و حکومەت بکە" هەزار و یەک دین و ڕێبازی ئاینیان درووست کردووە.

 هەزار و یەک دەستە و گروپێکیان ساز کردووە تا پشتیوانی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانیان بکەن. هەزاران ساڵە کەس و کەسانێک لە ئیمام و ئیمام زادەکان لە شەڕی ناوخۆی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دونیایی خۆیان یەکتریان کوشتووە، ئێستەش بۆیان دەدەن بە سنگدا. بەلایەنگری ئەم و ئەو هانی خەڵک دەدەن، تا خۆیان بتوانن دەسەڵاتەکەیان بەردەوام بێت. پێڕەوانی شافعی، حەنەفی، مالکی و حەنبەلی دەدەن بە گژی یەکتردا. پێڕەوانی ئەمانەش دەدەن بە گژی شێعەدا و بە پێچەوانەشەوە. هەموو ئەمانە دەدەن بە گژی یەهودی، مەسیحی، یاری، زەردوشی و ... ،دا، و بەپێچەوانەشەوە. بەناوی دینەوە گشت مرۆڤەکانیان کردۆتە دوژمنی یەکتر. ئەوەی بیەوێ نزیک ئەم کێشانە نەبێتەوە و سەرفراز بژی، تاوانی دژە دینی و کافر و لەدین دەرچوو و ... ، دەخەنە پاڵ، تا لە کۆمەڵگە دایبڕن.

بەهەزاران ساڵە ئەم بیرۆکەیە تاقی دەکرێتەوە، جگە لە زیان بۆ مرۆڤەکان بە گشتی هیچ سوودێکی بەدواوە نبووە. ئیتر بۆچی لەیەکیان جیا نەکەینەوە.

 

مەجید پاڵانی

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved