ئەونە گلەییم هەس بەلای خواوە، ساتێک بەبێ خەم سەرم نەنیاوە.

زۆرجار لەم و لەو دەبیسم و دەبینم، چنگ بەرەو ئاسمان بەرز دەکەنەوە و گەلەیی و گازەندە و دەردەدڵەکانی خۆیان، ڕووبەڕوی خوا دەکەنەوە. زۆرتر کاتێک ڕوداوێکی تاڵ و دەڵتەزێن بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی کوردا دێت،ـ دیارە مێژووی گەلی کورد لێواولێوە لە کارەساتی مەرگ بارـ بۆ دەربڕینی هەموو سکاڵا و داواکانیان، هیچ پەناگایەک شک نابەن لەوە نەبێ داوا لە خواکەیان بکەن، یارمەتیدەری گەلی کورد بێ و ڕۆڵە گیانلەسەر دەستەکانیان لە دەستی شەوپەرەستان بپارێزێ.

کورد هەرداوا دەکا و خواش هەر ئێژێ "ادعونی أستجب لکم"واتا، بانگم بکەن، وڵامتان دەدەمەوە. ئیتر ئەم وڵامەمان کەی دەداتەوە، نازانم.

وەک دەبینین و دەبیسن، ئەوانەش کە خوێنی کورد بە حەڵال دەزانن، چ لە کۆن و چ لە نوێدا، بەڵگەی ڕەوایی کوشت و بڕ و سەربڕینەکان بە وتەکانی هەمان خوا دێننەوە، کە ستەملێکراوانی جیهان بە گشتی و کوردان بەتایبەتی، هاواری تێدەکەن.

بەڵگەکان لە قورئاندا یەکجار زۆرن، هەم بە دانی ڕەوایی لەسەر کوشت و بڕەکان و هەم بە ناڕەواییش. بێگومان دەستی کەڵک وەرگران لە هەردوو بەشە بەڵگە ئایەتییەکان ئاواڵەیە و چۆن بیانەوێ، وا کەڵکی لێوەردەگرن.

لێرەدا چەند نموونەیەک لە هەردوو شێوە پەیڤینەکە دەخەمە ڕوو و بە خوێنەریش ئێژم خۆتان بڕیار دەرن. بەڵام وەک خۆم لەگەڵ ئازار و کوشتن و بڕین و خۆتەقاندنەوە و ... ، نیم، بە هەر ناو وزمان و جل و بەرگێکەوە بێت.

نموونەکان:

الأنفال ٦٠، البقرة ١٩٢، النساء ٩٥، النساء ٧٥، الأنفال ١٢،١٥، ١٦. التوبة ٤، التوبة ٢٨، محمد ٣، الرحمان ٧٢-٧٤، التوبة ١١١، آل عمران ١٦٩ و ... هتد. هەموو ئەم ئایەتانە مشتێک بوون لە خەرواری ئەو ئایەتانەی ڕەوایی بە کوشتنی بێبڕوایان بە هەرجۆرێک دەلوێ، دەدەن (بەقەوڵی ئەو باوەڕدارانەی کەڵک لەم شێوە ئاخافتنەی ئەم ئایەتانە وەر دەگرن) بە کورتی و بە پوختی، لە نزیک ئەو ٦٠٠٠ ئایەتی قورئانە، نزیکەی ٤٣ ئایەتی سەبارەت بە کوشت و بڕ دەدوێ. نزیکەی ٩ ئایەتیشی سەبارەت بە دەسکەوتی شەڕەکانە (غنیمة)

لەبەر درێژ نەبوونەوەی نووسینی ئەم کورتە بابەتە، تەنیا ئاماژەم بە ناو ونیشانی ئایەتەکان کرد، با خوێنەر زۆرتر بەدوادا چوونی بۆ بکات.

نموونەکانی دیکە و بە بارێکی دیکەدا:

   البقرة ٢٥٦، الکهف ٢٩، هود ١٢١، نحل ٨٢، الکافرون ٢، ٣، ٤ و ٥ و ... تاد.

نموونەکانیش لەم شێوە ئاخاوتنانە و ناڕەوایی داسەپاندنی بیروباوەڕ بەسەر کەسانی دیکەدا، کوشتنی بە ناڕەوا، ستەمکردن، ئازاردانی خەڵک و ... ، لە ئایەتەکانی قورئاندا ئاماژەیان پێکراوە و هەڕەشە لە بکەرانی دەکا.

لەهەردۆخدا، ئەگەریش ئەو پرسیارە بکرێ، کە جیاوازی شێوە پەیڤینی ئایەتە مەککی و مەدینەییەکان جیاوازیان پێوە دیارە، بەڵێ، ڕاستە. لە نزیک ١١٤ سورەی قورئان ٨٨ سورەی لە مەککە و ٢٦ی دیکەشی لە مەدینە دابەزیون ـ لەسەر بڕوای باوەڕدارانی پیڕەوی ئایینی ئیسلام ـ

ئەمەش لە خۆیدا باسێکی دیکەیە و لە هەگبەی ئەم کورتە بابەتەدا جێگەی باس لێوەکردنی نابێتەوە.

ئەوەی زۆرتر منی هاندا ئەم کورتە بابەتە بنووسم، ئەوەیە داوا لە گەلی کورد بە گشتی بکەم، لەسەر هەر بیرو باوەڕێکی ئایینی، ڕێبازی ئایینی، سیاسی، جیاوازی زاراوە و ...، بن. تەڕ و وشک پێکەوە مەسوتێنن. هەموو شتێک مەخەنە ئۆباڵی خوا. هەرچی دەکرێ و دەوترێ، گشتی مرۆڤەکانن ئەنجامی دەدەن. وەرن با بە ڕێزەوە بڕوانینە پێڕەوی گشت ئایینەکان وهەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری و بێڕێزی بە کەس نەکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو شتێکیش پەسەند و قەبوڵ نەکەین. هەموو نووسراوەیەک لە جێی خۆی، ئەوەی بۆ ئێمەی کورد گرنگە، پاراستنی خاک و نیشتمانە دابەشکراوەکەمانە. نە پەنجە بۆ مافی کەس بەرین و نە قەبوڵ بکەین هیچ کەس و لایەنێک مافمان ژێرپێ بکا.

ئیتر با بەس بێ، گلەیی و گازەندی بێ سەمەرە. یەک بوونمان زامنی سەرکەوتنمانە. کەی خوا بە کوردی وت لە دوژمنەکانت غافڵ بن. مەگەر نەمان بیستووە، "هیچ مرۆڤێک نابێ دووجار لە کونێکەوە مارێک بیگەزێ"؟

ئەوە لە درێژایی مێژوودا دوژمنانی جۆراوجۆری ئێمە هەر جارێک بە ناوێک و بە کەڵک وەرگرتن لە جۆرە کەرەستەیەک، دەمان کوژن، دەربەدەرمان دەکەن، دەستوری جیهادمان بەسەردا دەدەن و ... .

کەوایە، ئیتر گلەیی خۆمان، لەسەر خۆمانە، نەک لە خوا.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ. ١/٢/٢٠١٥.

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved