گۆڕان، نەک دۆڕان

لەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتیدا بە دوور و نزیکییەوە، لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، هزری، کولتووری، ئایینی، جوغرافیایی و ... هتد، گۆڕانکاری پێک هاتووە و ئەم ڕەوتە هەربەردوامیش دەبێ. ئەگەر بەچاوی بینی ڕاستییەکان و بە گوێی بیستنی دروستییەکانەوە بڕوانین و ببیسین، مێژووی هەلسوکەوتەکانی مرۆڤایەتی بە گشت جۆرەکانییەوە، دەبێ دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە مێژوو شەرمی لەکەس نییە و هەموو شتێک تۆمار دەکا.

جاروبارە لەگەڵ هندێک کەس بەرەوڕوو دەبم و سەبارەت بە ئەرکە کۆمەڵایەتییە ڕۆشنبیرییەکان دەکەومە ئاخافتن، بەداخەوە ژمارەیەک لە هاونیشتمانەکانم ئەوە بە ئەرکی خۆیان نازانن و لەو وڵامدا دەڵێن "دونیا بە من ناگۆڕدرێ" منیش لە وڵامیاندا دەڵێم "منیش دەتوانم دڵۆپێک بم لە دەریای پێکهێنەرانی ئاڵوگۆڕەکان"

هەروەها درێژەی پێدەدەم و دەڵێم "تاکەکانن دەبن بە کۆمەڵ"

"هەزار لە یەکەوە دەستپێدەکا"

کەوایە، بە ڕای من، ئەوە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی کۆمەڵی کوردەوارییە، بەپێی لێزانی و هەستکردن بە ئەرکی نیشتمانی کۆمەڵگا بەرەو ڕۆشنبیری بەرێ. نابێ لەوە سڵ بکاتەوە کە لە لایەن هندێک کەس و کەسانی ناڕۆشنبیرەوە لۆمەی دەکرێ، دەخرێتە بەر تانەو تەشەر، یان بگرە هەڕەشە و جنێوپێدرانیشەوە، چوونکە لە کۆمەڵگەیەکی لەدواکەوتووی ڕاگیراودا، دەبێ کەسی ڕۆشنبیر ئەو چاوەڕوانییەشی هەبێ، دەنا ناتوانێ هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری لە نێو خەڵکەکەیدا هەڵگرێتەوە.

 وەک دەبینین و دەخوێنینەوە و دەبیسین، هەموو بوارەکانی پەروەردەیی کۆمەڵایەتی، ئایینی، ئابووری، کولتووری و ،،، تاد، گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کەوایە، ئێمەی کۆمەڵی کوردەواریش پێویستە پێ بە پێی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانی بچینە پێش و ئاڵوگۆڕە زانستییەکانی سەردەم پەسەند بکەین و ملی پێ بدەین، دەنا لە کۆمەڵگەی جیهانی دوا دەکەوین.

ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە درێژایی مێژووی ئایینیدا بە هەموو یانەوە، چ ئایینەکانی یەکخوا پەرەستی و چ ئەوانی دیکەش، بەسەدان و بگرە هەزاران لێکۆڵەر، موفەسیر، شیکار و چی و چی لەسەر گشت پەرتووکە زەوینی و ئاسمانییەکان واتای جۆراوجۆریان لێداوەتەوە وتەنانەت زۆرجاریش لێدانەوەکانیان یەکناگرێتەوە و بگرە دژایەتیش لە نێوانیاندا دەردەکەوێ. دەبێ دان بەو ڕاستییەشدا بنێین کە زۆرجار بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی لە لایەن بەناو پارێزەری ئایینەکانەوە، کەڵکی خراپ لەو پەرتووکانە وەرگیراوە و تای تەرازووەکەیان بەلای بەرژەوەندیخۆیاندا قورستر کردووە. زۆرجار لەجلوبەرگی جۆراوجۆری ئایینی و بە زمانی جۆراوجۆر هەوڵیان داوە ژمارەیەک مرۆڤی ساویلکەی خۆشباوەڕ بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و کەڵک لە دڵپاکییان وەرگرن.

بەڕای من، دەبێ ئێمەی تاکی کورد بە جۆری ئەمڕۆیی و بە پێی زانستی سەردەم واتا لەو پەرتووکانە بکەینەوە، بەواتایەکی دیکە، شێوەی تێگەیشتنی ئەمڕۆیی زۆر جیاوازە لە شێوە تێگەیشتنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، چوونکە پێشکەوتنی ئامێرەکانی گەیاندن و فێرکردن و بارهێنانەکانی ئەمڕۆ بە هەزارانجار فەرقی کردووە. خراپ لێم تێمەگەن، ئەمە بەواتای رەدکردنەوەی نووسراوەکانی پێشوو نییە، بەڵکوو جۆری لێکدانەوەی ئەمڕۆییە بە پێی پێشکەوتووی تینۆلۆژیای سەردەم.

کەوایە، مەبەستم لە گۆڕانی زانستیانەیە کە سوود بە کۆمەڵگەکەمان بگەێنێ، نەک گۆڕانی بەرەو دۆڕان کە زیانمان پێ بگەێنێ.

پێویستە بە چاوێکی کراوەوە تماشای ڕابردوومان بکەین، ئەوەی کە زیانی بە بەرەکانی ڕابردوومان گەیاندووە، ئێمە دەبێ وەلاینێین، ئەوەش کە سوود بەخش بووە دەبێ دەرسی لێوەرگرین و نەوەکانی دوای خۆمانی پێ فێرکەین. نابێ هەوڵی ئەوە بدەین کە منداڵەکانمان کوپییەک بن لە خۆمان بە هەموو چاک و خراپەکانەوە. زۆر پێویستە پەنجە لەسەر هەڵە و کەموکۆڕییەکانی خۆمان دابنێین، تا منداڵەکانمان بتوانن دووری لێگرن.

لەکۆتاییدا، هیوادارم ئەم کورتە نووسراوەیە جێگەی ڕەزامەندی خوێنەران بێ.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

٢٩/٧/٢٠١٣

Qadirzada.com © 2009 - 2013. All rights reserved