جیاکردنەوەی ڕەگەزی نێرینە و مێینە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و... کاندا، بۆچی؟!

لە زۆر نووسراوە و کۆڕ و کۆبوونەوەدا، لەڕوانگەی هێندێک لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانەوە باسی بە پلە دوو تماشاکردنی ژنانم کردووە و لێرە ناچمەوە سەری. بەڵام هەر لەو ڕوانگەوە دەبینی، کە لە هێندێک لەو کۆمەڵگایانەدا، بە کۆمەڵی کوردەواریشەوە، نەک تەنیا لە کۆڕ و کۆبوونەوە و جێگە عیبادەتەکاندا، کۆڕی ژنان و پیاوان لە یەک جیا دەکەنەوە، بەڵکوو لە هێندێک لە ماڵەکانیشدا ئەم کارە دەکرێ. ژنان دەبێ لە پشتی پەردەوە/ دیوار (حجاب) لەگەڵ پیاوانی نامەحرەم بدوێن. هەرچەند ئەم بۆچوونە دژە ژنانە لە کولتوورەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام مۆرکی ئایینیشی پێوە لکاوە و لادان لەم یاسا کولتووری/ ئایینیە، ملپێچی کەرەکەی تووشی سزای کۆمەڵایەتی و خوایی دەبێتەوە. لەوانەیە بڕوادارانی پێڕەوی ئایینی ئیسلام بەڵگەیان ئەو ئایەتی ٥٣ لە سورەی الأحزاب بێت.

شایانی باسە، دوای کۆچەکەی پەیامبەری ئیسلام(دخ) لە مەککەوە بۆ مەدینە، لە ساڵی پێنجەمی کۆچیدا بڕیاری بەکارهێنانی سەرپۆشی ژنان لەلایەن پەیامبەرەوە بە پێویست ڕاگەیەنرا. ئەم بڕیاردانەش بۆ هۆکارێکی تایبەت دەگەڕێتەوە. ئێستە دوای خستنەڕووی ئایەتەکە، هۆکارەکەیشتان بۆ دەخەمە ڕوو.

"ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەماڵەکانی پەیامبەر مەچنە ژوور، مەگین بۆ ژەمێکی خواردن بانگ کرابن، ئەگەر چووشن، نابێ کاتێکی وا بچن ئەو ژەمە خواردنە ئامادە نەبووە. هەر ژەمە نانەکەتان خوارد بەڵاوە بکەن و خۆ بەقسەکردنەوە خەریک مەکەن. ئەم کارەتان پەیامبەر ئازار دەدا. لەبەر ئێوە شەرم دەکا دەنگتان بدا. خودا لەقسەی ڕاست شەرم ناکا. هەرکاتێکیش داوای شتێک لە ژنەکانی ناوماڵ دەکەن، لەپشت پەردەوە بخوازن. ئەم کارە لە دڵپاکی ئێوە و ئەوانیش نزیکترە. نابێ پەیامبەری خودا لە ئێوە ئازار ببینێ، ناشبێ دوای ئەو ـ تاهەتایە ـ ژنەکانی مارە بکەن، کە ئەم کارە لای خودا گوناهێکی زۆر گەورەیە" الأحزاب ٥٣.

هۆی دابەزینی ئەم ئایەتە ـ لەسەر بڕوای باوەڕدارانی پێڕەوی ئایینی ئیسلام ـ چ بوو؟

"ئەنەس"ی کوڕی "مالک"، کە لە یاوەرە نزیکەکانی پەیامبەر بوو، هۆی دابەزینی ئەو ئایەتە بۆ ئەوە دەگێڕیتەوە، کە پەیامبەری ئیسلام بۆ شەوی زەماوەندەکەی لەگەڵ "زەینەب" کچی "جحش" میوانداری خەڵکانێکی زۆری کردبوو. بۆئەو مەبەستەش، ئەنەسی کوڕی مالکی داسپارد بوو، تا ئەرکی بانگهێشتنەکەیان بە ئەستۆ بگرێ. خەڵک پۆل پۆل دەهاتن لە ماڵی پەیامبەر نانیان دەخوارد و هەڵدەستان دەچوون، بەڵام سێ کەسیان تا درەنگانێکی شەو لەبەر گەپ و گاڵتەی خۆیان هەڵنەسان. پەیامبەریش کەسێکی زۆر بە حەیا و بەشەرم بوو، هیچی پێیان نەدەووت. پەیامبەر سەردانی ئەو ژنەکانی کرد و سەلامی لێیان کرد و گەڕایەوە بۆلای زەینەب. لەبەر ئەو بار و دۆخە زۆر ناڕەحەت بوو، سەرەنجام کابران ڕۆیشتن. پەیامبەر لە نێوان ژوورەکەی زەینەب و ئەنەسدا، پەردەیەکی دادا و بەدەم چوونەژوورەوەی بۆ ژوورەکەی زەینەب، ئەو ئایەتی ٥٣ لە سورەی الأحزاب،ی خوێندەوە.

زیانی لەیەک جیاکردنەوەکانیان چییە؟

ـ لەبەر ئەوەی لەو کۆمەڵگایانەدا پیاوان زیاتر لە ژنان هات و چۆ، ئازادی سەردان، سەفەرکردن، بازرگانی و گەڕان و ... ، دەکەن، بە بەراوەرد لەگەڵ ژنانی ئەو کۆمەڵگایە، شتی زۆرتر دەبیسن و دەزانن. جا لەو بارەوە ژنان لەوانە بێبەشن. بۆیەش دەبێ هەر بەو پێیە چاوەڕوانی فێر بوون و زانستیان لێبکەین.

ـ کە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و جێگە گردبوونەوە گشتیەکان کەم بەشدار کران، یان هەر بەشداریان پێنەکرا و گوێبیستی وتار و شتە زانستیەکان نەبوون، بێگومان هەر لەو دواکەوتویەدا دەمێننەوە و فێر نابن. کەوایە لەو بارەشەوە زیانێکی مەزنیان پێدەگا.

ـ لەو جێگە گشتی و بنەماڵانەدا، کە ڕیزی پیاوان و ژنان لەیەک دەترازێن، چاو لە چاو و ڕوو لە ڕوو نین، بەو شێوەیەی پێویستە کەڵک لە زانستەکانی یەکتر وەرناگرن، بەتایبەت لەو بارەشەوە ژنان زۆرتر لەو سوودە بێبەشکراون.

ـ خراپتر لە هەموو ئەوەیە ئەو ژنانە ئیزن بە خۆیان نادەن، کە لەگەڵ میوانە پیاوەکانیان دابنیشن و وتووێژ بکەن و هەردوولا لەیەکتر فێری زانستی جۆراوجۆر ببن. دیارە زۆربەیان بیانووەکەیان ناڕەوا بوونە ـ حەرام ـ لە ڕوانگەی شەرعی ئیسلامەوە. لە یەکێک لە نووسراوەکانمدا بەناوی "ژن و ژیان" ڕوونکردنەوەم لەو بارەوە نووسیوە، بۆیە لێرەدا ناچمەوە سەری.

ـ هەرچەند من پزیشکی دەروونناس نیم، بەڵام بە ئەزموون بۆم تاقی بۆتەوە و لە زۆرێک لە خودی ژنەکانیشم بیستووە، کە کاتێک لە جێگە گشتی و کۆڕ و کۆبوونەوە و بنەماڵەکاندا، بەجیا دایان دەنیشینن و چاو لە چاو و ڕوو لە ڕوو نین لەگەڵ کۆڕی پیاوان، هەست بە خۆ بە کەم زانین و بە مرۆڤی پلە دوو و سێ بە ئەژمار هێنان بە ئەژمارمان دێنن. من لەو بڕوایەدام، ئەگەر لە ناخی خودی ژنەکان بپرسی، خۆیان بەو شێوە کردارەی خۆیان ڕازی نین. بەڵام کۆمەڵگە و عەیبە عەیبەی ئەو کۆمەڵە دەیانخاتە ژێر گوشارەوە و ناچاری یاسای ئەو کۆمەڵگە دواکەوتوانە دەبن، کە ملی پێبدەن.

ـ لەبەر ئەوەی لەو کۆمەڵە لە دواکەوتووی ڕاگیراوەنەدا، هەم ڕەگەزی نێرینە و هەم ڕەگەزی مێینە ئەوەندە بەربەستی کولتووری/ ئایینی و کۆمەڵایەتی و ... ، بۆ پێک دێنن، ناتوانن پڕ بە چاوی خۆیان تماشای یەکتر بکەن، ئیتر بۆیە هەردوولایان زۆر چاو برسی پەروەردە دەبن. کاتێک هەرکامیان دەگەن بەوی تریان، حەز دەکەن هەموو گیانیان ببێ بە چاو و پڕ بە چاوەکانیان یەکتریان پێ ببینن، بەتایبەت ڕەگەزی نێرینە بۆ مێینە. جا ئەگەر لە کاتی بەیەک گەیشنیان بەیەکتر، زۆر زۆر زەق تماشای یەکتر دەکەن، ئەوە هۆکارەکەیەتی. دەبا وەک مرۆڤ بڕواننە یەکتر، نەک وەک گورگ و مێ ـ مەڕ ـ ، بنزین و ئاگر، دۆست و دوژمن و ... هتد.

ـ نکۆڵی لەو ڕاستیەش ناکرێت، ئەگەر کەم و زۆر لێرە و لەوێ بەڕێژەیەکی زۆر کەم، ژنان لەکۆڕ و کۆبوونەوە و میوانداری بنەماڵە و ... ، لەگەڵ کۆڕی پیاواندا بەشدار بووبن، زۆرجار هەزار و یەک پرسیار، پێشنیار و ڕخنەیان لە دڵی خۆیاندا حەشار داوە و لە ڕوویان نەهاتووە ئاشکرایان بکەن و دەردە دڵەکانیان بێننە گۆڕ. زۆرجار ئەوەندە پرسەکانی نێو دڵیان کەڵەکە بووە و شاردویانەتەوە، لەبەر خۆیانەوە و لەگەڵ دڵ و مێشکی خۆیاندا باسیان کردووە، کە ئەمەش هیچ چارەسەرێک نییە. کەوایە، بۆ کردنەوەی ئەو گرێ کوێرەیە، زۆر پێویستە ژنان خۆیان بێنە گۆڕەپانەکە و دەست پێبکەن بە خۆ گۆڕین. بۆ ئاسوودە کردنی ناخیان لەو هەموو گرفتە کۆبووەوەی نێو مێشکیان، دەبێ زمانیان گۆ بکا و هیچ بەربەستێک نەتوانێ پێشیان پێ بگرێت.

زیانەکانی بێبەشکردنی کچان و ژنان لە بەشدار بوونیان لە کۆڕی کوڕان و پیاواندا گەلێک لەوانە زۆرترن و هەمووشیان سەلمێندراون.

تا ئێرە ئەوانە مشتێک بون لە زیانەکانی لەیەکترازانی کۆڕی ژنان و پیاوان. هیوادارم بەخۆماندا بجینەوە و نیوەیەک لە کۆمەڵگەکەمان و بگرە زۆرتریشن، لە

.سوودەکانی پێکەوە دانیشتن و لەیەکترەوە فێربوون بێبەش نەکەین.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

٦/١٠/٢٠١٥

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved