کەی و کێبێت ئەم گرێ کوێرەمانە بۆ بکاتەوە؟

لەو کاتەوە مرۆڤەکان لەسەرزەوی ژیاون و دەژین، بیرێک کەوتۆتە مێشکیانەوە، کە جیایان بکاتەوە لە یەکتر، هەرکامە و بە چاوێکی جیاوازەوە بڕوانێتە ئەویتر، جا بە چاوی نزمەوە بێت، یان بێڕێزییەوە. هەرچی مرۆڤە لەسەر گۆی زەوی، لە مافی مرۆڤ بوونیاندا یەکسانن، جا، نێرینە، مێینە، گەنج، بەتەمەن، دارا، نەدار، دەسەڵاتدار، بێدەسەڵات ، دیندار، بێباوەڕ و ... هتد، بن.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەم گرێ کوێرەیە، کە زادەی بیری مرۆڤ خۆیەتی و زۆرجار مۆرێکی پێوە دەنێن، کە ناوێری دەستی بۆ بەری، چوونکە دەچزێتە دەستدا، وای لە مرۆڤەکان کردووە، نەک لە ژیاندا لە یەک جیابن، بەڵکوو لێناگەڕێن مردووەکانیش لە تەنیشت یەکەوە بنێژرێن. لە ژێر ناوی جۆراوجۆری دوور لە زانست، دوای مەرگیش ڕوویان لە یەکتر وەردەچەرخێنن.

ئیتر تا کەی دۆخی مرۆڤایەتی بەم شێوەیە بڕوا و هەموو پێکەوە بە تەبایی نەژین؟

ئیتر تاکەی ئەم بیرکردنەوە پڕ زیانە لە مێشکماندا هێلانە ببەستێ و نەوەکانی دواتریش هەر پێوەی بگلێن؟

ئەی ئەگەر دوای مردنیش زیندەوە بوون هەبێت (وەک بڕوای بڕواداران) مەگەر هەر کەسێک لەگەڵ کردەوەکانی خۆی بەرپرسیار نییە؟ ئیترچ کاریگەرییەکی ئەرێنی، یان نەرێنی لەسەر یەکتر دادەنێن؟!

مەگەر هەر مرۆڤە و توێشەوەرەی خۆی پێ نییە؟ بەڵێ.

کێ بێت ئەو لەخۆبردوویە لە خۆی نیشان بدا و خۆی فیدای بیری سەربەستی مرۆڤەکان بکات؟ سپاسی مرۆڤایەتی پێشکەش.

هەتا کەی ئەم گرێیە لێمان توند و توندتر بکرێتەوە؟ هەرتاکێکی کۆمەڵی مرۆڤایەتی لێی بەرپرسیارە. کەوایە، با شان بدەینە ژێری و قۆڵی لێهەڵماڵین.

مرۆڤەکان هەموو پاکن، جگە لەو جۆرە بیرکردنەوانە نەبێت، کە دژی مرۆڤن، ئەوە خاوەنەکەی لەبەرچاوی مرۆڤەکان دەخا و چەپەڵن.

کوا و لە چ پەرتووکێکی زەوینی و ئاسمانیدا هاتووە، کە مرۆڤ پیسە، چەپەڵە، گڵاوە و ... ، وەک ئەوەی لە مێشکی هێندێکدا ئاخێنراوە؟!

بەداخەوە بۆ ئەو جۆرە بیرکردنەوانە. بەتایبەت ئێمەی کۆمەڵی کوردەواری، نابێت مەجال بەو جۆرە بیرە زیان گەێنانە بدەین، تا بتوانین خاوەنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بین و هەموومان بە تەبایی و بێ جیاوازی پێکەوە لە سەر خاکی باب و دایەکانمان بژین.

بەهیوای بەرەو کۆتایی هێنانی بیری لە یەکتر دابڕانمان و ژیانێکی بێ کێشە.

بژین ئەو کەسانەی بۆ بەرگری لە مافی یەکسانی مرۆڤەکان خۆیان دەدەنە بەر هۆپەڵی دژە مرۆڤەکان و گیانی خۆیان دەبەخشن بە ئازادی و سەربەستی مرۆڤ.

 

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved