هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ژن و مێرد چین؟

هەرچەند هۆکارەکان زۆر زۆرتر لەوانەن، کە من لێرەدا ئاماژەیان پێدەکەم، بەڵام لەم کورتە بابەتەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەکیان دەکەم بەو هیوایە کەڵکیان بۆ خوێنەرانی کوردمان هەبێ.

ـ هاوسان نەبوون، یان زۆری جیاوازی تەمەن و ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیری نێوانیان.

زۆرجار بە تاقیکاری بۆمان سەلمێندراوە، کە ئەم جیاوازییانە، بەتایبەت جیاوازی تەمەن. واتا مێردەکە زۆر بەتەمەنتر بێ لە ژنەکەی، یان بە پێچەوانەوە - هەرچەند پێچەوانەکەی زۆر زۆر کەم ڕوودەدا - دەبێتە هۆکاری کێشە و گرفتی نێوان ژن و مێرد. باشترین چارەسەریش بۆ بنەبەڕ کردنی ئەم دیارەدە دزێوە ئەوەیە کە جیاوازی تەمەنی پیاوەکە لە ژنەکەی زیاتر لە٥- ٨ ساڵ زۆرتر نەبێ و ژنەکەش یان هاو تەمەنی مێردەکەی بێ، یان لەو بەتەمەنتر نەبێ. چوونکە وەک دەزانین بەهۆی سووڕی مانگانە و منداڵ بوون و ... ، ژنەکان کەمتر لەشیان خۆڕادەگرێ لەبەرامبەر پێشهاتەکاندا.

ـ هەڵنەبژاردنی یەکتر بەخواست و مەیلی خۆیان و داسەپانی زۆرەملی بەسەریاندا.

ئەمەش هۆکارێکیترە بۆ درووست بوونی کێشەی نێوانیان. وەک دەرکەوتووە، زۆرتر کچەکان ناچار دەکرێن، کە بە نەوەدڵی هاوسەری ژیانیان هەڵبهێرن. ئەمەش کاتێک چارەسەر دەبێ، کە کۆمەڵگەی کوردەواری مافی یەکسانی نێوان نێر و مێیەکان لەپێشچاو بگرێ و هەردوو بە یەکسان وەک مرۆڤ بە ئەژمار بێنێ. نەک ئەوەی هیچکام لە ژن و مێردەکان سەروەرییان بەسەر ئەویتریاندا هەبێ.

ـ داهات و دەرکەوت.

زۆر پێویستە یەکسانی داهات و دەرکەوت لەو نێوانەدا و هەموو داهات و دەرکەوتەکانی نێوانیان بە هی هەردوویان بزانن و کەم وزۆری داهاتی نێوانیان پێوانە نەبێ بۆ ژن و مێردایەتییان، چوونکە گشت داهات و دەرکەوتەکانی ئەو بنەماڵەیە هی تەواوی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و هیچیان دەسەڵاتی تەواویان بەسەریدا نییە تا بە مەلی خۆیان خەرجی بکەن.

ـ  بەگومان بوونیان لەیەکتر.

ئەم خاڵەیان زۆر ئاو هەڵدەگرێ، چوونکە ئەگەر هەرکام لە ژن و مێردەکان بەگومان بن لەوەی کە داهاتی ئەم ماڵە چەندە و چۆن خەرج دەکرێ و هەرکامەیان جانتای ئەویتریان بپشکنن بزانن چی پێە و مێردەکە بۆ کوێ دەچێ و لەگەڵ کێ پێوەندی هەیە، یان بە پێچەوانەوە، و هەزار و یەک دوودڵی لەیەکتر، دەبێتە هۆکاری درووستکردنی کێشەی نێوانیان. باشترین چارەسەریش بۆ ئەم گرفتە، دانیشتن و بیروڕاگۆڕینەوەی نێوانیان و پاک کردنەوەی دڵەکانیان لەیەکتر . نابێ هیچیان گیرفان و باخەڵی ئەویتریان بپشکنن. نابێ یەکتر بخەنە ژێر زەڕەبینی چاوەدێرییەکانیان لە یەکتر. نابێ هیچکامیان کامێرەی شاراوە بە دوای ئەویتریاندا بگێڕن و ... هتد.

ـ خزم خزمانە.

دانی گەورەیی خزمی هەرکام لە لایەنی ژن و مێردەکان بەسەر ئەویتریاندا، بوونی پێوەندی گەرم لەگەڵ لایەنێک و سارد و سڕی لەگەڵ ئەویتریان، دانی یارمەتی بە لایەنێکی خزمەکان و لەبیر بردنی ئەویتریان و ... تاد، هەموو هۆکارن بۆ درووستکردنی کێشەی نێوانیان. بۆیە زۆر پێویستە خزمی هەردوو لایان بە هەردووکیانەوە وەک یەک چاویان لێبکرێ و هەموو خزمەکان بە خزمی خۆیان بزانن و گەورەیی هیچیان نەدەن بەسەر ئەویتریاندا.

ـ دانەنیشتن و گوێڕانەگرتن بۆ یەکتر.

زۆرجار لەملاولا گلەیی و پۆرتەو بۆڵەی هەرکام لە ژن و مێردەکان دەبیسرێتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هیچکام لە ژن و مێڕدەکان ئەوەندەی گوێ بۆ کەس و کەسانی دیکە ڕادەگرن، ئامادە نین لەگەڵ خۆیان دابنیشن و بەدڵەوە گوێ بۆ ڕاز و نیازەکانی یەکتر بگرن. بۆیە دەبیسرێ گلەییەکان ببرێتە دەرەوە و دواتریش کەس و کەسەکانی دیکەش هەزار و یەک درۆ و دەلەسەی پێ زیاد دەکەن. سەرەنجام چارەسەرکردنەکەی ئاستەم دەبێ. کەوایە، زۆر پێویستە ژن و مێردەکان پێش لەوەی گلەییەکانیان لای خەڵکی دیکە باس بکەن، با خۆیان پێکەوە دانیشن و گوێ بۆ گلەییەکانی یەکتر ڕاگرن تا زووتر بە ئاکامی دڵخواز بگەن.

ـ خۆتێهەڵقورتانی لایەنی دەرەکی لە ژیانی بنەماڵەدا.

ئەمەش ناوێ لەئاستی چاو بنوقێنین و باسی لێوە نەکەین. چوونکە ئەمەش سەلمێندراوە ئەوەندەی کێشەکان لە دەرەوە دێنە ناو ژن و مێردەکانەوە، نیو ئەوەندی هی خۆیان نییە، واتا، لایەنی سێیەم، جا ماڵە خەزوورانە، دراوسێیە، دۆست و هاوڕێیانیانە و ... هتد، کارمان پێی نییە، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە بڵێین، نابێ ژن و مێردەکان لێگەڕێن کەس و کەسانێک لە ژیانی ئەواندا خۆ هەڵقورتێنن. ئەگەر ئامۆژگارییەکی بەکەڵکیان بۆیان هەبوو، سپاسیشیان بکەن و گوێیان بۆ ڕاگرن، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو، ئەوە خۆ نابێ ژیانی خۆیانی پێ تێک بدەن.

ـ پیاوسالاری.

زۆرجار دەبیسرێ، کە پیاوەکان ملهوڕن و پیاوسالاری دەکەن بەسەر ژنەکانیاندا. من وەک پیاوێک دان بەو ڕاستییەدا دەنێم، کە زۆرێک لە پیاوان نایانەوێ لەدەسەڵاتی پیاوسالاری خۆیان واز بێنن و گەلێک جار ستەم لە ژنەکانیان دەکەن. ئەمەش گشتی نییە، بەڵام دەکرێ بڵێین زۆربەی پیاوان وان. پیاوان نایانەوێ دان بە مافی یەکسانی نێوان ژن و پیاواندا بنێن، پێیان وایە لە دەسڵاتی پیاوانەیان کەم دەبێتەوە. لەپێشدا سوار بوونی ماشین، لەپێشەوە ڕۆیشتنی پیاوان، لەبەردەستدا بوونی بوجەی ماڵ، بەدەست بوونی حەقی تڵاق، ڕەوایی بە ئیمام یان پێشنوێژ بوونیان، بە شاهیدی وەرگرتنیان،بابەتی میرات وەرگرتن، مافی زۆر ژنە هەبوون و دەیان و بگرە سەدان ناڕەوایی دیکە دەیسەلمێنێ، کە پیاوان، پیاوسالارن و با بە ڕاشکاوانە، بڵێین، لەو بوارانەوە ستەم لە ژنان دەکەن. ئەگەر لە وڵامدا بڵێن، زۆرێک لەوانە بوون بە یاسای کۆمەڵایەتی نێو خەڵک، منیش دەڵێم. یاسادانەرەکانیش پیاو بوون، بۆیە تای ترازووەکەیان بەلای خۆیاندا شکاندۆتەوە.

ـ تۆڵەسەندنەوەی ناڕەوا.

زۆرجار دەبینرێ و دەبیسرێ، زۆرتر لە لایەن ژنانەوە، کە دەڵێن، ئێمە بە هەزاران ساڵە پیاوان ستەممان لێدەکەن، کەوایە ئێمەی ژنانیش دەبێ ئەو تۆڵەیە بکەینەوە. بێئاگا لەوەی خراپی و ستەمکاری و کاری ناڕەوا هەر کەسێک ئەنجامی بدا، هەر خراپە و هیچ پاساوێکی بۆنییە. وەک دەڵێن "هەڵە بە هەڵە چاک نابێتەوە" کەوایە، ئەگەر هێندێک لە ژنەکان ئەم بیرەیان هەبێ، هیچ سوودێک بە هیچ لایەنێکیان ناگەێنێ و زۆرتر گۆمەکە قوڵتر دەکاتەوە. کەوایە، با ژنان هەڵوێستی درووست لە پێش بگرن تا لەگەڵ مێردەکانیان و ئەندامانی بنەماڵەکانیان ژیانێکی بەختەوەرانەیان هەبێ. لە لایەن هیچ کەسێکەوە نابێ کەڵکی خراپ لە ئازادی وەربگرێ. ە

ـ پیشان نەدانی خۆشەویستی.

هەرچەند ژن و مێردەکان زۆر یەکتریان خۆش دەوێ و هێندێک جار وەختە بۆ یەکتری دیق بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەم خۆشەویستییە شاراوەتۆ و ئاشکرای ناکەن. وەک دەرکەوتووە، زۆرتر ئەم هەڵەیە پیاوان دەگرێتەوە. پێیان وایە ئەگەر بە ژنەکانیان بڵێن خۆشتم دەوێ، ئیتر بە قەوڵی هێندێک لە پیاوان، ئەوە ژنەکانیان زۆر دەگرن بە سەریاندا و خەڵکیش پێیان دەڵێن، ژن بەزۆر. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زیانێکی زۆر بە سۆز و خۆشەویستی نێوان ژن و مێردەکان دەگەێنێ. پیاوان بێئاگان لەوەی کە دەربڕینی خۆشەویستی و نیشاندانی بە ژنەکانیان، چەندە لە دڵی ژنەکانیان جێ دەگرێ و ئەوانی پێ دڵخۆش دەبێ. کەوایە، با پیاوان و ژنان بە یەکتری نیشان بدەن، کە سۆز و خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەیە. خۆشەویستییەکانیان لەیەکتر نەشارنەوە. دەربڕینی وشەی خۆشتم دەوێ، سۆزیان بۆ یەکتر پێ زیاد دەبێ و هیچیانی پێ سەرکز نابێ. پیشان نەدانی سۆز، زۆرجار دەبێتە هۆی بیرکردنەوەی نەرێنی نێوانیان لەسەر یەکتر. واتا، بەیەکتر دەڵێن، تۆ منت خۆش ناوێ، ڕقت لێمە، کەسێکیترت خۆش دەوێ و ...

ئەم خاڵانەی کە مشتێک بوون لە خەروار، ئەگەر کاریان پێ بکرێ دەتوانێ زۆرێک لە کێشە و گرفتەکانی نێوان ژن و مێردەکان چارەسەر بکا. بەو هیوایە کەڵکی بووبێ.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ 

Qadirzada.com © 2009 - 2013. All rights reserved