بەڕێوەچوونی کونفرانسی ساڵانەی یەکێتی نووسەران و وەرگێڕانی نۆروێژ

 بەڕێوەچوونی کونفرانسی ساڵانەی یەکێتی نووسەران و وەرگێڕانی نۆروێژ لە گراند هۆتێلی ئۆسڵۆ پێتەختی وڵاتی نۆروێژ، لە ٢٩ و ٣٠ی مانگی مارسی ٢٠١٤،ز.

لەدوو ڕۆژ کاری بەردەوامی کونفرانسی ساڵانەی یەکێتی نووسەرانی نۆروێژدا، واتا، ٢٩ و ٣٠ی مانگی مارسی ٢٠١٤ ز، ٢٧١٤ی، کوردی، کە بەشانازییەوە منیش ئەندامی ئەو یەکێتییەم، هێندێک شت سرنجیان ڕاکێشام خۆزگەم دەخواست ئێمەی کوردیش بە کردەوە ئەو شتانەمان لە کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینارەکانماندا ئەنجام دابا. بەکورتی و بە پوختی شتەکان بریتی بوون لە:

١ـ دەسپێک و کۆتایی و ڕاگەیاندی کاتی پشووەکان و دووبارەدەسپێکردنەوەی پێشکەشکردنی باس و بابەتەکان، هەموو لە کات و ساتی دیاریکراوی خۆیدا بوو.

٢ـ ڕاگرتنی بێدەنگی و گوێگرتنی زۆر باش لە لایەن بەشدارانەوە بۆ کۆڕگێڕان.

٣ـ نەبوونی هات و چۆ، جگە لە کاتی پشووەکاندا نەبێ.

٤ـ لێنەدانی چەپڵە بۆ باش و ناباشەکان، واتا، بۆ هەموو شتێک بە چاک و خراپەوە چەپڵەیان لێنەدەدا.

٥ـ لەتەواوی بەڕێوەچوونی ئەو دوو ڕۆژە کونفرانسەدا، بۆ جارێکیش لەکاتی پێشکەشکردنی بەرنامەکاندا، گوێم لە زڕەی تلیفون نەبوو، یان بێدەنگیان کردبوو، یان بە تەواوی دایانخستبوو.

٦ـ لەکۆتایی باسکردنی هەر بابەتێکدا، ئەگەر کەسێک پرسیارێکی هەبایە، زۆر بە کورتی و بە پوختی پرسیارەکەی ئاراستەی کۆڕگێڕان دەکرد و ئەوانیش زۆر بە هێوری وڵامیان دەدایەوە. لە دووپاتەکردنەوەی پرسیارەکان بەتەواوی خۆیان دەبوارد. کاتیان بە فیڕۆ نەدەدا. لەپرسیارکردندا کێشەیان درووست نەدەکرد. قسە شەڕیان نەدەکرد و ... هتد.

٧ ـ کۆڕگێڕان باس و بابەتەکانیان کورت و پوخت و پڕ نێوەڕۆک بوو.

 ٨ ـ ئەو ئەندامانەی کە پێشتر ناونووسیمان کردبوو لەو کونفرانسەدا بەشداری دەکەین و ژمارەمان گەیشتبووە ٢٨٥ کەس، پێک هاتبوون لە، پرفسۆر، دۆکتۆر، مێدیاکار، نووسەر، وەرگێڕ و ... تاد، دەتوانی بڵێێن، نوخبەی کەسە زاناکانی نۆروێژ بوون، بەڵام ئەوەی بۆ من لە لایەک جێگەی شانازی بوو، کە توانیم وەک ئەندامی ئەو یەکێتییە بەشدار بم و لە لایەکی دیکەشەوە جێگەی داخ بوو، کە من یەکەم کورد بووم ، کە لەو کۆڕەدا بەشدار بووم. سەرەڕای بەشداریکردنەکەم لەو کۆڕەدا، بەشێکی گرنگم لە کاتی پشووەکاندا تەرخان کردبوو بۆ پێوەندیگرتن و باسکردنی ستەم لێکرای گەلەکەم لە لایەن دوژمنانی داگیرکەر و ستەمکاری زاڵ بەسەر خاکی کوردستاندا لە گەڵ بەشدارانی ئەو کونفرانسەدا. پێم وابوو هەلێکی گونجاوە کە بتوانم کەڵکی بەسوودی لێ وەرگرم و داوای ڕەوای گەلەکەم بە گوێی بەشێک لەو کەسە زانا و ناودارانەی نۆروێژ بگەێنم. واشم کرد. لەکۆتاییدا هیوادارم بۆ ساڵی داهاتوو نووسەرانێکی زۆرتری کورد بتوانن لە وەها جێگەیەکدا بەشدار بن و لە لایەک زانیاری خۆیانی پێ بەرنە سەر و لە لاکەی دیکەشەوە بۆ گەیاندی بانگەوازی گەلەکەیان لەو جۆرە کۆڕانەدا بەشداری بکەن.   هیوادارم    ئەو شتانە و دەیان شتی بەکەڵکی دیکە لای ئێمەش ببێ بە کولتوور و کەڵکیان لێ وەرگرین.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved