من کوردم و خاوەن بڕوای ئایینی، یان بە پێچەوانەوە؟‏

وڵامی ئەم پرسە، زۆر جار لێرە و لەوێ، لای ئەم و ئەو بووەتە جێگەی پرسیار و هەرکەسە و بە جۆرێک وڵام دەداتەوە. کەسانێک پێیان وایە کە کوردن و خاوەن بڕوای ئایینی، یان نەبوونی باوەڕ بە هیچ ئایینێکی زەوینی و ئاسمانی. بەشێکیش باوەڕیان وایە،  کە لە بنەڕەتدا خاوەنی بڕوای ئایینین و لە پلەی دووەمدا کوردن خاوەنانی ئەم دوو جۆرە بۆچوونە،  هندێکجار ڕووبەڕووی یەکتر دەوەستنەوە ئەوانەی کە پێیان وایە خاوەنی بڕوای ئایینی و لە پلەی دووەمدا، کوردن، هندێکجار وا بیردەکەنەوە کە لە لایەنی خاوەنی بیری بەرامبەرەوە سووکایەتی بە بڕواکەی دەکرێ،  کە وا نییە. ئەمە زۆرجار لەگەڵ ڕاستی یەک ناگرێتەوە. دەچواتە قاڵبی لە یەکتر تێنەگەیشتنەوە. ئەمە بیرکردنەوەی نەرێنییە کە دزەی کردۆتە مێشکی ئەو کەسەوە کە وا بیر دەکاتەوە. لە لاکەی دیکەشەوە، خاوەنانی بیری نەتەوایەتی کە لای ئەوان لە پلەی یەکەمدایە، وا بیر دەکەنەوە، ئەگەر کەسێک پێچەوانەی ئەو بیری کردەوە، بە واتای ئەوەیە کە دوژمنی بیری نەتەوایەتیە.کە وا، نییە هەرچی زۆرتر دژایەتی یەکتر بکەن و گوێ بۆ ڕاستییەکانی یەکتر نەگرن، ئەوە جیاوازییەکانی نێوان بیرکردنەوەکانیان زۆرتر دەبێ و چارەسەرکردنەکەی ئاستەمتر دەبێ کەوایە، چارەسەری  ئەم لە یەک تێنەگەیشتنە، تەنیا بیروڕا گۆڕینەوە و ڕێزدانانە بۆ بیری بەرامبەر.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە، بزانین زانست چیمان پێدەڵێ. وەک زانستی پزیشکی سەردەم دەریخستووە، کە منداڵ لەو کاتەوە کە لە سکی دایکیدا گیان دەکەوێتە بەری، شارەزایی بە دەنگی دایکی پەیدا دەکا و دەیناسێتەوە . دوای ئەوەش کە چاو بە دونیای ڕوون هەڵدێنێ، یەکەم شتێک کە پێی ئاشنایە، ترپەی دڵی دایک و دەنگی دایکییەتی. چوونکە پێشتر لای ئاشنا بووە. وەک دەزانین، یەکەم کەسیش کە لەگەڵ کۆرپەکەدا دەکەوێتە ئاخافتن و دووان، دایکێتی. لە ڕێگەی دایکییەوە بە زمانی زکماکی شارەزایی پەیدا دەکا و فێر دەبێ. کەوایە، بە زمانی دایکی کە، کوردییە فێر دەبێ. بەواتایەکی ڕوونتر، بە کوردی لە دایک دەبێ و زمانەکەی کە یەکەم پێناسەیەتی، کوردییە.  ( من پێم وایە، ئەگەر لێپرسینەوەیەکیش لەو دونیا بە قەوڵی بڕواداران هەبێ، هەر بە زمانی کەسەکە دەبێ ، نەک وەک ئەوەی زۆرجار گوێمان لێ دەبێ، کە گۆیا بە عەرەبییە بێگومان ئەو ڕاستییەش دەزانین کە منداڵ چ لە باری یاسایی نێو دەوڵەتی و مافی مرۆڤەوە ، چ لە باری ئایینیشەوە، چ زەوینی و چ ئاسمانی) تا نەگاتە ڕادەیەک کە بزانێ سوود و زیان لە یەک جیا بکاتەوە ( لە ڕوانگەی یاساییەوە ١٨ ساڵ) ئەوە ئەگەر تووشی تاوانێکیش ببێ، سزای یاسایی لەسەر نییە ( لە ١٥ساڵەوە   تاوانکردن و تووش بوون بە هەڵەی یاسایی، لە پەڕگەی ئەودا دەنووسرێ و هەڵدەگیرێ تا  گەیشتنی  بە تەمەنی  ١٨ ساڵ ) هەروا، لە ڕوانگەی ئایینیشەوە تەکلیفی هەڵبژاردنی باوەڕێکی ئایینی لێ ناکرێ. مرۆڤ دەتوانێ، کوردبێ و هیچ بڕوایەکی ئایینی نەبێ، یان شوێنکەوتە و پێڕەوی لە هیچ ئایینێک نەکا، بەڵام ناتوانێ کورد نەبێ. چوونکە، وەک ووتم، بە کوردی لە دایک دابێ.

 گرنگ بۆ ڕۆڵەکانی کورد، پارێزگاری لە مافی نەتەوایەتییە و ڕێز گرتنە لە بڕوا ئایینییەکەی خۆی و کەسانی دیکەش کە بڕوایان بە ئایینێکی دیکە هەیە . ئێمە ئەگەر گەوەرەیی بڕوای ئایینی خۆمان نەدەین بەسەر شوێنکەوتوانی ئایینێکی دیکەدا،  وەک یەک و بە یەکسان چاو لە هەموو پێهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری بکەین،  چاوی دیتنی ئایینەکانی دیکەشمان هەبێ، بە چاوی ڕێزەوە تماشایان بکەین، ئەوسا دەتوانین پێکەوە بێ گرە و گۆڵە لەسەر خاکی کوردستان بژین. بێگومان، پێچەوانەی ئەم بۆچوونە، دەبێتە هەوێنی سەرهەڵدانی کێشە و گرفتەکانی نێوانمان. وەک مێژووش نیشانیداوە، دوژمنانی داگیرکەری خاکی کوردستانیش زۆر بە ئاسانی لە ئاوی لێڵ ماسی خۆیان  گرتووە و دەگرن. کەوایە، ئاکام لێرەدا ئەوە دەبێ کە، ئێمەی کورد لە پلەی یەکەمدا کوردین و پاشان خاوەن باوەڕی ئایینی یان ڕێبازی ئایینی، یان شوێن کەوتەی هیچ ئایینێک . هیوادارم ئەم کورتە نووسراوەیە توانیبێتی وڵامێکی کورت بێ بۆ ئەو کوردانەی کە پرسیارێکی وایان لا درووست بووە. من، ئەو چاوەڕوانییەم نییە کە هەموو کوردێک بێ سێ و دوو لێکردن بڵێ، بەڵێ وایە، چوونکە، هەرکەسە و جۆرێک بیر دەکاتەوە.

هەموو مرۆڤێکیش لە بیرکردنەوەدا ئازاد و سەربەستە بە مەرجێک مافی کەسانی دیکە پێشێل نەکا. هیوادارم هیچ  خاوەن بیرێکی ئایینی نەبێتە ڕێگر لە پارێزگاری و پاڵپشتیکردنی  تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواری  لە مافی نەتەوایەتی گەلەکەمان. پێڕەوان و کادێرەکانی ئایینی ( بە هەموو ئایینەکانەوە کە  لە کوردستاندا بوونیان هەیە) ئێمەش،  ئەو ڕاستییە پەسەند و قەبووڵ بکەن کە،  ئێمەی کوردیش وەک هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی مافی ژیانی وەک مرۆڤی سەردەممان لەسەر خاکی خۆمان هەیە.

 ڕێبەرانی ئایینی ئێمە دەبێ ئەو ڕاستییەیان زانیبێ کە، هەموو نەتەوە و گەلانی سەر ڕووی زەوی توانیویانە بە مافی نەتەوایەتی خۆیان بگەن و ئایینەکەشیان ڕێگەر نەبووە لە بەرامبەریاندا، یان بە واتایەکی ڕوونتر بڵێم، نەتەوکەیان بەلاوە گرنگتر بووە. هیوادارم، تاک و کۆکانی نەتەوەکانی دەوروبەری کوردستان،  نەتوانن چی دی  بە کەڵکوەرگرتن لە ئەم ئایین و ئەو ڕێبازی ئایینی بە سوودی خۆیان و بە زیانی ئێمەی کورد، کەڵک لە ڕۆڵەکانی ئێمە وەرگرن.

( بەکوردی دەژیم، بە کوردی دەمرم، بە کوردی دەیدەم وڵامی قەبرم)

مەجید پاڵانی، نۆروێژ


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved