من کێم و تۆ کێی؟

لەو کاتەوە مرۆڤەکان پێیان ناوەتە ناو ژیان لە دونیادا، پێکهێنەری بنەڕەتی بنەماڵە، ژن و مێرد بوون و لەوانیشەوە وەچە کەوتۆتەوە. وەک ڕوونە لە ژیانە هاوبەشەکانیشیاندا زۆرجار بگرەو بەردە و کێشە کەوتۆتە نێوانیانەوە.بەشی هەرەزۆری هۆکارەکەشی یەکتر نەناسین وەک ئەوەی هەن (ئافڕێندراون) بووە. کەوایە، دەتوانین بێژین "ئەگەر ڕەگەزی نێرینە و مێینە یەکتر بناسن وەک ئەوەی هەن ـ ئافڕێندراون ـ بە شتی دوور لە ڕاستی یەکتر تاوانبار ناکەن"

بەپێویستم زانی بۆئەم مەبەستە و بۆزانیاری خوشک و برایانی کوردمان، هێندێک ڕوونکردنەوە بخەمە ڕوو، بەو هیوایە کەڵکی بۆ خوێنەران هەبێت.

پێویستیەکانیش بریتی دەبن لە:

ـ خۆناسین

ـ بەرامبەر ناسین.

ئەگەر هەرکام لە هاوژیانەکان وەک ئەوەی هەیە، هەم لە باری لەشی و هەم لەباری دەروونییەوە، کە هەردوویان بەیەکەوە گریدراون، بناسن، چاوەڕوانییەکانیان لەیەکتر بە ڕادەی پێویست و توانا دەبێ، نەک زۆرتر. ئەگەر پێچەوانەی ئەمە بوو، بێگومان گرفت و کێشە سەرهەڵدەدا. من لەم کورتە بابەتەدا هەوڵ دەدەم ژمارەیەک جیاوازی نێوان هەردوو ڕەگەز بخەمە ڕوو تا پێی ئاشنا بن.

ـ مێشک

ئەگەر هاوژیانەکان ئاشنا بن بەوەی، کە مێشکی نێرینە و مێینە جیاوازییان هەیە، بەواتایەکی ڕوونتر بیانزانیایە، کە پیاوان تەنیا لایەکی مێشکیان کارایەوە و بەو هۆیەوە ناتوانن دوو یان چەند شت لەیەک کاتدا ئەنجام بدەن، بەڵام ژنان بەپێچەوانەوە، واتا، هەردوولای مێشکیان لە یەک کاتدا کارایە، بۆیە دەتوانن لەیەک کاتدا چەندین شت ئەنجام بدەن. ژنان زۆرترو زووتر لە پیاوان شت فێر دەبن. بەپێچەوانەی ئەوەی "ژنان بە عەقڵ ناتەواو و بڕوا لاواز دانراوە". گۆیا ئەمە وتەی پەیامبەری ئیسلام بێت (دخ)بەڵام زانستی سەردەم نایسەلمێنێ. ئەمە زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوان، ژنان بە زۆر بڵێ تاوانبار بکەن. یان ئەگەر ژنەکان پرسیارێکیان ڕوو بەڕووی مێردەکانیان کردەوە و لەو کاتەدا مێردەکەیان بەشتێکی دیکەوە خەریک بوو و وڵامی ژنەکەی نەدایەوە، یان درەنگ وڵامی دایەوە، ئەوە ژنەکە پێی وایە، مێردەکەی نرخ بۆ قسەکەی دانانێ. بێئاگا لەوەی، پیاوان ناتوانن لە یەک کاتدا دوو یان زۆر شت ئەنجام بدەن، لەبەر ئەو هۆیەی پێشتر باسم کرد. هەروەها پیاوانیش بێئاگا لەوەی، کە ئەگەر چەند کەس ڕوو بکەنە یەک ژن و قسەی لەگەڵ بکەن، لە هەموویان تێدەگا و دەتوانێ وڵامیشیان بداتەوە، بەڵام پیاوان بە پێچەوانەوە، دەبێ یەکە یەکە وڵامیان بداتەوە، دەنا لێیان تێناگا. زۆرجار ژنان دەیانەوێ، پیاوەکانیان بە ڕیش و سمێڵ و قیافە پیاو بن، بەڵام بەخوو و ڕەوشت و مێشکی ژنانەیان هەبێ. ئەمە شتێکی نەگونجاوە. پێچەوانەکەشی هەر وایە.

ـ دەروون

لەبەر ئەوەی لە مێژووی زۆر دووردا و بە ئێستەشەوە، پیاوان هەردەم خەریکی شەڕ و بگرە و بەردە و کوشتن و بڕین بوون و بەو هۆیەوە دڵ ڕەقن و ژنانیش بە پێچەوانەوە خەریکی ماڵداری و منداڵ بەخێوکردن و... ، بوون، خووی پیاوان هەمیشە خۆ بەزل زانی و پیاوسالای تێدا جێ بۆتەوە و ژنانیش دڵ نەرم و بە سۆزن. کەوایە، هەر بەو هۆیەوە دەروونیشیان لەیەک جیاوازە. ژنان زۆرتر پێویستیان بە گوێ بۆگرتن و دڵدانەوە هەیە. ژنان بۆ دەربڕینی ڕاز و دەردەدڵەکانیان پێویستیان بەوە هەیە، کەسانێک مەیلیان بداتێ و بەدەم داواکانیانەوە بڕوا. بۆدەربڕینی خەفەت و ناڕەحەتیەکانیان خۆیان بەدار و دیواردا دەدەن و لای هەرکەس و کەسانێک گوێیان بۆ بگرێ، سفرەی دڵیان دەکەنەوە، بەتایبەت پیاوەکانیان. جا ئەگەر کەسیان شک نەبرد، تووشی گرفتی دەروونی دەبنەوە. بۆیە ژنان زۆرتر لە پیاوان تووشی ئەو گرفتە دەبن. بەڵام پیاوان بۆ چارەسەری گرفتەکانیان پێویستیان بە جێگەیەکی چۆڵ هەیە تا بیری تیا بکەنەوە.

پیاوان بۆ ئەنجامدانی کاری سەرجێی (سێکس) هەردەم ئامادەن. چ بەرامبەرەکە بناسن، یان نە، چ خەفەتبار بن، یان دڵخۆش. هەم زووتر گەرم دەبن و هەم زووتریش کوڵیان دەمرێتەوە، بەڵام ژنان بە پێچەوانەوە، دەبێ بۆ ئامادەکردنیان بۆ کاری سەرجێی کردن لەگەڵیان، سەرەتا لە مێشک و دەروونیانەوە دەسپێبکەی، پاشان کاری سەرجێیان لەگەڵ بکرێ. واتا، دەبێ ئامادە بکرێن بەوەی دەڵیان ڕاگری، دەروونیان شاد بکەی و ... . ژنان هەم درەنگتر ئامادە دەبن و هەم درەنگتریش دادەمرکێنەوە. کەوایە، پیاوان دەبێ بزانن دوای گەیشتنیان بە حەزەکەیان، نابێ ڕوو لە ژنەکەیان وەرچەرخێنن، دەنا ژنەکەیان وا بیر دەکاتەوە، تەنیا بۆ ئەو مەبەستە ویستویەتی.

کەوایە، ئەم دووە زۆر لەیەک جیاوازن.

لەکۆتاییدا دەمەوێ بێژم، سەرەڕای جیاوازییە لەشی و دەروونییەکانی ڕەگەزی نێرینە و مێینە، بەڵام هەم لە درێژایی مێژوودا و هەم ئێستەی سەردەمیش، ئەو ڕاستییە سەلمێندراوە، ئەگەر ژنانیش وەک پیاوان هەلیان بۆ بڕەخسێ و بەربەستیان بۆپێكنەهێندرێ، نەک هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە، بگرە زیاتریشن. بەپێچەوانەی ئەوەی وتراوە "هەر دەسەڵات و کۆمەڵێک ژنان بەڕێوەبەریان بێت سەرکەوتوو نابن" ئێستە دەبینی زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی دونیا لە پلە بەرزەکانی حوکومی و سەربازیدا ژن بەڕێوەبەرە، نەک کەمیان نەهێناوە، بەڵکوو زۆریش سەرکەوتوو بوون. ئەوەتانێ، ژنانی کورد لە ڕۆئاوای کوردستان باشترین و زیندوترین و نزیکترین بەڵەگەی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.

دەزانم ئەم کورتە نووسراوەیە وڵامی گشت پرسەکان ناداتەوە، بەڵام ناچارم لەبەر ئەوەی سەری خوێنەری پێوە نەئێشینم، کورت و پوخت بینووسم.

 مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved