مردوو پەرەستی لە کۆمەڵگەدا

مەجید پاڵانی

 

لەزۆریک لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی دونیا بە گشتی و کۆمەڵی کوردەواری بەتایبەتی، لە نێو ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیەدا بە گشتی و خزمان و نزیکانی ئەو کۆمەڵگە بە تایبەتی، شەڕ و ئاژاوە و لەیەک ترازان هەبووە و هەیە. زۆرجار لەسەر شتێکی زۆر بچووک، گرفتگەلێکی زۆر مەزنیان لێ هاوردۆتە ئاراوە و بۆتە هۆی کوژران و بریندار بوون و ... ، لە نێو ئەو خزم و بنەماڵە و کۆمەڵەدا. سەرەڕای ئەوەی ئەرکی مرۆڤایەتی و نیشتمانی و خزمایەتی و ... ،یان بووە، بەڵام بە هۆی ئەو کێشە و ناکۆکیانەوە، بەدەم چارەسەری گرفتەکانی یەکتریشەوە نەچوون. زۆرجار بینراوە، کە خزمانی پلە یەکیش بۆ ماوەیەکی کەم تا زۆر لە ماڵەوە یان لە نەخۆشخانەکاندا کەوتوون و باهانایانەوە نەچوون و سەردان و دڵدانەوەیان نەکردوون، بەڵام دوای کۆچی دوایی کەسەکە، لەلایەن کەسە دڵنگرانەکەوە فرمێسکی تیمساحی بۆ هەڵڕژێنراوە و بۆ نیشاندانی دڵسۆزی درۆزنانەی خۆی و لەبەر چاوی ئەم و ئەو قوڕی پێواوە و شین و شەپۆڕی بۆ کردووە.

 

جێگەی داخە، دوای هەزاران ساڵ بە ئێستەشەوە، کەس و کەسانێک بە مەرگی ئاسایی یان کوژران لە دونیا چوون، بەناوی ئیمام و ئیمام زادە و کەسایەتی مەزن و ... ، هەر شین و هاواریان بۆ دەکەن و بۆیان دەدەن بە سنگدا و خۆیانیان بۆ بەکوشت دەدەن. زۆر کەس مانگانە و ساڵانە برینەکانیان تازە دەکەنەوە و بەرنامەی لەپێشدا داڕێژراوی بەسوودی خۆیانیان بۆ لەدونیا دەرچوونی کەسێکیان پەک خستووە. ئەمە لە دۆخێکدایە، کە هیچ سوودێکی بۆ کۆچ کردوو نییە، بەڵکوو زیانی بۆ بنەماڵە و کۆمەڵگە بە گشتی هەیە. وەک کورد ئێژێ "نە شین بۆ مردوو، نە ڕەنج بۆ ناکەس" واتە، هەردوو بێ سوودن.

بەداخەوە زۆرجار ئەوەشیان کردۆتە کولتووری ناو خەڵک، کە دوای کۆچکردوو، دەبێ لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەوە، خەرجیەکی ـ تێچوون ـ زۆر بکەن، جێگە و ڕێگە و قورئان خوێنیش لە کۆڕی سەرەخۆشییەکەدا ئامادە بکەن. چەندین ڕۆژیش یان بە ڕازی یان بە ڕووگیری ـ من پێم وایە زۆرتر ڕووگیرییە ـ دەسی خەڵک لە کار و کاسبی بشۆرنەوە و لەو گردبوونەوەدا بەشداریان پێبکەن و بەدیار خۆیانەوە گیریان بدەن. هێندێک جاریش بۆ بەشداریکردن لە بەخاکسپاری، یان سەرەخۆشی کۆچکردوو، خەڵکانێک ناچار دەبن لە ڕێگەی دوورەوە بێن، تا بەشداری لەو گردبوونەوەدا بکەن، کە بەداخەوە ئەمەش زۆرجار ڕوودانی دژواری لێکەوتۆتەوە، کە بۆتە هۆی تیاچوونی چەندین کەس لە بنەماڵەیەک. هەروەها، خەڵکان بۆ سەردانی بنەماڵەی کۆچ کردوو، بەجارێک و دووجار ڕازی نابن و دەبێ چەندین شەو و ڕۆژ ئەرک و ماندوو بوون بخەنە سەریان. جا ئەگەر کەسێک یان کەسانێک بە هەر هۆیەک بۆیان نەگونجا سەردانیان بکەن، یان لە کاتی بەخاکسپاری و سەرەخۆشیدا لەگەڵ بن، ئەوە ئیتر دەکەونە بەر گلەیی و گازەندەی ئەم و ئەو، کە بۆچی بەشدار نەبوون. زۆرجار ئەمە بۆتە هۆی لەیەک دابڕان و نێوان ناخۆشی هەردوولا. هەموو ئەو کارە نالەبار و زیانگەێنانە ئەنجام دەدرێن، تا خەڵکان بێژن، قەدری مردووەکەیان گرتووە و کەسدارن. یان هۆزەکەیان گەورەیە و شانازی بە کەس و هۆزەکەیانەوە بکەن. وەک کورد ئێژێ "باوک مردوو دەیکامێ، نان و گۆشت خۆر ئێژێ سەری دەگەێنمە جێگەیەک ـ نایکامێ" خاوەن مردوو سەرەڕای کۆس کەوتنی و لەدەسدانی ئەندامێکی بنەماڵەکەی، هێندەی دیکەش ئەرک و ماندوو بوونیان بۆ ساز دەکەن. لەبڵندگۆ(سماعە)ی مزگەوتەکانەوە بە خوێندنی قورئان، ئاسوودەیی و خەوتن لە زۆرێک لەو منداڵی ساوا و نەخۆش و پیر و پەککەوتوانە دەبڕن. گۆیا، ئەمە سەوابەکەی دەنێرن بۆ کۆچ کردوو. هەرچەند "قورئان" بە ڕاشکاوانە ئێژێ "مرۆڤ بۆخۆی خەبات نەکا، هیچ پاداشتێکی پێناگا" النجم، ٣٨.

بۆ ناپرسین ئەمە چ سەردەمێکە و ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بۆ چ سەردەم گەلێک بوون؟ ئەی لەو سەردەمانەدا کەرەستەی ئاگادارکردنەوە بۆ کۆ بوونەوەی خەڵکانێک بۆ بەخاکسپاردنی کۆچ کردوو، تەنیا وشتر و ئێستر و گوێدرێژ و ... ، بووە، ئیستە چی؟ خۆ ئەو ڕاستیەش دەزانین، ئەگەر ئێستە کەسێک دڕکێک بچوقێ بەدەستیدا، لەپڕ و لە چاوتروکانێکدا ئەمپەڕ و ئەو پەڕی دونیا لێی ئاگادارە، ئیتر چ پێویست بەو هات و هاوار و قورئان خوێندن و ... ، دەکا؟!

بۆم هەیە بپرسم، داخوا ڕێزگرتن بۆ مردووە، یان زیندووەکان؟، بەداخێکی گرانەوە، ئەوە نەزانی و تێنەگەیشتووی ئەو خەڵکانەیە، کە وا بیر دەکەنەوە. مردوو هەرچی کردبێت، جا چاکە یان خراپە، کورد وتەنی " هەرچی وەشاندبێت، هەر ئەوە دەدورێتەوە" کەوایە، ئەگەر پاش مەرگ زیندوو بوونەوەیەک هەبێت ـ لەسەر بڕوای ئەوانەی بڕوایان بە زیندوو بوونەوەی پاش مەرگ هەیە ـ ئەوە خۆ داوینگیری کردەوەی خۆیان دەبنەوە. ئەگەریش زیندوو بوونەوەی پاش مەرگ ڕاست نەبێت ـ لەسەر بڕوای ئەوانەی وا بیر دەکەنەوە ـ ئەوە خۆ مرۆڤ دوای خۆی چی بە جێ هێشتبێت، کە مرۆڤەکانی دوای ئەو سوود لە جۆری هەڵس و کەوت و ڕەوشتی بەرزی ئەو و نووسراوە و ... ، کەڵکی بە سوود وەرگرن، ئەوە خۆ مێژوو شانازی بەو کەسەوە دەکا.

کەوایە، وەک ئێژن "مردوو هەر وەسیەتی پێ دەبڕێت" دەبا زیندووەکانی ئێمە تا هەین، ڕێزی بەرامبەر لە یەکتر بگرین. بەدەم هاناوبانگەکانی یەکترەوە بچین. شەڕ و ئاژاوە لەبەین بەرین.

گەلێک جار ئەم ڕاستیە ڕوویداوە، کە براو و خوشک و کەسانی نزیک، لە دوای کۆچی دوایی باوک یان براکەیان لەسەر دابەش کردنی میراتی کۆچ کردوو بۆتە کێشەیان و بگرە تا لێواری یەکتر کوشتنیش چوون. ئەمە لە دۆخێکدایە، کە لە کاتی زیندوویدا چاوی خێریان بەیەکتردا هەڵنەهاتووە. شایانی باسە، زۆرجار براکان کچ و خوشکەکانیان لە میراتوەرگرتنی بابیان بێبەشیان کردوون، بە بیانووی ئەوەی، کە ئەو خوشکە میراتەکە دەبا بۆ ماڵی مێردەکەی. ئیتر چاوی بینینی ڕاستیەکەیان نییە، کە ئەو خوشکەش وەک ئەوان لەماڵی ئەو باوکەدا هاوبەشە.

داخوا ئەمە چ سوودێکی بۆ کۆچکردووە هەبووە و هەیە؟ زۆر جوانی وتووە ئەو زانایە "گوڵێک بە زیندووی بدرێتە دەستی مرۆڤێکەوە، باشترە لەوەی، کە لەسەر گۆڕەکەی باخچەیەک درووست بکرێت"

کەوایە، ئێمەی کۆمەڵی کوردەواری گەلێک پێویستە بە خۆماندا بچینەوە و هەموو ئەو هەڵس و کەوتانەی لەبەرەکانی پێشوودا بوونەتە کولتووری خەڵکەکانمان و زیانیان بۆیان هەبووە، نابێ ئێمە پێڕەویان لێ بکەین و وەدوایان بکەوین. دەبێ بیاندەینە بەر زەڕەبینی بیرکردنەوە و هەڵە و پەڵەکانیان لێ هەڵگرینەوە و سوود گەێن و باشەکانیش بکەینە دەرس بۆ

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved