مرۆڤ لەنێوان دووڕێیانیدا

لەو کاتەوە مرۆڤەکان لەسەرزەویدا ژیاون و دەژین، لەنێوان دووبەرداشدا گیریان خواردووە و زۆرجار نازانن ڕوو

 لەکاملایان بکەن. کورد وتەنی "وەی ئەملام و وەی ئەولام"

لایەک لەو دووانە، بڕوای ئایینی و ئەولاکەی دیکەش خۆگرێنەدان بە قاڵبێکی داخراوی بڕواوە. زۆرجار دەبینرێ هەرکام

لەخاوەنانی ئەم دوو جۆرە بیرکردنەوانە، تووشی ئەمبەر و ئەوبەریش دەبن، واتا، تووشی گرفتی بڕیاردان و خۆیەکلایی

کردنەوە دەبنەوە. وەک ئەوەی لە نێوان دوو بەردەئاشدا گیریان خوارد بێ. یان بەواتەیەکی دیکە، نازان کام لەو

 دووڕێیانە هەڵبژێرن.

خاوەنانی بڕوای ئایینی -بەتایبەتی شوێنکەوتوانی ئایینی ئیبراهیمی - هەموو دەسەڵاتێکی هەڵس وکەوتەکانی خۆیان

 دەدەنە دەس دەسەڵاتێکی لەسەرەوەی سرووشت (خوا) و مرۆڤەکان لەو پێوەندییەدا خۆیان بە بێ دەسەڵات دەزانن و

 ئۆباڵی ئەنجامدانی گشت کردەوە چاک و خراپەکان دەخەنە ئەستۆی خوا. ئەگەر ڕوونتر باسی بکەین، دەبێ بڵێین،

 خاوەنانی ئەم جۆرە بیرکردنەوە، مێشکی خۆیان لە قاڵبێکی دیاریکراوی داخراودا دەبیننەوە و دەسەڵاتێکی

 لەسەرەوەی هەموو هێزەکان لەباتی ئەو جۆرە مرۆڤانە بڕیا دەدا و ئیتر مرۆڤەکان دەسەڵاتی هیچیان نییە.

بەڵام، خاوەنانی ئەو جۆرە بیرکردنەوەکەی دیکە، کە دەڵێن، مرۆڤەکان کەرەستە نین، بەڵکوو خاوەنی بیرکردنەوەن و

 خۆیان ڕێگەی باش و ناباشی خۆیان هەڵدەبژێرن و کاری لەسەر دەکەن، کەوایە، هیچ هێزێکی دیکە نییە بەسەریدا

 دایسەپێنێ و لە باتی ئەو بڕیاری جۆری هەڵس و کەوتەکانی بدا. جا ئەگەر لەسەر ئەم بڕوایە بێ، مرۆڤەکان

 لەبەرامبەر چاکە و خراپەکارییەکانیاندا، خۆیان بڕیار دەرن و هەر بەو پێیەش لە دونیادا پاداشەکەی وەردەگرنەوە

 یان توشی سزاوەرگرتن دەبنەوە. جا ئەو سزایە، سزای کۆمەڵایەتی، یاسایی یان هەر دەسەڵاتێکی دیکەی دونیایی بێ.

کەوایە، مرۆڤەکان کام ڕێگەیان هەڵبژێرن؟

خوێنەر خۆی بڕیار بدا باشترە، لەوەی بۆی دیاری بکەی.

بەڕای من، هەر مرۆڤێک مێشکی چەق بەستوو بێ و ئیزن بەخۆی نەدا ڕێگە ڕاستەکە، واتا، ڕێگە بێ پێچ و خەمەکە

 نەدۆزێتەوە، ئەوە لەگێژاودا گیری خواردووە. کەوایە، دەبێ بەبیرکردنەوە و تێڕامان و لێکدانەوەی ژیرانە و ئەزموون

 وەرگرتن لە زانایانی ڕابردوو ئێستە و داهاتوو، دەبێ خۆی نەخاتە نێوان چوارچێوەیەکی دیاریکراوی چەق بەستوو.

 ئەوەی زانستی سەلمێنەری حاشاهەڵنەگر دەیسەلمێنێ و مۆری ڕاستی و درووستی بەسەردا دەنێ، پێویستە ئێمەش ملی

 پێ بدەین و پێڕەوی لێبکەین.

مرۆڤەکان لەبیرکردنەوەدا سەربەستن و هیچ جۆرە بیرکردنەوەیەک بڤە نییە. نابێ مرۆڤەکان خۆیان لە دووڕێیانی

 ببەستنەوە و دەبێ خۆیان یەلایی بکەنەوە، دەنا وەک کوردەکەی لەهەردوو جەژن بوویان لێدێ.

لەکۆتاییدا، هیوادارم ڕۆڵە ئازا و لەخۆبردووەکانی کورد ژیرانە و زانایانە بڕیاری هەڵبژاردنی ڕێگەی زانستییانەی

 درووست بدەن و لە هیچ کەند و کۆسپێک نەسڵەمێنەوە و هیچ کەسێک لە هەر جل و بەرگێکدا بێ، نەتوانێ بەلاڕێیاندا بەرێ.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ. 

 

Qadirzada.com © 2009 - 2013. All rights reserved