پێگەی ژن لەکۆمەڵگەدا

نووسین لەسەر بابەتێکی لەم شێوەیە، وردەکاری و لێکۆڵینەوەی زۆری دەوێ، چوونکە لە لایەک دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی و لەلایەکی دیکەشەوە، دەبێ زانا کۆمەڵناسەکان لەم بارەوە دەس بدەنە پێنووسەکانیان و هەموو لایەنەکانی ئەم بوارە بدەنە بەر توێژینەوە و لێدوان، کە من ناتوانم بڵێم هیچکام لەوانەم، بەڵام بەداخەوە جاروبارە ناچار دەبم بێمە جواو و هەستی خۆم لە توێی چەند دێڕێکدا بێنەمە سەر لێنووس و خوێنەرانیشی پێوە سەرقاڵ بکەم.

ئەوەندەی خۆم بینیبێتم و لەم ولەوەوە بیستبێتم، یان خوێندبێتمەوە، هەموو کۆمەڵگە دراوسێکان بەهەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنیدا کاریگەرییان لەسەر یەکتر بووە، بێگومان کۆمەڵگەی کوردەواریش لەو ڕاستییە بەدەر نییە و کۆمەڵگەکانی دراوسێی بەهەردوو لایەندا کاریان لەسەری کردووە. ئەوەی بۆ من جێگەی داخە، بوونی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆمەڵگە دراوسێکانمانە لەسەر کۆمەڵی کوردەواری و بۆتە بەشێک لە کولتووری نەرێنی خەڵکەکەی ئێمەش.

ئەوەی لێرەدا بۆ من جێگەی باسە، گاریگەرییە خراپەکانی کولتووری چواردەوروبەرمانە، بەتایبەت کولتووری عەرەبی لەسەر ئێمەی کورد، بۆ نموونە ئەگەر تماشای پێگەی ژن دەکەین لە کۆمەڵی کوردەواریدا، بەداخەوە بەو شێوەیەی کە مافی ژنانە و پێویستە لەپێشچاو بگیرێ، لەلایەن کۆمەڵی پیاوانەوە بایەخی پێنادرێ و بەچاوی کەمەوە چاویان لێدەکرێ.  بابەتەکانی ژن بە ژنە، گەورە بە بچووک، ژن لەباتی خوێندان، دوو ژنە و چەند ژنە بۆ پیاوێک، لە میرات وەرگرتندا دوو مێینە حیسابی یەک نێرینە بۆکردن، وەک شاهید قەبوڵ نەکردنی ژنان ـ جگە لە هێندێک جێگەدا نەبێ ـ  قەبوڵ نەکردنیان وەک ڕێبەر و ئیمام و پێشنوێژ، ناوبردنی ئەو بنەماڵانەی کە تەنیا کچیان دەبوو بە وجاخ کوێر، واتا، ماڵ و سامان و داراتی ماڵ تەنیا بۆ کوڕان بەڕوا دەبینرا، زیندە بە گۆڕکردنی کچان و ... هتد، و دەیان نابەرابەری و ستەمی دیکە لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە ژنان دەکرێ. ئەگەر لە هەزار پیاویش، پیاوێک جاروبارە وەدەنگ دێت و لایەکیان لێدەکاتەوە و مافەکانیان دەخاتە پێشچاو، بەداخەوە لەلایەن بەشیک لە پیاوانەوە دەکەوێتە بەر گلەیی و گازەندە و پۆرتە و بۆڵە. نکۆڵی کردن لەم ڕاستییە، چاو نوقانە لە ئاستی ڕاستییەکان. بۆیە  پێشتر وتم بەتایبەت کۆمەڵگەی عەرەبی، ئەگەر ئێمە چاوێک بە مێژووی کۆمەڵگەی عەرەبیدا بە گشتی و دورگەی عەرەبی بەتایبەتی پێش لە ئیسلام بخشێنین، ئەوسا باشتر ئەم ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێ، ئەوەتانێ لەسەرەتای دابەزینی ئایینی ئیسلام و ڕووبەروی بەرپرسان و کادیرانی ئیسلام و لەسەرەوەی هەموویان، خودی پەیامبەری ئیسلامیش، (دخ) لەو نابەرابەرییە هاتونەتە دەنگ و لەو بارەوە گلەییان لە کۆمەڵگەی عەرەبی بووە. وەک دەزانین، خودی قورئانیش، کە سەرچاوەی زانستی پێڕەوانی ئەم ئایینەیە، بەڕاشکاوانە لە ئایەتەکانی قورئاندا ئاماژە بەم ڕاستییە دەکا و دەڵێ "هەرکاتێکیش مژدەی لەدایک بوونی کچێک بۆیەکێک لەمانە بچێ، ڕوخساریان ڕەش هەڵدەگەڕێ و لەبەر خۆیەوە پیش دەخواتەوە" نحل، ٥٧

ئەم دەربڕینی بێزاری و پێناخۆشبوونە لە ڕەگەزی مێینە، نەک تەنیا پیاوە هەژار و ساویلکەکانی عەرەبی ئەو سەردەمەی گرتبێتەوە، بەڵکوو پیاوە مەزن و بەدەسەڵاتەکانیشیان وا بوون، ئەوەتا، گۆیا ئیمامی ئەبووبەکر، باوکی ئایشەی خێزانی پەیامبەر، کاتێک هەواڵی لەدایک بوونی ئایشەی پێدەگەێنن، زۆر نارەحەت دەبێ و دەیهەوێ زیندە بەچاڵی بکا، بەڵام پەیامبەر ناهێڵێ. گۆیا، پەیامبەر پێی دەڵێ، ئەم کچەی تۆ قەدەمی خێرە، چوونکە کاتێک هاتۆتە دونیاوە، من بۆجاری دووەم جبرائیل سەردانی کردمەوە. ـ ئەمە، بەو واتایەیە، کە کاتێک ئایشە لە دایک بووە، تەمەنی پەیامبەر لە چل ساڵیدا بووە و بۆتە پەیامبەر  و دواییش لەتەمەنی ٩ ـ ١٢ ساڵیدا دەیخوازێ ـ

بەداخەوە، بەهۆی هێرش و داگیرکردنی کوردستانەکەی ئێمە لە لایەن هێرشکارانی عەرەبەوە، ئەم کولتوورە نەرێنییەی عەرەبەکان کاری لەسەر ئێمەش کردوو و بۆتە بەشێک لە کولتووری نالەباری ئێمەش. هیوادارم کۆمەڵی کوردەواری بێنەوە هۆش و کار بۆ لابردنی ئەم کولتوورە خراپ و زیان گەێنە بکەن. ژن و پیاو وەک مرۆڤ، یەکسان هەم لە دەرەوە و هەم لە ماڵەوە مافەکانیان وەک یەک پارێزراو بێ. هیوادارم پاراستنی مافی نێرینە و مێینە لە کۆمەڵی کوردەواریدا، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، کە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیانن، بکرێتە یاسا و ملپێچیکەرانی بە سزای یاسایی بگەێنن.

بژی یەکسانی و دادپەروەری. سەرکەوتوو بن ئەوانەی کە بوێرانە بۆبەکردەوەکردنی یەکسانی هەنگاو هەڵدەگرنەوە و لە هیچ کەند و کۆسپێک ناسڵەمێنەوە.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

تێبینی:

ئەم بابەتە بە هێندێک بژارکردنەوە لەم نووسینەی دواییمدا بەناوی " مرۆڤ، کولتوور و ئایین"دا، هاتووە.

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved