قوربانی کردن، یان خۆ بەقوربان کردن؟

لەوکاتەوە خۆمم ناسیوە و وەبیرم بێ ، منداڵانی دێ، لەو ئێوارەیەدا کە بڵێین، سبەینێ جەژنە، هەڵبەز دابەزمان  دەکرد و دەمانوت " دایکە لە خۆم، باوکە لە خۆم، بەیانی جەژنە تێر تێر دەخۆم"

ئەمە دەگەڕایەوە بۆ باری هەژاری و کەم دەسی خەڵکەکە کە نەیان بوو منداڵەکانیان لە برسێتی ڕزگار بکەن و تێریان بکەن.

لێرەدا پێم باش بوو، ڕوونکردنەوەیەک بدەم لەسەر جەژنی قوربان، کە جەژنی موسڵمانانی دنیا بە گشتی و موسڵمانانی کوردە بەتایبەتی.

پێش لەوەی بچمە سەر باسەکە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی مێژووی ئایینییە و زۆرێک لە حەشیمەتی کوردیش باوەڕیان پێیە، پیرۆباییان لێ بکەم.

بەپێی سەرچاوە ئایینییەکانی بڕوادارانی ئایینی ئیبراهیمی (یەهودی، مەسیحی و ئیسلام) کە هەرسێکیان بە ڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە سەر پەیامبەر  "ئیبراهیم"  (دخ)

گۆیا، پەیامبەر ئیبراهیم لەخەودا لەلایەن خواوە  پێێ دەوترێ جگەرگۆشەکەی خۆی "ئیسمائیل" سەر ببڕێ. تا لەخواوە نزیک بێتەوە. بە پێی ئەو سەرچاوانە، مەبەستی خوا تاقی کردنەوەی ئەو بەندەیەی خۆی بووە، کە تا چەند مل کەچی فەرمانەکانی خوایە. دوای ئەوەی هەم ئیبراهیم و هەم ئیسمائیل، مل دەدەن بەو دەستوورە خواییە، خواش پێیان دەڵێ، ڕاستە کە ئێوە مل کەچی فەرمانەکانی منن و ئامادەن جێ بەجێێ بکەن، لەباتی ئیسمائیل، بەرانێک دەنێرێ تا بیکاتە قوربانی.

لەو ڕۆژەوە تا ئێستەشی لەگەڵ بێ، بووەتە نەریتێکی نێو موسڵمانان و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا، ئەوانەی کە توانای ماڵییان هەبێ، بەو بۆنەوە حەیوانێک دەکەنە قوربانی. هەروەها بە پێی گونجان و جێگە و ڕێگەش، جەژن دەگرن.

قسەکەی من لێرەدا ئەوەیە، ئایا کەسێک بە مەبەستێکی تایبەت ئامادە بێ منداڵێک سەرببڕێ، فیداکارترە، یان کەسێکی وەک "پێشەوا قازی موحەممەد " کە ئامادەیە بۆ بەرژەوەندی گەلێک خۆی فیدا بکا؟

پەیامبەر "ئیبراهیم" (دخ) کەسێکیتر دەکاتە قوربانی، بەڵام، " پێشەوا قازی موحەممەد"  (هەزار ڕەحمەت لە گیانی پاکی بەبەهەشت شادی) خۆی دەکاتە قوربانی بۆ ئازادی گەلێک لە ژێر ستەم و نابەرابەری.

لە کۆتاییدا هیوادارم بە دەمارگرژییەوە وەری نەگرن و بە خراپە لێکی نەدەنەوە.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

جارێکیتر جەژنی قوربانتان لێ پیرۆز.

تێبینی:

بۆزانیاری زۆرتر لەو بارەوە، لەڕوانگەی ئایەتەکانی قورئانەوە، بڕوانە، سورەی، الصافات، ئایەتەکانی، ٩٩- ١١١.

ئەم بابەتە زۆر زۆرتر لەوە هەڵدەگرێ، بەڵام، لەهەگبەی ئەم کورتە نووسراوەیەدا، هەر ئەوەند جێی دەبێتەوە.

Qadirzada.com © 2009 - 2013. All rights reserved