ڕەوایی و ناڕەوایی خواردن و خواردنەوەکان.

ماوەیەکە سەرم سووڕماوە بەدەست جۆرەبیرکردنەوەیەک، کە لە ناو خەلکێدا بە گشتی  ـ  بەتایبەت ئەوانەی پێڕەوی ئایینی ئیسلامن ـ و ژمارەیەک کوردی خۆمانەوە . هێندێک جاریش لاملا و لەولاوە، نەک پێڕەوی لێدەکرێ، بەڵکوو زۆریش پێی لەسەر دادەگرن. ئەویش ڕەوایی و ناڕەوایی (حەڵاڵ و حەرام)ی ، جۆری بەشێک لە خواردن و خواردنەوەکانە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی، کە هیچ شتێک خۆی لە خۆیدا ناڕەوا (حەرام) نییە، مەگەر نەسی سەراحەتی قورئانی (لەسەر بڕوای باوەڕدارانی ئیسلام) بە ناڕەوا لەقەڵەم درابێت، ئەوە ناڕەوایە بخورێت، یان بخورێتەوە، دەنا هەموو شتێک ڕەوا و درووستە و لاملی تێمەکەن. یان لە وتەکانی باوەڕپێکراوی پەیامبەری ئیسلامدا ـ لەسەر باوەڕی ئەوانەی،کە پێیان وایە "موحەممەد " (دخ) پەیامبەرە و لای خواوە داسپێردراوە پەیامی خوا بە خەڵک بگەێنێ ـ هاتبێت.

من هەوڵ دەدەم مشتێک لە خەرواری ئەو ئایەتانە بە نموونە بێنمەوە، کە لەو بارەوە دەدوێن.

ـ الأنعام، ١٤٤ (بێژە، لەناو ئەوانەدا کەواپێم ڕاگەێنراوە، شتێکی وا پەیدا ناکەم، کە خواردنی لە کەسێک حەرام کرابێ، بێجگە لە مردارەوە بوو، یان خوێنی ڕژێندراو یان گۆشتی بەراز ـ کە پیسە ـ یان ئاژەڵی، کە بەناوی غیرەز خودا سەربڕاوە. هەر کەسێکیش ـ بەناچاری و بەبێ مەیلی ـ لەو ناڕەوایانە بخوا لە ئەندازەی تێر بوونی خۆی پتر نەخوا، بێگومان خوا بەخشندە و دلۆڤانە).

الماءدة،٤ ( وا لەمڕۆوەهەموو شتێکی خاوێنتان بۆ ڕەوایە، ئەو شتانەش کەوا ئەهلی کتێو دەیخۆن بۆتان ڕەوایە، هەروەک خواردەمەنی ئێوەش بۆ ئەهلی کتێب ڕەوایە)

هەروەها تماشای ئایەتی ٢ لە هەمان سورەتیش بکەن، کە لەو بارەوە دەدوێت.

پێرەوانی ئایینی "جوو"ش، پێیان وایە، کە گۆشتی بەراز خواردنی پیسە. بڕوانە، أخبار ١١:٧. تثنیة ١٤:٨.

پێڕەوانی ئایینی مەسیحیش پێیان ناڕەوا نییە و نۆشی گیانیانی دەکەن. ئەوان ئێژن هیچ خواردنێک خۆی لە خۆیدا پیس نییە، ئەوە مرۆڤەکانن بە پیرۆزی چاوی لێدەکەن، یان حەرامی دەکەن. بڕوانە: متی ، ١٥:١١ و ١٧ ـ ٢٠. مرقس، ٧:١٥ ـ ٢٣.

لەهەردۆخدا، ئەوەی زیاتر منی هاندا، لایەک بەلای نووسینی ئەم کورتە بابەتەدا بکەمەوە ئەوەیە، کە زۆرجار دەبینین و دەبیسین، کە ئێستەش کەسانێک هەن، زۆر ساویلکانە گۆڵی بازاڕی تیجارەتی بازرگانەکان دەخۆن و بەس بەوەی تماشای نایلۆنی ـ زەرف ـ خواردن و خواردنەوەکان دەکەن، کە لێی نووسراوە ڕەوا (حەڵال) ئەوە دەکڕن و دەیخۆن، دەنا ئەوانی دیکەیان پێ حەرامە.

ئەمە لە دۆخێکدایە، کە بەو بەڵگانەش لە قورئان و حەدیسە باوەڕپێکراوەکاندا هاتووە، ئەوانەی ئەهلی کتێون (زەردوشتی، یەهودی، مەسیحی، ئیسلام و ... ) خواردن و خواردنەوەیان بۆ یەکتر ڕەوایە ـ بەقەوڵی باوەڕدارانی ئایینی یەکخوا پەرەستی ـ .

ئەوەی زیاتر من پێی بەداخم، کە بۆچی ئێستەش کەسانێک هەبن گۆڵی بازار تیژی ئەو بازرگانانە بخۆن. تەنیا بەوەی کە کارخانەکان لەسەر پڵاستیکی، نایلۆن، کیسە و .... شتەکان دەنووسن حەڵاڵ و کیسەکان بە سەر دوکاندارەکاندا دەفرۆشن، ئەوان گۆڵیان پێ بخۆن.

من بە چاوی خۆم دیومە، کە لەسەر کیسەی "ماسی، نۆک، نیسک، قوتوی دۆ، کیسەی بڕوێش و ..." نووسراوە (حەڵاڵ) تۆ بێژی، ماسی، نۆک، نیسک، بڕوێش، دۆ و ... حەرامیش هەبێت؟!!!

هیوادارم ڕۆڵەی کوردی ئێمە، بەتایبەت ئەوانەی پەڕیوەی هەندەران بوون، بێنەوە هۆش و زانستیانە بیر بکەنەوە. گۆڵی مچ بڕە بازرگانەکان نەخۆن. چیدی خۆیان نەبەستنەوە بە بیری زیان گەێن. منداڵەکانیان بە ڕەوشتی بەرزی مرۆڤانە پەروەردە بکەن و بە چاوی قێزەون و گڵاو و پیسەوە، نەڕواننە هیچ مرۆڤێک.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved