ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، یان ڕاگرتنی سەربەخۆیی؟

 

ماوەیەکە لەم و لەو دەبیسم، کە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان نزیک بۆتەوە. لە لایەن دوژمنانی هەمیشەیی کوردیشەوە، وەک عادەتی هەمیشەییان هەڕەشە و گوڕەشە دەکەن.

وادیارە هەنگاوەکان بەرەو  ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان بەرەو چڵەپۆپە بڕوا، بۆیە دوژمنەکانیش زیاتر لە ڕابردوو وەخۆ کەوتوون.

ئەوەی جێگەی دوودڵی نییە، لە درێژایی مێژوی کۆن ونوێدا، زۆر گەل و نەتەوە بوون لە خاکی خۆیاندا سەربەخۆییان ڕاگەیاندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە خۆیان پێبگەێنن و خاکەکەیان بپارێزن، دواتر ڕیسەکەیان  بووەتە خوری. زۆرێک وڵاتیش هەبوون و هەن، کە مێژووی سەربەخۆییەکەیان نەک بە سەدان ساڵ، بگرە بە هەزاران ساڵیش کەمتر بووە لەوانیتر، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکگرتوو، پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بوون، زۆر باش توانیویانە خۆیان و خاکەکەیان بپارێزن.

پرسەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر گەلی کورد دەیەوێ پێ بە پێی وڵات و گەلانی جیهان لە ڕۆشنبیری، تێگەیشتووی، یەکگرتووی و ... بچنە پێش و چی دی، واز لە خۆ خۆری، خۆ بەزلزانی، دانی گەورەیی گەلانی دیکە بەسەر خۆیاندا، بوون بە داردەستی ئەملا و ئەولا و ... بێنن، بەڵی کاتی خۆیەتی ئێمەش بێژین دەمانەوێ چی دی ژێر چەپۆکی ئەملا و ئەولا نەبین و ئازاد و سەربەست لەسەر خاکی باب و دایەکانماندا بژین. بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت، واتا، وەک ئەوەی لە دواکەوتویدا ڕایان گرتوین، هەروا بین، لە باری کولتووری، ڕۆشنبیری، زانستی و ... بەرەو دوا بچینەوە، ئیتر سەربەخۆیی چ واتایەکی بە سوودی نابێ.  هیچ گەل و نەتەوەیەکیش بە ئەندازی کورد نرخی ئەو ئازادییەی نەداوە. بۆیە ، ڕاگرتنی سەربەخۆیی زۆر گرنگترە تا ڕاگەیاندنەکەی.

بەهیوای گەیشتنی گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی یەکجاری.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved