بەم شێوەیە منداڵەکەت لە قوتابخانەدا سەردەکەوێ

هەروەک ڕای زۆرێک لە پسپۆڕان و زانایانی بواری پەروەردە و فێرکەدن دەڵێن، باب و دایک بەردی بنەوای پێگەیاندن و تێگەیاندنی منداڵەکانیانن، هەم  بە لای ئەرێنی و هەم بە لای  نەرێنیندا، بێگومان لە بواری پەروەدە و فێرکردندا، ڕۆڵی گرنگ و ڕاستەوخۆیان لەسەر منداڵەکانیان هەیە. هەڵسوکەوتی باب و دایک، کاریگەری لەسەر منداڵەکانیان دادەنێ .  

ڕۆژێک لە کۆڕێکی نووسەراندا  لە نۆروێژ بەشدار بووم. چاوم بە نووسراوەیەک کەوت کە باسی لەسەر خوێندن و چۆنیەتی پێشکەوتنی خوێندکار دەکرد. منیش لەبەر گرنگی باسەکە و پێویستی لەبەرچاو گرتنی ئەو بابەتە بۆ دایک و بابە کوردەکان، بە پێویستم زانی وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی و پێشکەش بە خوێنەرانی بکەم بەو هیوایە کاری لەسەر بکرێ و کەڵکی بە سوودی هەبێ .

ئەم نووسراوەیە لە ڕۆژنامەی "داگبلادە" ١٧/٩/٢٠١٢ دا هاتووە و دەڵێ:

بەم شێوەیە منداڵەکەت لە قوتابخانەدا سەردەکەوێ. "توماس نوردهل" لێکۆڵەر و پرفسۆر لە بواری پەروەردە لە زانکۆی هدمارکی وڵاتی نۆروێژ، دەڵێ:

 (باب و دایک کاریگەرترین ڕۆڵیان هەیە لە  سەر منداڵەکانیان  لە چالاک بوون و زیرەک بوونیان  لە خوێندندا، تا زۆر کەس و لایەنی دیکە).

کەوایە، دەبێ بەم شێوانەی خوارەوە لەگەڵ منداڵەکەیان هەڵسوکەوت بکەن .

*/بە منداڵەکەتی نیشان بدە کە تۆ/ئێوە خەمخۆری منداڵەکەتی لە بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنیدا لە قوتابخانە. ئەمەش بە لێپرسینەوە و بەدواداچوون لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دەرسەکانی، چۆنییەتی هەڵسوکەوتکردنی مامۆستا لەگەڵیان، ڕۆژانە چ فێر دەبن و ... ، لە خوێندنگەدا. ئەمە وا لەو خوێندکارە دەکا کە باشتر سوور بێ لەسەر ئەنجامدانی دەرس و وانەکانی و دڵگەرمتر بێ لە چوون بۆ قوتابخانە .

لەو دەرسانەدا کە پێویستیان بە هاوکاریکردن و یارەمەتی وەرگرتنە، یارمەتیان بدەن .

ئەگەر توانایی زانستیتان نەبوو (بەداخەوە زۆرێک لە باب و دایکانی کورد تواناییان نییە) ئەوە پەنا بەرنە بەر ئەم و ئەو بۆ یارمەتی وەرگرتن. ئەوەش بزانن کە بەوەی کە گوێی لێدەگری و ئامادەیی خۆت/خۆتان دەردەبڕن بۆ ئەوەی یارمەتی ڕۆڵەکەتان بدەن، لەخۆیدا یارمەتی پێکردنە. چوونکە لە لایەنی دەروونییەوە ئەو قوتابییە هەست بە بوونی خەمخۆری و پاڵپشتی ئێوە دەکا و ئەوەش هێز و ورەی پێدەدا.

 ئەنجامدانی دەرسەکانی لا کەمبایخ  مەکەوە .

لەبەر ئەوەی کە بەشداری لە چالاکییەکاندا دەکا، لەگەڵ هاوڕێ و دۆستەکانیدا دەچن بۆ گۆڕەپانی یاریکردن، یان هەر سەرقاڵییەکی دیکە و ... ، با پێش لە هەموو شتێک دەرسەکانی ئەنجام بدا. ئەمە وای لێدەکا کە گەورەیی وانەکانی بدا بەسەر هەموو شتێکدا و لە ئاکامدا سەرکەوتنی مسۆگەرە.

لە نێو ئەو ڕۆژانەدا کە بەرنامەی دەرسیان هەیە، واتا پشووی هاوینە، زستانە، پاییزە و ... هتد، نییە، منداڵەکەتان لە خوێندن دوور مەخەنەوە.

دەکرێ باب و دایکان بەرنامەی سەفەر و گەشتەکانیان وا دابڕێژن کە بۆ هەموو لایەنێک گونجاو بێ. دوورخستنەوەی قوتابی لە خوێندن بۆ ماوەیەکی کەم تا زۆر، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو خوێندکارە دەبێ. دەبێتە هۆی سارد بوونەوەی قوتابی و دواکەوتنی لە دەرس و وانەکانیدا. ئەمەش بۆ بەدەسهێنانی پلەی بەرز و زاڵ بوون بەسەر ئەنجامدانی دەرسەکانیدا کاریگەری نالەباری هەیە .

لەسەر مامۆستا و قوتابخانە بە ئەرێنی بدوێن.

پێچەوانەی ئەم شێوە ئاخافتنە دەبێتە هۆی دڵساردبوونەوەی قوتابی لە خوێندن و خوێندنگە. هەروەها دەبێتە هۆی دڵساردبوونەوەی قوتابی لە مامۆستا و ئامۆژگاریەکانی بە هێند وەرناگرێ.

هەرچی لەدەستان دێ بۆ ئەوەی ڕۆڵەکەتان هاوڕێ و دۆست پەیدا بکا چ لە قوتابخانە و چ لە دەروەدا، ئەنجامی بدەن. بوونی هاوڕێ و دۆست، بەسەربردنی کاتی بێکاری و سەرقاڵی بە وەرزش و زاخاوی مێشک بۆ قوتابی زۆر پێویستە. هندێکجار میوانداری ژمارەیەک هاوڕێی منداڵەکەتان بکەن بۆ ماڵەوە، یان با ئەمان  بچنە سەردانی ئەوان.

بێگومان، تێکەڵاوی و پێوەندی بە دۆست و هاوڕێ و دراوسێ و ... ، منداڵ فێری کۆمەڵایەتی بوون دەکا. پێچەوانەکەی دەبێتە هۆی دوورەپەرێزی لە خەڵک و بۆ داهاتووی ئەو منداڵە زیانی هەیە.

. لەگەڵ منداڵەکەتان بکەونە وتووێژ کە چاوەڕوانی ئێوە لەوان چییە و ئەوان چییان لە ئێوە دەوێ

جێگەی دوودڵی نییە کە گشت دایک و بابێک چاوەڕوانی سەرکەوتنی زۆرتر لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لە ڕۆڵەکەیان دەکەن. ئەمەش بەبێ هاوکاری و پاڵپشتی دایک و بابەکان بۆ ڕۆڵەکانیان بەدی نایە. هەروەها منداڵەکانیش هەردەم باب و دایکیان بە هاندەر و پشتیوانی خۆیان دەزانن و لەو بارەوە چاوەڕوانی زۆریان لێیان هەیە. شایانی باسە، نابێ منداڵەکان هەموو کاتێک چاو لە دەسی دایک و بابیان بن بۆ ئەوەی کارێکیان بۆ ئەنجام بدەن، چوونکە دەبێتە هۆی لەدەسدانی سەربەخۆیی لای ئەو منداڵانە .

لەگەڵ مامۆستای قوتابخانە بیروڕا بگۆڕنەوە،بزانن منداڵەکەتان  چەندە کاتی پێویستە بۆ ئەوەی وانەکانی ئەنجام بدا؟

بۆ ئەوەی بەرنامەی درووست بۆ منداڵە خوێندکارەکەتان لەبەرچاو بگرن، دەبێ کاتەکەیان دابەش بکەن بۆ ئەنجامدانی دەرسەکانی، وەرزش و چالاکی، سەردانی هاوڕێ و دۆستەکانی و ... هتد

ئەوەی کە باسمکرد، هەڵبژاردەیەک بوو لە بیروڕای پرفسۆرانی بواری پەروەردەی وەک: توماس نورداهل، پێدر هاوگ و هۆڤارد تیورا، کە هەرکامە و لە بواری پەروەردەدا پسپۆڕن لە زانکۆکانی نۆروێژدا.

دیارە ئەوانە هەموو شتێک نەبوو کە دەبێ دایک و باب لەپێشچاوی بگرن، بەڵام خاڵگەلێکی گرنگ بوون. بەو هیوایە بەلای دایک و بابی ئێمەشەوە بە گرنگ چاویان لێ بکرێ.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

١٩/١٠/٢٠١٢



Qadirzada.com © 2009. All rights reserved