هێندێک شتی ژنان کە پیاوان دەبێ بیزانن و بە پێچەوانەشەوە.

 سەرەتا بەپێویستم زانی، کە ئێمەی مرۆڤ دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین، زۆربەی کێشە و گرفتەکانی نێوان ژن و مێردەکان،

دەگەڕێتەوە سەر لەیەکتر تێنەگەیشتنیان، هەم لە باری لەشی و هەم لەباری دەروونییەوە. بۆیە من لێرەدا ئاماژە بە

 هێندێک خاڵ دەکەم هیوادارم بۆ زۆر لەیەکتر تێگەیشتنی نێوان ژن و مێردەکان لەپێشچاوی بگرن و کاری لەسەر بکەن.

 

ـ پیاوان دەبێ بزانن، کە ژنان زۆر دۆخی لەشی وەک، سوڕی مانگانە، منداڵ بوون، سەرقاڵی بە کاری ماڵەوە، سۆزی

 زۆرتر بۆ منداڵەکانیان زۆرتر لەپیاوان، هەڵچوون و تووڕەبوونی زۆرتر لە پیاوان، دەربڕینی تووڕەییەکانیان لە وەخت و

 ناوەختدا، کەمتر پاراستنی سڕی نێوان خۆیان و مێردەکانیان و ئاشکراکردنیان لای ئەم و ئەو بە بەراوەرد لەگەڵ

 پیاوان، بۆ ئامادە بوون بۆ کاری سەرجێی لەگەڵ پیاوەکانیان، پێویستیان بە نیشاندانی خۆشەویستی لەهەر ڕێگەیەکی

 گونجاوەوە لە لایەن مێردەکانیانەوە، تا ئامادە بن بۆ کاری سەرجێی لەگەڵ پیاوان، بەڵام پیاوان، بە پێچەوانەوە

 پێویستییان بەو زەوینە لەبارکردنە نییە و هەردەم ئامادەن.  هەروەها، لەخەو هەستانی ژنان بۆ ئەوەی کاری

 سەرجێیان لەگەڵ بکەی، زۆر زیانی هەیە و ناتوانن وڵامدەری داواکانی مێردەکانیان لەو کاتانەدا بن.  هەروەها لەباری

لەشی و دەروونییەوە دەبێ سالم بن و تووشی هیچکام لەو گرفتانە نەبن، دەنا وڵامدەری خواست و حەزەکانی پیاوان

 لەو کاتەدا نابن.  ژنان زۆریان پێناخۆشە، کە شوێندۆزی شتەکانیان بکرێ و جانتا و گیرفانیان بپشکێنرێ، کەوایە با

 پیاوان شتەکانیان نەپشکنن. پیاوان نابێ چێو  بە شارەزەردەواڵەدا  بکەن و بە ڕاست یان گاڵتەلەگەڵکردن، لای

 ژنەکانیان جۆرە شۆخییەک بکەن کە ئەوان بخاتە گومانەوە لێیان، بۆ نموونە، بڵێن فڵانە ژنم پێ جوانە و بریا تۆش

 وەک ئەو بایەی. خۆزگەم بە فڵانە پیاو ژنەکەی جوانە، یان هێندێک قسە و لێدوان کە گومان لای ژنەکان درووست بکا.

 هیچی تێناچی کە مێردەکان زۆرجار بە ژنەکانیان بڵێن، خۆشم دەوێی. بەڵام ئەم وتنە دەبێ بە هەڵسوکەوتکردن

 لەگەڵیان  بسەلمێ.  سەفەر کردنی بێ هۆی زۆرجاری پیاوان بەتەنیا گومان لای ژنەکان درووست دەکا، بڤەیە، خۆتانی

 لێ بپارێزن. بۆ دەربڕینی پرس و ڕاکانیان، گەلێک پێویستە پیاوان گوێیان بۆ بگرن و لاملیان تێنەکەن تا بتوانن گلەیی و

گازەندەکانی خۆیانیان پێ بڵێن و لە لایەکی دیکەشەوە، باشتر لەیەکتر تێبگەن، تا نەبێتە گرفتێکی دەروونی بۆیان و

 ئەوجار چارەسەر کردنی ئاستەم بێ. بێگومان پیاوان دەبێ ئەم ڕاستییەش بزانن و لە بیریان نەچێ. ئەم جیاوازییە

 گەلێک پێویستە پیاوان بیزانن تا چاوەڕوانییەکانیان لە توانایی ژنەکانیان بەدەر نەبێ. دەربڕینی ناڕەحەتییەکانیان

 لە ڕێگەی گریان و فرمێسک هەڵڕشتنەوە و دەیان و سەدانی دیکە، کە پیاوان یان هەر نییانە یان زۆر کەمتریان هەیە.

پیاوان ئەگەر ئەم ڕاستییانە و دە هێندەی دیکەش نەزانن، چاوەڕوانییەکانیان لە ژنەکانیان بەراوەرد ناکرێ و بێگومان،

 کێشە سەرهەڵدەدا. وەک ئەوەی بەدەیان و سەدان جار گوێمان لە پرتە و بۆڵەی پیاوان لەسەر ژنەکانیان بووە، دیارە

 وەک پێشتریش باسم کرد، هۆکەی زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ لێتێنەگەیشتنی پیاوان لە ژنەکانیان.

ئەمجار بەپێچەوانەوە

ئەمجار دەبێ بە ژنان بڵێێن، هیچ شتێک یەک لایەنە نییە و چەپڵە بە دەستێک دەنگی لێنایە.

ژنانیش پێویستە ئەو ڕاستییە تێبگەن، کە مێشکی ئەوان و مێردەکانیان جیاوازی هەیە. بۆ نموونە، ژنان هەردوولای

 مێشکیان ئیش دەکا و لە یەک کاتی تەنیادا دەتوانن وڵامی چەندین پەرسیارکەر بدەنەوە، بەڵام پیاوان بە پێچەوانەوە،

 تەنیا لایەکی مێشکیان ئیش دەکا بۆیە دەتوانن تەنیا وڵامی یەک پرسیارکەر  بدەنەوە. ئەمە وای کردووە، کە زۆرجار

 پیاوان بە ژنەکانیان بڵێن، ئێوەی ژنان زۆر بڵێن.

ـ پیاوان ئەگەر حەزی کاری سەرجێێان هەبوو لەگەڵ ژنەکانیان، بە ڕەوا بێ، یان ناڕەوا، بە بێ ئەوەی دۆخی ژنەکانیان

 هەم لە باری لەشی و هەم لەباری دەروونییەوە لەپێشچاو بگرێ، تووڕە دەبێ بەسەر ژنەکەیدا و هەزار و یەک بیانووی

پێدەگێڕێ.

ـ پیاوان بۆ داهات و دەرکەوتی ماڵ، بیری وردتر لە ژنان دەکەنەوە (ئەمە گشتی نییە)  بۆیە زۆرجار پیاوان لە لایەن

 ژنەکانیانەوە دەکەونە بەر گلەیی و گازەندە و بە مشت قوچاو ناویان دەبەن. لەوانەیە هۆکەشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە،

 سەرچاوەی داهات زۆرتر بەدەست پیاوانەوەبووە. کەوایە، باشترین چارەسەر بۆ ئەم دوودڵییە لەم بارەوە، ئەندامانی

ئەو بنەماڵە، کۆزەی کارگەل ببینن، ئەوجا کەوچک لە ماست داگرن. واتا، زۆر و کەمی داهاتەکە لەپێشچاو بگرن و بەو

 پێیە خەرج بکەن.

لەکۆتاییدا دەبێ بڵێم، ئەوە دڵۆپێک لەدەریای سڕە ئاشکرا نەکراوکانی نێوان ژن و مێردەکانە. بەکورتی و بە پوختی "

 ئەو کەسە کەسە، جارێکی بەسە"

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

Qadirzada.com © 2009 - 2013. All rights reserved