خەتەنەکردن

ئەم دیاردە پڕ زیانە لە زۆر گۆمەڵگەی دواکەوتوودا باو بووە و ئێستەش بەردەوامە، بە کۆمەڵگەی کوردەواریشەوە. گومان لەوەدا نییە، لەو کۆمەڵگایانەدا ئەم نەریتە باوە، لەناوچەیەکی ئەو ناوچانە بۆ ناوچەیەکی دیکەی جیاوازە. واتە، لە هێندێک ناوچەدا، زۆرتر و لە هێندێک ناوچەشدا کەمترە. لە هێندێک ناوچەدا بەرەو نەمان چووە و لە هێندێک ناوچەشدا، ئەو ڕەوتە زۆر بە سستی بەرەوپێش چووە. بەداخەوە لە هێندێک جێگە و شوێنی ئەم سەرگۆی زەوییە، بەتایبەت کۆمەڵگەکانی ئەفریقی، لەبەر دواکەوتووی کولتووریان، نەک تەنیا خەتەنە کردن (بڕینی پارچەیەک لە گۆشتی شەرمگەی مێینە) بەڵکوو، شەرمگەی کچەکانیان دەدورنەوە. بەخۆشییەوە، لەبەر کاریگەری ئەرێنی وڵاتانی پێشکەوتوو لەسەر گۆڕینی کولتووری کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا ئەم دیارەدەیان پێ پڕ زیانە و هەنگاویان بۆ قەدەخەکردنی هەڵگرتۆتەوە، بەڵام لە هێندێک لە کۆمەڵگەکانی دیکەدا، مل بە یاسا حوکومییەکان نادەن و ئەو کارە دەکەن. بەداخەوە لای خۆشمان، هێشتا نەکراوە بە یاسا و ئەنجامدەرانی ئەو کارە سزایان بۆ دیاری نەکراوە.

وەک ڕوونە، ئەم کولتوورەش وەک کولتوورە پڕ لەزیانەکانی دیکە، شۆڕاوەی بەرەکانی پێشن. هۆی سەرەکییەکەشی کەمکردنەوەی هەستی سۆز و عشقی مێینەکانە. ئەمەش ستەمێکی سەر ئەو هەزاران ستەمەکانی دیکەیە بۆ سەر ژنان. گومانی تێدا نییە، ئەمەش کولتوورە و پێوەندی بە هیچی دیکەوە نییە. لەسەردەمانی زۆر زوودا ئەنجام دراوە. دیارە خەتەنەی پیاوان، لەسەردەمی "ئیبراهیم" پەیامبەرەوە، مۆرکێکی ئاینییان پێوە ناوە و بە پێویستیان زانیوە، بەڵام هی مێینە، نە لە قورئان و نە لە وتەکانی پەیامبەری ئیسلامیشدا ئاماژەی پێنەکراوە. بەڵام لە حەدیسێکدا هاتووە، کە خەتەنەی کوڕانی بە باش زانیوە.

بڕوانە، البخاری ٧٧:١٣، مسلم ٢:١٤.

خەتەنەی پیاوانیش، بەشێکی زۆری لەبەر پاک و خاوێنییە، بۆیە دەکرێ ڕەوایی پێبدرێ.

خەتەنەکردنی کوڕان لای پێڕەوانی ئایینی یەهودی، ئەرکێکی ئاینیە و دەبێ جێبەجێ بکرێ. لە "تەوارت"دا، هاتووە، کە خودا بە "ئیبراهیم" پەیامبەر ئێژێ "ئەرکی تۆ و منداڵەکانت و نەوەکانی پاش ئەوان ئەوەیە، کە پەیمانی من ڕابگرن. هەموو پیاوان و کوڕانی ئێوە دەبێ خەتەنە بکرێن، تا دەرکەوێ، کە پەیمانی منتان قەبوڵ کردووە. هەر کوڕێک پاش هەشت ڕۆژ دەبێ خەتەنە بکرێ" (ئافڕاندن ١٧/١١ـ٩) بەڵام ئەم نەریتە لای مەسیحیەکان، هیچ پێویست نییە. بەڵام لای ئیسلامەکان دووبارە گەڕانەوە سەر بیری یەهودییەکان، بەڵام کەمێک سووکتر، واتا، پێیان وایە، خەتەنەی کوڕان بکرێ باشترە، نەک وەک پێویست دانرابێ.

لەهەردۆخدا، خەتەنەی کوڕان بەلای منەوە زۆر جێگەی لێدوان نییە، بەڵام هی مێینەکان ستەمە و لە ژنان دەکرێ. بەشێکی زۆر لە هەستی عشقی دەکوژێ. دەبێتە هۆی سەرکزی لای ژانان. کاریگەری نالەباری هەم جسمی وهەم دەروونی دەبێ. کەوایە، هەرچی زووترە دەبێ یاسای ڕیشەبڕکردنی ئەنجامدانی خەتەنەکردن بکرێ بە یاسا و ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی بگەێندرێن. بەتایبەت لە باشووری کوردستان، کە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەری ئەو بەشە لە کوردستان بە دەستی خودی کوردانەوەیە، زۆر پێویستە ئەو کەسانەی ئەو تاوانە دەکەن بدرێنە دادگا و سزایان بۆ دیاری بکرێ. هەتا ئەم نەریتە قێزەونە قەدەخەکردنی نەکرێ بە یاسا، هەر بەردەوام دەبێ و ڕیشەبڕ نابێ. لەلایەکی دیکەشەوە، دەبێ ژنانی کورد خۆیان بێنە هۆشا و چیدی قەبوڵی ئەو کولتوورە پڕ زیانە لەسەر خۆیان قەبوڵ نەکەن. بەو هیوایە هەنگاوی جدی و بە پەلە بۆ قەدەخەکردنی خەتەنەی ژنان یاسایی بکرێ.

تێبینی:

ئەم بابەتە لە دوایین پەرتووکم بەناوی "ژن و ژیان"دا، هاتووە.

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved