خێزانێکی بەختەوەر

ئەم بابەتەیان زۆر لایەن دەگرێتەوە، کە بریتی دەبن لە:

پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی، سیاسی و ... هتد. کەوایە، هەموو فێرکاریی و لایەنە پێوەندیدارەکان دەستیان لە درووست کردنی خێزانێکی بەختەوەر و پێشکەوتوودا هەیە. هەموو ئەو لایەنانە و چەند هێندەی دیکەش دەس دەدەنە دەستی یەکتر و پیکەوە هاوکار و یاریدەدەر دەبن بۆ ئەوەی ئەندامانی بنەماڵەیەک بە بەختەوەری پیکەوە بژین و دواتریش کاریگەری باشیان لەسەر دەوروبەرەکەیان هەبێت.

پەروەردە گرنگترین و بنچینەیە بۆ درووستکردنی بنەماڵەیەکی زانا و پێشکەوتوو. پاشان کۆمەڵگە بە هەموو دام و دەزگاکانییەوە. کولتووریش لەسەر ڕیشەکەی سەوز دەبێت، کە ماڵەوەیە و پاشان لەکۆمەڵگەدا برەوی پێ دەدرێت. بڕوای کولتووری، ئایینی، سیاسی و ... ،ش، هەموویان گرێدراوی یەکترن. هەرکام لەو بیرۆکانە ئەویتریان بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت. گشتیان بە هەردوولایەنی ئەرێنی و نەرێنیدا گاریگەریان لەسەر یەکتر هەیە.

خێزانێک ـ عایلە ـ لە دایک، باب، کچ/ کچەکان و کوڕ/ کوڕەکان پێک دێت. دایک و باب کۆڵەکەی ڕاگرتنی ئەو خێزانەیە، هەربۆیەش دەبێ لەڕاگرتنی بە درووستی و زانستیانەی ئەو خێزانە ڕۆڵی گرنگ بگێڕن. من لێرەدا هەول دەدەم ژمارەیەک خاڵ بە کورتی ئاماژە پێ بکەم، کە دەبنە هەوێنی درووست ڕاگرتنی خێزانێکی بەختەوەر.

ـ لە کتێبی "ژن و ژیاندا" ژمارەیەک مەرجم باس کردووە، کە ژن و مێردەکان پێش لە بڕیاری بوون بە هاوژیان دەبێ چ بکەن، کە بنەوان بۆ دەسپێکی درووست کردنی خێزان، بۆیە لێرەدا لە دووپاتە کردنەوەی خۆم دەبوێرم. ئێوەش لەو بابەتەدا بچنەوە سەری و بیخوێننەوە.

ـ لەباسی "پەروەردەش"دا، لەسەر چۆنیەتی ئەو بابەتە و گرنگی ڕۆڵی دایک و بابەکان لەو پێوەندیەدا خستۆتە ڕوو، کەوایە لێرەشدا سەری ئێوەی پێوە قاڵ ناکەم.

ـ جیابوونەوەی دایک و بابەکان، یان بوونی نێوان ناکۆکی و شەڕ و ئاژاوەی نێوانیان خراپترین کاریگەری لەسەر لەش و دەروونی منداڵەکان دادەنێت. کەوایە، ئەگەر منداڵەکان لەخۆشەویستی و سۆزی دایک و بابەکان تێر نەبن، بێگومان پەنا دەبەنە بەر ئەملا و لاو و خۆیان دەدەنە دەست قەزا و قەدەر و بەو جۆرە شیرازەی ئەو بنەماڵەیە تێک دەچێت.

ـ یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی دایک و بابەکانە، کە هۆی سەرەکی لەیەک گرێدان و گەرم ڕاگرتنی بنەماڵەکەن، هەردەم هەوڵ بدەن لە کاتی ژەمە خواردنەکان ئەوەندەی بۆیان دەکرێت، با پێکەوە و لەسەر یەک سفرە خواردن بخۆن.

ـ دوای تەواو کردنی خواردنەکان، با هەرکام لە کوڕ و کچەکان ئەرکی کۆکردنەوەی سفرە و پاشماوەی خواردنەکان وەک یەک و بە بێ جیاوازی بە ئەرکی خۆیان بزانن. بێگومان ئەم جۆرە هەڵس و کەوتانەش لە باب و دایکی خۆیانەوە فێر دەبن. ئەم گردبوونەوەی گشت ئەندامانی بنەماڵە لە کاتی ژەمە خواردنەکاندا سۆزی ئەو ئەندامانی بنەماڵەیە بۆ یەکتر زیاد دەکا و زۆرتر بە یەکیانەوە گرێ دەدات.

ـ هەموو ئەندامانی بنەماڵە بە کچ و کوڕەکانەوە لەمافی ئەندامیدا یەکسانن و هیچیان پلەیەک لەویتریان بەرزتر یان نزمتر نین. کەوایە، دەبێ لە میرات وەرگرتنیشدا وەک یەک بن. ڕەچاوکردنی ئەم مافی یەکسانیەی ئەندامانی خێزان دەبێتە هۆی ئەوەی، کە هیچیان لەویتریان خۆی بە زلتر یان کەم هێزتر نەزانێت.

ـ ئەندامانی خێزانێکی بەختەوەر، دەبێ خۆیان بە خاوەن و بەشداری هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانی یەکتر بزانن. بۆیە هەردەم دەبێ بە هانا و بانگی یەکترەوە بچن.

ـ ئەندامانی خێزانێکی بەختەوەر، نابێ خۆیان هەڵقورتێننە ژیانی یەکترەوە، واتە، ئامۆژگاری یەکتر کردن و دڵسۆزی دەبێ لە دەستێوەردانی ژیانی کەسێتی یەکتر، لەیەک جیابن و تێکەڵاو نەکرێن.

ـ بیروڕا گۆڕینەوەی ـ دیالۆگ ـ ئەندامانی بنەماڵەیەک لەسەر دۆخ و بابەت و پێشهاتەکان، ڕێز گرتن لە ڕای یەکتر، دانەسەپاندی بە زۆرەملی ڕای هیچکام لە ئەندامانی ئەو خێزانە بە گەورە و بچووکەوە بەسەر یەکتردا، بە هێند وەرگرتنی ڕای جیاوازی یەکتر، پیشاندانی خۆشەویستی هەرکام لە هاوسەرەکان بە وتن و کردەوە بۆ یەکتر، دەسخۆشی کردنی هەرکام لە ئەندامانی بنەماڵە بەتایبەت هاوسەرەکان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی ماڵ و دەرەوەدا و ... ، بنمایەکی گرنگن بۆ گەیشتن و وەدەست هێنانی ئامانجێکی سەرکەوتووانە، کە بە سوودی هەموویان بێت.

ـ هەموو داهات و دەرکەوت و کڕین و فرۆشتنێکی کەرەستەی ئەو بنەماڵەیە دەبێ بە ڕازی و ئاگاداری هەموویان بێت تا هەموویان لەو ماڵەدا خۆیان بە خاوەن و بەشداری هەموو سوود و زیانەکانی ئەو ماڵە بزانن. پێچەوانەی ئەمە، ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە هان دەدات بۆ ئەوەی دزەشارکێ لەو ماڵەدا بکەن، بێگومان ئەم کارەش شیرازەی خێزانەکە تێک دەدات.

ـ هەموو ئەندامانی گەورەی بنەماڵەیەک لەبەرامبەر بچووکەکانی ئەو خێزانە، دەبێ خۆیان بە بەرپرس بزانن. منداڵەکانی ئەو خێزانەش دەبێ فێر بکرێن، کە ڕێز لە گەورەکانیان بگرن.

ـ ئەندامانی گەورەتری خێزانێک پێویستە بە چەشنێک لەگەڵ بچووکەکانی ئەو ماڵەدا بجوڵێنەوە، کە ڕاستیەکانیان لێ نەشارنەوە، تا ئەگەر هەڵەیەکیشیان لێوەدەرکەوت، مەزنەکانیان بتوانن چارەسەری گونجاوی بۆ ببیننەوە. هەروەها بچووکەکانیش پێویستە وا ڕایان بێنن، کە گەورەکانیان دڵسۆزیانن. ئامۆژگاریەکانیان بە ئەمر پێکردن ـ بە تۆپزی ـ وەرنەگرن. واتا، ئەندامانی خێزانێک پێویستە هاوڕێی دڵسۆز بن بۆ یەکتر.

بەکورتی و بەپوختی، هەرچی ببێتە هۆی گرێدانی ئەندامانی بنەماڵەیەک بە تایبەتی و گرێدانی ئەو بنەماڵەیە بە کۆمەڵگەوە بە گشتی و پێگەی ئەو ئەندامانە لە کۆمەڵگەدا بتەو بکا، ئەوانە دەبنە هۆی بەختەوەری ئەو خێزانە. هۆکارەکان زۆر لەوانە زۆرترن، کە باسم کرد، بەڵام ئەمانە کورتەیەک لە باسکردن و خستنەڕووی هێندێک خاڵی پێویست بۆ ڕاگرتنی خێزانێکی بەختەوەر و سەرکەوتوو بوون.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

٢٥/١١/٢٠١٥

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved