خستنەڕووی ڕاستییەکانی مێژوو، بەواتای بێڕێزیکردن بە پێڕەوانی ئایینەکان نییە.

لەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتیدا، بڕوا بە زۆر ئایین و ڕێبازی ئایینی جۆراوجۆر هەبوون و ئێستەش هەن. بۆ بەڕێوەبردن و بانگەشەکردنی ئەو بڕوا جۆراوجۆرانەش کادر و ڕێبەر و زانای زۆر هەبوون. بێگومان هەرکام لەو ئایین و بانگخوازانە، هەوڵیان داوە گۆڕانکارییەک، جا بە لایەنی ئەرێنیدا بووبێت، یان نەرێنی،گۆڕانکارییەکیان بە بەراوەرد لە گەڵ ڕابردووی ئەو بیرە نوێیەدا پێک هێناوە.

 گومان لەوەشدا نییە پێڕەوانی بیرە کۆن و نوێیەکە هەردەم لە ململانێدا بوون. پێڕەوانی بیرە کۆنەکان هەوڵیان داوە نەهێڵن بیری تازەیان بەسەردا زاڵ بێت و پێڕەوانی بیرە نوێیەکەش هەوڵیان داوە بەرنامەکەیان سەرکەوێت. بۆ ئەو مەبەستەش بە دەریا خوێن ڕژاوە و بە سەدان و هەزاران و بگرە بە میلیۆنانیش خەڵکی بێتاوان و بیر کورت بووبونە قوربانی دەسەڵات خوازانی ئەو بیرە کۆن و نوێیانە.

شایانی باسە. زۆرجار مێژوو نووسان و کادیرانی هەرکام لە بیرە کۆن و نوێیەکان وەک ڕاستی مێژووی، مێژووەکانیان نەنووسیوەتەوە و هەوڵیان داوە تای تەرازوو بەلای بیرکردنەوەکەی خۆیاندا بشکێننەوە.

لەم پێوەندییەدا، زۆر هەڵس و کەوتی زیان گەێن لە لایەن ڕێبەران و کادیرانی هەرکام لەو ئایینانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام لەلایەن خەڵکانێکی ساویلکەوە پشت گوێ دەخرێ و باسکردنیان بە بڤە دەزانرێت. یان لەم و لەوەوە، لێرە و لەوێ دەیبیسن، وێژەرەکە بە کافر و بێدین بە ئەژمار دێنن و پێیان وایە وتنی ئەم ڕاستییە مێژوویانە، سووکایەتییە بە دین.

 من پێم وایە. ڕۆڵەی کوردی ئێمە، بەتایبەت نەوەکانی دوای ئێمە زۆرپێویستە لە ڕاستی مێژووی ئایین و ڕێبازە ئایینیەکان تێبگەن. سووکایەتی بە پێڕەوانی هیچ ئایین و ڕێبازێکی ئایینی نەکەن. گەورەیی هیچ ئایینێک نەدەن بەسەر ئەو ئایینەکانی دیکەدا. ڕێزی بەرامبەر لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵی کوردەواری بگرن. مەجاڵ بە هیچ کەس نەدەن لە بیری ئەوان بە قازانجی خۆیان کەڵک وەرگن. لەبیرکردنەوەدا سەربەخۆبن و ... .

ئەگەر ئێمە وا بیر بکەینەوە، ئەوسا دەبین بە خاوەنی کۆمەڵگەیەکی بێ گێرە و کێشە و پێشکەوتوو. هیوادارم مەلاکانی ئێمە لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە هانی خەڵک بدەن بۆ پاراستنی مافی یەکسانی هەموو هاووڵاتیانی دانیشتووی کوردستان، بەوانیشەوە، کە کورد نین و دانیشتووی کوردستانن.

داوام لە مامۆستای قوتابخانەکانە، بە تایبەت دانیشتوانی باشووری کوردستان، قوتابیان لەسەر پاراستنی مافی بەرامبەر بار بێنن.

داوام لە دایک و بابەکانە، بێڵن ڕۆڵەکانیان ئازاد بن لە بیرکردنەوەدا و ئامۆژگاری بە کەڵکیان بکەن. هەموو بیرکردنەوەیەکی خۆیانیان بەسەردا نەسەپێنن.

هیوادارم خوێنەرانی کورد ئەم کورتە بابەتە بە دەمار گرژییەوە نەخوێننەوە و ڕاستییە مێژوویەکان وەک بووە قەبوڵ بکەن. پیرۆزییەکان پێشچاویان نەگرێ بۆ دیتن و بیستن و قەبوڵکردنی ڕاستییەکان.

 

لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو لایەک. مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved