بوونی یاسا و پرینسیپ گرنگە، یان پێڕەوی لێکردنی؟

 

 

لەزۆر یاسا و پرینسیپی سەر کاغەزی دونیا، گەلێک مادە و خاڵ و بەندی جوانی تێدایە، کە ئەگەر بەتەواویش نەبێت، زۆر لە مافەکانی مرۆڤایەتی تێدا ئاماژەی پێکراوە. لەزۆرێکیاندا مافەکانی پاراستنی یەکسانی  نێوان ژن و پیاو، منداڵ، هەژار و داماو، بێدەسەڵات و ... ، تێدایە.

کاتێک ئەو یاسایانە دەخوێنییەوە و بەراوەردیان دەکەی لەگەڵ جۆری هەڵس و کەوتی خودی ئەو کەسانەدا دەسیان بووە لە نووسینی ئەو یاسایانەدا، مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ. کەوایە، پاراستن و پێڕەویلێکردنی ئەو پرنسیپە مرۆییانە گرنگترن، لە بوونیان لەسەر لێنووسەکان.

لەژیانی خۆمدا ژمارەیەک لە وڵاتانی، ئاسیایی، ئۆروپایی و ئەفریقیدا ژیاوم و گەڕاوم و سەردانیانم کردووە، بێگومان هەمووشیان لە بوونی یاسای خزمەتگوزاری، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ... ،کەم و زۆر هاوبەشن، بەڵام کاتێک تماشای کولتوور و ئاستی ڕۆشنبیری داینیشتوانی وڵاتەکانیان دەکەی، وەک دووری نێوان زەوی و ئاسمانەکان جیاوازن.

لەسەردانەکانمدا خۆزگەم دەخواست ئێمەی کوردیش وەک زۆرێک لەو وڵاتانەی دونیا ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگاکەمان بگایەتە ئاستێک، کە گرنگی و بایەخی پێویستمان بدایە بە ژیان و تێگەیشتووی و فێربوونی زانستیانەی مرۆڤایەتی. بەداخەوە جیاوازییەکانی زانستی ئێمەی کورد بە بەراوەرد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی دونیا زۆرن.لەوانەیە بیانوو بەوە بێنینەوە، کە دوژمنەکانی ئێمە زۆر دڕەندەن و نەیان هێشتووە پێشکەوین، منیش لەوەدا هاوڕام، بەڵام  لەو بەشە خاکەی ئازاد کراوی کوردستان ـ باشووری کوردستان ـ ، کە دەسەڵاتی سیاسی بەدەست خۆمانەوەیە، بۆچی ئێستەشی لەگەڵ بێت خۆمان دەکەینە قوربانی یاسا و ڕێسای هەزاران ساڵ پێش و بە هەموو باش و خراپەکانییەوە ملی بۆ نەوی دەکەین؟!

کەوایە با گۆڕانکاریەکیان تێدا بکەین و ئەوانەی لە خزمەتی مرۆڤایەتیدایە، لە کوردستاندا بیانکەین بە یاسا و بە جوانیش پێڕەوی لێبکەین.

ئێمەی مرۆڤین یاسا دادەنێین، دەیگۆڕین، پێڕەوی لێدەکەین، یان لێی لادەدەین.

هیوادارم بتوانین لەو پێوەندییەدا هەنگاوێ بە پەلە و بە کردەوە هڵێنینەوە بەرەو لابردنی کەم و کۆڕییەکانمان و دانانی باشەکان لە جێیاندا..

 

 

مەجید پاڵانی،

06-07-2015

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved