ژن وژیان، یان ژن و ژان؟

هەرچەند من زۆرجار بابەتی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و ... ، لە ڕێگەی نووسراوەکانمەوە دەنووسم و بەڵاویان

 دەکەمەوە، هەروەها لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیمینارەکانمدا بەڕاشکاوانە ڕای خۆم دەردەبڕم و کەموکۆڕ ییە پەروەردەیی،

 کۆمەڵایەتی، خورافات پەرەستییەکان و ... هتد، دەخەمە بەرچاوی بینەران و بە گوێی بیسەرانی دەگەێنم و

 خوێنەرانیشم لێیان بێبەش نەکردووە، بەڵام هەروەک لە نووسراوەکانیشمدا دەبینرێ و چاوەڕوانیم کردووە، کە

 ژمارەیەکی هەرچەند کەمیش بێ، هێندێک شتیان پێ هەزم ناکرێ و پێیان وایە بۆ گوانی بزنەکان زیانی هەیە. من تا

 ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ، نەترساوم لەوەی کە بیرکورتەکان چۆنی هەڵدەسەنگێنن و چۆنیان بیر لێدەکەنەوە، ئەوەندەی پێم

 کرابێ و لە هەر ڕێگەیەکەوە هەلم بۆ ڕەخسابێ، هەوڵم داوە گەلەکەم لە کەموکۆڕییە پێوەندیدارەکان بەژیانی خۆیان

 و ڕۆڵەکانیان و بنەماڵەکانیان ئاگادار بکەمەوە، جا کێ پێی باشە با کاریان لەسەر بکا و کێش پێی باش نییە، با

 بیاناتە لاوە، تا ڕۆژێک لێیان تێدەگا.

لەهەردۆخدا، ئەرکی هەموو نیشتمانپەروەرێکی کوردە ئەوەندەی پێی دەکرێ و زانستی بڕ دەکا، لە ڕۆشنکردنەوەی

 گەلەکەی نابێ درێغ بکا.

لەکۆمەڵگەیەکی لەدواکەوتووی ڕاگیراودا، دەبێ چاوەڕوانی زۆر شتی دوور لە ڕاستی و زیانگەێن بکرێ.

سەرەڕای ئەوەی ماوەیەک پێش بابەتێکیترم خستە سەر ئەو بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ژێر ناوی "هۆکاری

 سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ژن ومێرد چین؟

لەو بابەتەدا ئاماژەم بە ژمارەیەک هۆکاری درووست بوونی کێشەکان کردووە و ئیتر لێرەدا خۆم لە دووپاتەکردنەوەیان

دەبوێرم. تکایە بچنەوە سەر ئارشیڤی ئەو سایتانەی کە بابەتەکانیان بۆ دەنێرم، یان لە فەیسبووکی خۆمدا.

بیانخوێننەوە.

 بەڵام لێرەشدا بەپێویستم زانی بەجۆرێکیتر ئەو کێشە بنەماڵەییانە وە بیر خوێنەران بێنمەوە. ئەم جارەیان ناوم لێنا "

 ژن وژیان، یان ژن و ژان"

ئەوەندەی من لە نێوبژیوانییەکانی نێوان ئەو ژن و مێردانەدا بەشداریم کردبێ و بە پێی توانا هاوبیری و هاوکارییانم

 کردبێ بۆ پێکەوە ژیانێکی بە تەبایی لە نێوان ژن و مێردەکاندا، ئەو ڕاستییەم بۆ سەرلمێندراوە، کە زۆربەی کێشە و

گرفتەکان لە لایەن پیاوانەوە درووست دەکرێ.

هەرچەند زۆرجار دەکەومە بەر گلەیی و گازەندەی ژمارەیەک لە پیاوان و ئەو ڕاستییەیان پێ قەبوڵ نییە، چوونکە

 زیانی خۆیانی تێدایە، بەڵام وەک دەڵێن "بەبێژنگ بەری هەتاو ناگیرێ" ڕاستی هەرچەندەی پەردەی بەسەردا بدەی،

 هەر سەرهەڵدەداتەوە. هەرچەند دیاریکردنی ڕێژە لەوانەیە ئاستەم بێ، بەڵام بە پێی ئەو ئامارەی کە لەبەر دەستی

 مندایە (مەبەستم ئەو نێوبژیوانانەیە خۆم تێیدا بەشدار بووم، کە ژمارەیان لە سەدان تێدەپەڕێ ) دەتوانم بە

 دڵنیاییەوە

بڵێم زیاتر لە ٦٥ لە سەدی هۆکاری درووست بوونی کێشەی نێوان ژن و مێردەکان، دەگەڕێتەوە سەر پیاوان. بەڕاستی

 سەردێڕی ئەم بابەتە پڕ بە پێستی خۆیەتی، واتا، پیاوان (ئەمە گشتی نییە) ژیانیان لە ژنان کردۆتە ژان. بە پێچەوانەی

 ئەوەی کە ژن و مێردەکان زۆر پێویستە پێکەوە بە ئاسوودەی و تەبایی بژین. ژیانی خۆیان نەکەنە ژان بۆ منداڵە

 بێتاوانەکانیان کە بە ئاگری ئەوانەوە دەسوتێن.

ژن ومێردەکان نابێ هیچیان گەورەیی خۆیان بدەن بەسەر ئەویتریاندا. پیاوان نابێ عەیبەکانی خۆیان نەبینن و عەیبی

 ژنەکانیان بکەن بە کێو. تاوان و بێبەندوباری و هەڵە، هەرکەس ئەنجامی بدا، هەر تاوانە وئیتر پیاو ژنی، دەوڵەمەند و

هەژاری، زانا و نەزان، بەرپرس و ئەندامی سادەی نێو کۆمەڵگە و ....تاد، ئەوانەی بۆ نییە. کەوایە، هەرکەسە و لە

 ڕاستی خۆی چاو بە ڕابردووی خۆیدا بخشێنێتەوە و لە هەڵە و کەموکۆڕێیەکانی خۆی ئەزموون وەربگرێ و بیانکاتە وانە

 بۆ داهاتوی ژیانی. با هەر کەسێ، بە پیاو ژن وگەنج و لاوەکانەوە، لە داکەوتنەکانی ئەم و ئەو ئەزموون وەگرن و

 خۆیان لە خراپەکان بەدوور بگرن.

 بەکورتی و بە پوختی، نامەوێ زۆرتر سەری خوێنەر بئێشێنم. وەک کوردان دەڵێن "ئەو کەسەی کەسە، جارێکی بەسە"

 کەوایە، با لێردا  زۆرتر ڕووی داواکەم ئاراستەی پیاوان بکەم و پێیان بڵێم، هەرکام لە ژن و پیاوەکان خۆیان نامووسی

 خۆیانن و هیچیان خاوەنی ئەویتریان نین. پاراستنی شەرەفی هەر مرۆڤێک پێوەندی بە خۆیەوە هەیە. چاویلکەی لێڵ

 مەخەنە سەر چاوانتان و هەموو شتێک بە لێڵ مەبینن. هیچکەسێک لە ژن و مێردەکان نزیکتر نییە لە خۆیان ، بگرە بە

 نزیکترین کەسەکانی خۆشیانەوە. خۆتان بەدوور بگرن لە کێشەی دەرەکی و لایەنی سێیەم. شتی بچووک مەزن

 مەکەنەوە. خیانەتی ماڵی و شەرەفی لەیەکتر مەکەن، دەنا شەرمەندەی خوا و مێژوو و کۆمەڵگە دەبن.

هیوادارم ژیانی هەموو لایەکمان دوور بێ لە کێشە و هەموو بە ئاشتی و تەبایی بژین، تا کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو

 درووست بکەین.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

 

Qadirzada.com © 2009 - 2013. All rights reserved