ژن وژیان

لەوکاتەوە مرۆڤ هاتۆتە دونیاوە چ لە کۆن و چ لە نوێ، بەتەنیا نەژیاوە. هەردەم هاوڕێ، هاوسەر و هاودەمی  بۆ پێکەوە ژیان هەبووە و هەیە. بە پێی جێگە و پێگە و کات و سات شێوەی پێکەوە ژیانەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. لە شێوەی ژیاندا هەوراز و نشێوی جۆراو جۆری  زۆریان بینیوە. ژن و پیاو لە ژیانی هاوسەریدا لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، بنەماڵەی و ... ، وەک یەک بەشدار بوون و ڕەنجیان کێشاوە. لەوانەیە کاری یەکیان بە بەراوەرد لەگەڵ ئەویتریان بە پێی قۆناخەکانی ژیان قورس و سووکی هەبووبێ و هەیە. بەڵام مادام شەریکە ژیان بوون قورسایەتی بەسەریانەوە نەکردووە و هیچیان منەتیان بەسەر ئەویتریانەوە  نەبووە و نیە .

بێگومان وەک کورد دەڵێ (مەل بە باڵێک نافڕێ) ژیانی هیچیان بە بێ ئەویتریان تەواو نییە. هەردوو پێویستیان بەویتریان هەیە. پرسەکە لێرەدایە "چۆن بژین؟" هەروەک باسکرا، لە ژیانی مرۆڤایەتیدا بە تایبەت ژیانی ژن و مێردایەتیدا بێ گرە و گۆڵە نەبووە و نابێ. وەک دەڵێن (دوو بەرد بەیەکەوە بێ تەقەی دێ) ژن و مێردیش لەو ڕاستیە بەدوور نیە.گرنگ لەوەدایە ،هیچیان گەورەیی خۆیان نەدەن بەسەر ئەویتریاندا. لە ژیانی ماڵ و دەروەدا مافی وەک یەکیان هەبێ و ڕێزی بەرابەر لەیەکتر بگرن. من لێرەدا هەوڵ دەدەم ژمارەیەک لەو ئەرکانەی کە بەسەر پیاوەوەیە و خزمەت بە پێکەوە ژیانێکی بەختەوەرانە دەدا بخەمە ڕوو، بەو هیوایە بتوانم لە داهاتوودا ، لە بابەتێکی دیکەدا، ئەرکەکانی سەر ژنانیش لە بەرامبەر پیاواندا باس بکەم. هەروەک لە سەردێڕی بابەتەکەدا هاتووە (ژن و ژیان) واتا، ژیانی بێ ژن ژانە. هەروەها دەتوانین بڵێین ژیانی ژنانیش بە بێ پیاو ژانە. بەڵام ژینێکی پڕ لە خۆشی و بەختەوەرانە، نەک پڕ لە تەقە و لێکدان و چەرمەسەری.

ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لە لایەن پیاوانەوە گەلێک پێویستن .

*/ لە ژنەکانتان تێبگەن بزانن حەزیان لە چییە و لە چ بێزارن

ئەم خاڵە لێکۆڵینەوە و زانستێکی دەروونناسی و لە یەک تێگەیشتنێکی باشی دەوێ. ئەمەش بە بێ گوێ بۆ ڕاهێستن و پەسەند و قەبووڵکردنی ڕاستیەکانی نێو ناخی ژنان زۆر ئاستەمە. کەوایە، هەرچەندە زۆرتر و باشتر بتەوێ لێی تێبگەی، دەبێ هەوڵ بدەی جیاوازی بۆچوونەکانتان زۆرتر لە یەکەوە نزیک کەیتەوە، ئەویش بە دان و ستان و ڕاوێژکردنی پێکەوە. دڵنیا بن، ئەگەر پیاوان بیانەوێ خۆیان لە ڕاستیەکان گێل نەکەن و ملی پێبدەن، زۆر باش دەکرێ و دەتوانرێ لە ناخی ژنەکانیان بگەن. کە لێیان تێگەیشتن حەزیان لە چییە و لە چ بێزارن، ئەوسا دەتوانن لەسەر توانایی ماڵی، لەشی، و ... ، بۆ جێ بەجێ کردنی حەز و داوخوازەکانی ژنەکەی پێکەوە بکەونە ڕاوێژ و بە ئاکامی دڵخوازی هەردوولا بگەن .

*/ دەربڕینی خۆشەویستی

وەک دەزانین لە نێوان ژن و مێرددا سۆز و خۆشەویستی هەیە، ئەم ڕاستیە حاشای لێ ناکرێ، بەڵام پیاوان لە دەربڕین و نیشاندانی سۆزەکانیان لە بەرامبەر ژنەکانیاندا کەمتەرخەمن. ئەمەش وای لە ژنان کردووە کە زۆرجار وا بیر بکەنەوە کە مێردەکانیان خۆشیانی ناوێ. ئەمە هەرچەند ڕاست نییە، بەڵام جۆری جووڵانەوە و هەڵسوکەوتی پیاوەکەی ئەوی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە. کەوایە، زۆر پێویستە پیاوان بە دەربڕینی خۆشەویستی بە ژنەکانیانی نیشان بدەن کە خۆشیان دەوێن. لە ئامێزگرتن، دیاری بۆ کڕین، ڕێز لێگرتن، وەپێش خۆ خستن و هتد ،خۆشەویستیەکە زۆرتر دەکا و نیشاندانی سۆزی پیاوانە بۆ ژنان .

*/ دانانی ڕێز و نرخ دانان بۆ بۆچوونەکانیان .

کاتێک ژنەکانتان بۆچوونێکیان لەسەر شتێک هەیە، یان دەیەوێ ڕای خۆی دەربڕێ، یان پێچەوانەی بۆچوونەکەی تۆ بیر دەکاتەوە و ... ، سووکایەتیان پێ مەکەن. نرخ بۆ بۆچوونەکانیان دابنێن تا هەست بە کزی و داماوی نەکا. با هەست بە ژێر دەستەیی و بندەیی خۆی نەکا، پێشگری لێ مەکە با بۆچوونەکەی هەڵە بێ، واتا، با دەری بڕێ تا نەبێتە گرەیەک لە دڵیدا و ببێتە هۆی نەخۆشی دەروونی. کەوایە، رێزگرتنی بەرامبەر بەوە دەڵێن .

*/ ڕێزگرتن لە خزم و کەسوکارانی .

هەرچۆنێک ڕێز لە خزم و کەسوکاری خۆت دەگری، دەبێ بۆ خزمانی ئەویش وا بی. کەبۆت کرا هاریکاری دۆست و خزمانی خۆت بکەی، دەبێ لە بەرامبەردا بۆ هی ئەویش وا بی. بزانن، خزمی تۆ و ئەو لە یەک جیا نین و لەوەشدا  هاوبەش(سەریك) .

*/ لە کاتی تووڕە بوونیاندا ئێوە هێور بن .

بێگومان هەر شتێک هۆکاری خۆی هەیە. تووڕەبوونیش کە گوشارێکی دەروونیە، بێ هۆ نابێ. هەرچی بێ و هەر هۆکارێکی هەبێ، مرۆڤ تووشی ئەم دۆخە دەبێ. دڵنیاین لە کاتی تووڕە بووندا مرۆڤ ناتوانێ بڕیار لەسەر وتن و کردارەکانی ئەو کەسە بدا. من، لە بەرگی سێی نووسراوەکانمدا بە ناوی "باب و دایک و ڕۆڵەکانم ٧-١٢ ساڵ " دا ئاماژەم بە هۆکارەکانی تووڕە بوون کردووە، لەم باسە کورتەدا جێگەی نابێتەوە. کەوایە، باشترین چارەسەر هەڵچوونەکانی ژنان بۆ ئەوەی هێور بێتەوە و کێشەیەک درووست نەبێ، یان شتی بچووک گەورە نەبێتەوە، ئەوەیە مێردەکەی هێور بێ و بێڵی تا ئەویش دێتەوە سەر دۆخی ئاسای ،پاشان خۆی لێ نزیک کاتەوە و لە هۆکاری ئاڵۆز بوونەکەی بپرسێتەوە و پاشان بە ئاکامی دڵخواز بگەن .

*/ دووریگرتن لە خیانەتی ماڵی و ڕەوشتی

ئەوەندی من سرنجم دابێتێ و ئەزموون سەلماندبێتی، بەشێکی یەکجار زۆر لە درووست بوونی کێشەکانی نێوان ژن و مێرد، دەگەڕیتەوە بۆ دوودڵی و گومان درووست بوون لەو نێوانەدا. کە ژنێک دەبینێ، یان لە شێوەی هەڵسوکەوتی مێردەکەی گومانێکی لا درووست دەبێ، چ لە باری ماڵی و چ لە باری ئەخلاقییەوە، هەردەم ژنکە هەوڵ دەدا شوێندۆزی مێردەکەی بکا داخوا چ دەکا و لە کوێیە و داهات و دەرکەوتی ئەو ماڵە چۆنە و چیە و دەرکەوتەکانیش هەروا. هەروەک باسم کرد، ئەمە لە ئاکامی شێوەی جووڵانەوی پیاوەکەوە سەر هەڵدەدا و گومان لای ژنەکە پێک دێنێ. بۆ ڕەوینەوەی تەمی ئەم خەمە مرۆڤی زانا و ژیری دەوێ، دەنا چێو لە کەپرەوە دەردەچێ. وەک دیتراوە و بیستراوە، بەداخەوە پیاوان لەبەر زاڵ بوونی کولتووری خۆ بە زل زانی و ملهوڕی خۆیان، نایانەوێ دان بە ڕاستیەکاندا بنێن و پێیان وایە ئەگەر دان بە هەڵە و کەموکۆڕیەکانی خۆیاندا بنێن پێی سەرکز دەبن. کە وا نیە.   کەوایە، دووری گرتن لە خیانەتی ماڵی و ئەخلاقی و ... ، باشترە لەوەی کە دوایی تووشی هەزار و یەک چەرمەسەری ژیان بیتەوە و دواییش بە دەیان پزیشیکی کۆمەڵایەتی، دۆستایەتی، و هتد، چارەسەر نەکرێ .

بەڕێزان، هەرکام لەم خاڵانەی کە باسی لێوە دەکەم بە دەیان نووسەری لێزان و سەدان پەرتووکی دەوێ تا وڵامدەری ئەم ڕاسیانە بێ، بەڵام ئەمەی کە من ئاماژە بە خاڵەکان دەکەم، دڵۆپێکن لە دەریایەک .

*/ ئەگەر هەڵەیەکت بەرامبەر ژنەکەت ئەنجامدا، داوای لێبووردنی لێ بکە

وەک دەڵێن "دان نان بە هەڵەدا گەورەترین شەهامەتە" کەوایە، ئەگەر هەر مرۆڤێک بەتایبەت مێردەکان لە بەرامبەر ژنەکانیاندا، هەڵەیەکیان ئەنجامدا، دەبێ داوای لێبووردنیان لێ بکەن. بزانن پێی گەورە دەبن و سەرکزی نییە. ئەمە لە لایەک دەبێتە هۆی بە خۆدا چوونەوەی پیاوەکە و پێشگر دەبێ لەوەی کە هەڵەکان دووپاتە بکاتەوە و لە لاکەی دیکەشەوە، نیشان دانی ڕێز و نرخە بۆ ژنەکەی.

*/ هەوڵ بدە هندێک جار با ژنەکەت لە پێشەوەی ماشینەکەدا سوار بێ، یان لە کاتی دابەزینیدا دەرگەی ماشینەکەی لێ بکەوە و فەرمووی لێ بکە .

لەوانەیە لای خاوەنی هندێک کولتووری لە دواکەوتووی ڕاگیراودا ئەمە زۆر ساناهی نەبێ (بە کولتووری کوردەواری خۆشمانەوە) بەڵام کاتێک تماشای ئاکامەکەی دەکەی کە چەندە دەبێتە هۆی درووستکردنی ڕێز و خۆشەویستی لە نێوان ژن و مێرددا، بە ڕاستی دەبێ هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێ و بکرێتە بەشێک لە کولتووری خەڵکەکەمان .

*/ لە چوونە ژوورەوە لە دەرگەی ماڵ بۆ سەردان و بۆنەکان وەپێش خۆتانی بخەن

ئەمەشیان هەر دەبێ هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێ و ئاسان بکرێتەوە. لەوانەیە بەشێک لە خوێنەرانی ئەم نووسراوەیە  ڕخنەم لێ بگرن و بڵێن، وابڕوا، ژنەکانمان لێ هاردەکەن. من کە ئەم شتە دەهروژێنم، دەبێ ئەو  چاوەڕوانییەشم هەبێ کە لە کۆمەڵگەیەکی لە دواکەوتووی ڕاگیروادا، کەسانێک هەبن پێیان هەزم نەکرێ. لەوانەیە بە ڕخنەشەوە نەوەستێ و جنێو و قسەی ناشیرینیشم پێ بڵێن. هەر لە ئێستەوە گەردنیان ئازاد بێ .

*/ لەبەر چاوی خەڵک بە تایبەت دۆست و منداڵەکاندا مەیان شکێننەوە و تەریقیان مەکەنەوە

هیچ دوور نییە هندێک جار لەملاولا، لە نێو منداڵەکان و ... ، لە نێوان ژن و مێرددا ئاڵۆزی ڕوو بدا. باشتر وایە بێڕێزیان پێ نەکرێ و نەیان شکێننەوە چوونکە کاریگەری نەرێنی نالەباری خراپی دەروونی و پەروەردەیی لێ دەکەوێتەوە.

*/ جاروبارە دیارییەکی بۆ بکڕە با شاخە گوڵێکیش بێ

دانی دیاری لە لایەن مێردەوە بۆ ژنەکەی کاریگەری ئەرێنی باشی دەبێ لە درووستکردنی سۆزی خۆشەویستی نێوانیان. کەوایە با بە شاخە گوڵێکیش بێ ذلخۆشی بکە. چوونکە هەستی وای لا درووست دەکا کە هەردەم لە بیرییەتی و خۆشی دەوێ.

*/ کاتێک دەچنە دەرەوە یان بۆ جێگەیەک سەفەر دەکەن هەوڵ بدەن ئاگاداریان بکەنەوە، یان ئەگەر لە کاتی دیاریکراو نەتان توانی بگەڕێنەوە، یان لەو جێگەیە بۆ جێگەیەکیتر چوون، ئاگاداریان بکەنەوە. هەم لە بەر دڵنیا بوونی ژنەکەت و هەم لەبەر پارێزراوی خۆت.

*/ شوێن دۆزی شتەکانی مەکە و جلوبەرگەکانی مەپشکنە

هندێک جار دەبینرێ لەبەر دوودڵی و بە گومانی ژن و مێرد لە یەکتر، یەکتر دەخەنە ژێر زەرە بینی بەدوادا گەڕان. ئەمە گومانەکە زۆرتر دەکا. با دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە ئەمە زۆرتر لە پیاواندا دێتە پێش تا ژنان. لە هەردۆخدا، چ ژنان و چ مێردەکانیان دەبێ لە ئاست یەکتردا دڵپاک بن، دەنا ژیانیان ئاستەم دەبێ. کەوایە، با پیاوان بۆ زیاتر نیشاندانی دڵپاکی خۆیان و دڵنیا بوونیان لە ژنەکانیان شوێندۆزی شتەکانیان نەکەن .

*/ لە کاری ماڵ و دەرەوەدا، مافیان لە پێشچاو بگرن و بە یەکسانی چاویان لێ بکەن

بۆ نیشاندانی پاراستنی مافی یەکسانی، دەبێ مێردەکان بە کردەوە نیشانی بدەن. لە کاری ماڵەوەدا خۆیان بە بەشدار بزانن. گەورەیی خۆیان نەدەن بەسەر ژنەکانیاندا. ئەمە تەنیا بە دروشم نابێ، بەڵکوو بە کردەوە دەبێ.

*/ زۆربەی سەردان و گەشتەکانتان پێکەوە بێ

بۆ زۆرتر نیشان دانی سۆز بۆ ژنەکان دەبێ زۆربەی گەشت و سەردانەکانتان پێکەوە بێ. ئەگەر بۆتان نەکرا یان رێک نەدەکەوت پێکەوە با بە ڕازی و پرس و ڕا گۆڕینەوە بێ. نەک لا مل تێکردن و بە هەژمار نەهێنانی ژنەکەتان .

*/ بە دڵەوە گوێ بۆ خواست و پرسەکانیان ڕاگرن و بە پێی توانا بۆیان بەراورد بکەن. ئەگەر نەتان توانی وڵامی داوخوازەکانیان بدەنەوە، هەوڵ بدەن بە زمانی شیرین ڕازیان بکەن.

*/ پێیان بڵێن خۆشم دەوێی و شانازیت پێوە دەکەم.

ئەمە مەکەنە وێردی سەر زمان بە ڕاست و درۆ هەر بییەڵێنەوە. بەڵکوو بە کردەوە پێیان نیشان بدەن کە وتن و کردنەکەتان یەک دەگرێتەوە.

*/ لە ئیشی سەرجێیدا ماف و توانایی ئەویش لە پێشچاو بگرن

زۆرجار ئەو گلەییە لە زار پیاوەکانەوە دەبیسرێ کە ژنەکانیان وڵامدەری تواناکانی ئەوان نین. ئەمە لە دۆخێکدایە کە ڕاستییەکان لای پیاوەکان لە پێشچاو ناگیرێ. منداڵ بوون، سووڕی مانگانە، گرفتی دەروونی و لەشی، سەرقاڵی بە ماڵ و منداڵ و میوان و هەزار و یەک کێشە و گرفتی دیکە کە ڕوو بەڕووی ژنەکان دەبێتەوە، بەداخەوە پیاوەکان لە پێشچاوی ناگرن و تەنیا ڕازی کردنی حەزی خۆیان لا مەبەستە. کەوایە، دەبێ پیاوەکان هەموو ئەو شتانە و دەیان کێشەی دیار و نادیاری دیکە لە پێشچاو بگرن.

*/ شتی بچووکیان لێ گەورە مەکەنەوە

واتا، تەڕو ووشک پێکەوە مەسووتێنن و هەر شتە و وەک خۆی چاو لێ بکەن. یان هەوڵ بدەن شتەکانیان لەسەر سووک بکەنەوە نەک قورس کردن. ئەمە یارمەتی دەدا بە چارەسەرکردنی کێشەی نێوانتان. ئەگەر شتێکی نالەبار یان هەڵەیەکی کرد، مەڵێن هەموو شتێکت خراپە یان هەڵەیە. دەکرێ مرۆڤ خراپەیەک بکا، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە گشت شتێکی خراپە .

خوێنەری بەڕێز:

ئەگەر بمانەوی بە تێر و تەسەلی لەسەر ئەم خاڵانە بدوێین، بەڕاستی زۆری دەوێ. بۆ ئەوی خوێنەری ئەم بابەتەم ماندوو نەکردبێ، دەبێ لە کۆتایی ئەم کورتە باسەدا بڵێم "ئەو کەسەی کەسە، وتەیەکی بەسە" بەو هیوایە کەڵکی بووبێ. ئیزنم بدەن. لێرەوە جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان لە گشت موسڵمانانی دونیا بە گشتی و موسڵمانانی کورد بە تایبەتی پیرۆز بکەم. هیوادارم جەژنی ڕزگاری گەلی کورد بێ.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

١٧/٨/٢٠١٢

 


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved