مالیكی، لەسەر حسابی كورد خۆی بەهێزتر دەكات

بەرپرسە سەربازییە باڵاكانی كورد، «تەنیا بەناو» لەسوپای عێراقدا ماونەتەوە

Beskrivelse: http://www.hawlati.co/wp-content/uploads/2011/09/MALKI.jpg

  • دڵشاد ئەنوەر/هاووڵاتی

لەسەر حسابی جێگا‌و پێگەی كورد، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، تادێت دەسەڵات‌و توانای خۆی لەناو ریزەكانی سوپا‌و هێزەكانی تری عێراقیدا، بەهێزتر دەكات.

بەپێی زانیارییەكان، مالیكی هەڵمەتی راماڵینی پلەدارە باڵاكانی كوردی لەدەسەڵات بەچڕی دەست پێكردووە، زۆربەی دەسەڵاتەكانیان لێدەسێنێتەوە‌و دەیدات بەپلەدارە باڵاكانی عەرەب نزیك لەكوتلە پەرلەمانییەكەی خۆیەوە.

ئەو هەنگاوەی مالیكی، هاوكاتە لەگەڵ كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق لەكۆتایی ئەمساڵدا.

بەكشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، كورد پێیوایە لەچەندین رووەوە رووبەڕووی مەترسی ناوخۆیی‌و دەرەكی دەبێتەوە، بۆیە چاودێران بێ‌ هێزكردنی كورد لەریزەكانی سوپای عێراقدا، بەخراپ بۆ ئایندەی دۆزی كورد لێكدەدەنەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتوون، هەریەك لەبابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق‌و لیوا ئەنوەر فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق، بەتەواوەتی لەلایەن مالیكییەوە دەسەڵاتەكانیان لێسەندراوەتەوە‌و تەنیا بەناو لەپۆستەكانیاندا ماونەتەوە.

بابەكر زێباری بەو پێیەی سوپاسالاری عێراقە، دەبێت سەرجەم هێزە سوپا لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەودا بێت، بەڵام نوری مالكی بەبیانووی ئەوەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە چەندین لیوای لەسوپای عێراق دابڕیووە.

زانیارییەكان، ئەوەش دەخەنەڕوو كە نوری مالكی ژمارەیەكی زۆر چەكداری لەوەزارەتی بەرگری داماڵیووە‌و فەرماندەی عەمەلیاتی بەغدای لێ دروستكردوون، چونكە زێباری هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئەو فەرماندەییەدا نییە‌و راستەوخۆ پەیوەندییان بەمالكییەوە هەیە.

هەروەها بەهەمان شێوە، بەهەزاران سەربازی تری لەژێر ركێفی زێباری دەرهێناوە‌و فەرماندەی عەمەلیاتی بەسرە، موسڵ‌و دیالەی بۆ كردوونەتەوە.

ئەو زانیارییانە، هێما بۆ ئەوە دەكەن كە مالیكی، لیوایەكی تری كردووەتەوە بەناوی لیوای بەغدا‌و بەستوویەتیەوە بەخۆیەوە، جگە لەدابڕینی هێزێكی گەورەی تری سێ‌ هەزار سەربازی كە ناویناون هێزەكانی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر.

راوێژكارێكی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە مالیكی بەبیانووی دابەشكردنی بەرپرسیارێتییەكانەوە، ئەو هەموو لیوا‌و فەرماندەییەی لەژێر كۆنتڕۆڵی زێباری دەرهێناوە.

عادل بەرواری ڕاوێژكاری مالكی بۆ كاروباری هەرێمەكان، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی «بەڵام لەبنەڕەتدا ئەوەی مالیكی كردوویەتی، بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتەكانە لەزێباری‌و لاوازكردنی پێگەیەتی«.

بەرواری، باس لەوە دەكات كە مالیكی لەساڵی 2008 ەوە، رێوشوێنەكانی گرتووەتەبەر‌و پلانەكانی خۆی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتەكان لەزێباری.

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق زۆر نیگەرانە لەچۆنێتی مامەڵەكردنی نوری مالكی  لەگەڵیدا، تائێستاش سێ جار بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی داوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بەهاوڵاتی وت «مەسعود بارزانی، بابەكر زێباری لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە، پەشیمان كردووەتەوە«.

سەرچاوەكە، جەخت لەوە دەكاتەوە كە زێباری چەند جارێك راستەوخۆ لەگەڵ مالیكی گفتووگۆی كردووە‌و نیگەرانییەكانی خۆی لەهەمبەر هەوڵەكانی بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتەكانی پێگەیاندووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، بیانووی مالیكی بۆ دەرهێنانی هێزەچەكدارەكان لەژێر دەستی زێباری دابەشكردنی بەرپرسیارێتییە بۆ باشكردنی باری ئەمنی پارێزگاكانی عێراق‌و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەو رووەوە.

زانیارییەكان، ئەوەش دەخەنەڕوو كە مالیكی لەهەڵمەتەكانیدا بۆ گرتن‌و راوەدوونانی پلەدارە بەعسییەكانی ناو سوپای عێراق، هیچ پرسێكی بەسوپاسالاری عێراق نەكردووە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، ناوبراو لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەهەزاران چەكداری سوپای مەهدی‌و چەكداری گروپە شیعەكانی تری كردووە بەئەفسەر لەناو ریزەكانی سوپای عێراقدا.

لەپاڵ دامەزراندنی ئەو ژمارە زۆرە چەكدارە شیعیەدا بەئەفسەر، ژمارەی كورد لەناو هێزە چەكدارەكاندا بۆ 3.5% دابەزیووە.

پلانەكانی مالیكی، لەكاتێكدایە بەردەوام هاوڵاتیانی كورد ترسیان لەسوپای عێراق هەبووە، چونكە هەر لەرووبەروو بوونەوەیدا بوون، هەرچەندە لەئێستا تەنانەت لەسەر زاری بەرپرسانی كوردیشەوە تەئكید لەمتمانەی سوپاكە دەكرێتەوە، بەڵام چاودێران پێیانوایە بەكەم كردنەوەی پێگەی كورد لەو سوپایەدا، ئەو متمانەیەی هەیە لاواز دەبێت.

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە مالیكی نەك تەنیا دەسەڵاتەكانی زێباری بەڵكو دەسەڵاتی لەزۆربەی پلەدارە كوردەكان سەندووەتەوە‌و بۆ خۆی قۆرغیكردووە.

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری كورد لەبەغدا، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی «مالیكی دەسەڵاتی لەپلەدارە كوردەكانی ناو وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، دەزگاكانی ئاسایش هەواڵگری سەندووەتەوە‌و داویەتی بەكەسە نزیكەكانی خۆی«.

ئەندامە كوردەكەی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانی عێراق، نموونەی داماڵینی فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق لەدەسەڵات دەهێنێتەوە كە كوردە، بەوەی «هێلیكۆپتەر‌و فڕۆكەی لەژێر كۆنتڕۆڵی فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكان دەرهێناوە‌و سپاردوویەتی بەكەسێكی شیعە«.

محەمەد، جەخت لەوەدەكاتەوە كە لێسەندنەوەی دەسەڵات لەپلەدارە كوردەكان كاریگەری زۆری لەسەر دابەشكردنی چەك‌و تەقەمەنی، مەشق‌و راهێنان‌و وەرگرتنی ئەفسەرە كوردەكان دەبێت.

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved