| ||
|
||
مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی مودە‌ریس
مێژووی ڕه‌وتی شارستانی مرۆڤایه‌تی له هه‌ر ووڵاتێك و هی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، له قۆناغه جیاجیاكانی مرۆڤایه‌تی، ژماره‌یه‌ك مرۆی هه‌ره مه‌زن ده‌ووری زێده كاریگه‌ر له دروست كردنیدا ده‌گێڕن، مه‌حاڵه جارێكی دیكه وێنه‌ی ئه‌و چه‌شنه مرۆیانه له‌هه‌ر بوارێكی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتووری، ڕامیاری، نه‌ته‌وه‌یی و بواره‌كانی دیكه‌دا دروست بێته‌وه، كه گه‌وره‌ترین به‌رژه‌وه‌ندی به نه‌ته‌وه‌كه یی و مرۆڤایه‌تی گه‌یاندووه‌و هه‌رگیزاو هه‌رگیز ئه‌و جۆره پیاوانه له‌ناو ویژدانی زیندووی نه‌ته‌وه‌كه‌یان و نیشتمانه‌كه‌یان و بگره مرۆڤایه‌تیش هه‌ر ده‌مێنن
دیاره یه‌كێ له پیاوه هه‌ره مه‌زن و بلیمه‌تانه‌ی كورد، جه‌نابی "مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس" ه، كه نووسه‌ر و زانایه‌كی هه‌ره گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌مه و زیاتر له 60 په‌رتووكی زێده به‌نرخی ئایینی و وێژه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوكردۆته‌وه، هه‌ر هه‌مووشیان ده‌چنه خانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی هه‌مه‌لایه‌نی و خودایی و دونیاییه‌وه، كه بریتین له ته‌فسیری قورئان به‌شێوه‌یه‌كی ئێجگار فراوان و به‌زمانی كوردی و عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ها ساغكردنه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی چه‌ندین شاكاری شیعری مه‌زنی كلاسیكی كوردی، نموونه‌ی "مه‌وله‌وی، نالی، مه‌حوی، فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ندی و چه‌ند شاعیرێكی دیكه‌ش".
"مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس" له به‌هاری ساڵی 1901دا له گوندی ته‌كیه‌ی سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی خورماڵ هاتووه‌ته دنیاوه و ناوی ته‌واویشی "عه‌بدولكه‌ریم محه‌مه‌د فه‌تاح" ه و سه‌ره‌تا خوێندنیشی به قورئان و په‌رتوكه ئایینییه‌كان ده‌ستپێكردووه و ساڵی 1913 یش سه‌ره‌تاكانی " نه‌حو صه‌رف " ی خوێندووه، له‌سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیشدا له‌مزگه‌وتی مه‌ڵكه‌ندی شاری سلێمانی نیشته‌جێبووه‌و ده‌ستی به‌خوێندنی په‌رتووكی " شه‌رحی جامی" كردووه و دواتر چووه‌ته مزگه‌وتی "مه‌لا محه‌مه‌د ئه‌مین بالیكه‌ده‌ر"ی و له ساڵی 1924 یشدا له ئاهه‌نگێكی فراواندا له‌شاری سلێمانی مۆڵه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه.
مامۆستا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس له‌ساڵی 1960 له مزگه‌وتی "شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی" له‌به‌غدا به‌ناونیشانی " موده‌ریس" دامه‌زراوه، زیاتر له 50 فه‌قێ له‌سه‌رده‌ستی مۆڵه‌تی زانستی‌یان وه‌رگرتووه، هه‌ر له‌و كاته‌وه به‌بێ پشوودان خه‌ریكی وانه‌وتنه‌وه بووه له زانسته شه‌رعی و وێژه‌ی و عه‌ره‌بییه‌كاندا. مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس چه‌ندین په‌رتووك و به‌رهه‌می وه‌ك نووسینه‌وه‌ی ژیان و به‌سه‌رهات و شیعری چه‌ندین شاعیری وه‌ك "مه‌ولانا خالید" و "شێخ عوسمان و سه‌راجه‌دین"ی بڵاوكردووته‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ندین شیعریشی له‌ژێر نازناوی " نامی" دا بڵاوكردۆته‌وه، هه‌روه‌ها ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه له به‌كوردی كردنی فیقهی ئیسلامی و ته‌فیسری قورئانی پیرۆز و ته‌جویده‌كه‌یدا. نموونه‌ی ژماره‌یه‌ك له په‌رتووكه به‌نرخه‌كانی مامۆستاش به‌زمانی كوردی ئه‌مانه‌ن: یادی مه‌ردان له دووبه‌رگدا، بنه‌ماڵه‌ی زانیاران، ژماره‌یه‌ك په‌رتووك له باره‌ی شه‌ریعه‌ت و ئیسلامه‌وه، كۆمه‌ڵه شیعری فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ند، ته‌فسیری نامی حه‌وت به‌رگ، مه‌كتوباتی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ چوار به‌رگ، عه‌قیده‌ی مه‌رزیه‌ی مه‌وله‌وی، دیوانی نالی، دیوانی مه‌وله‌وی، دیوانی مه‌حوی و چه‌ندین په‌رتووكی دیكه شی به‌زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و فارسی نووسیوه‌و بڵاویكردۆته‌وه. مامۆستا " مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی عێراقیشدا به زانایه‌كی گه‌وره ناسرابووه و خاوه‌نی توانای فتوای ئایینی بووه، بۆیه چه‌ندین ساڵ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی "رابگه علما‌و العراق" ی به‌ده‌سته‌وه گرتبوو، له‌وه‌ش گرنگتر له‌م ساڵانه‌ی دوایی 3 هه‌زار زانای ئایینی سوننی ڕێڕه و كه له هه‌موو پارێزگا‌كانی عێراق هاتبوون و له به‌غدا كۆبوونه‌وه، به‌بێ به‌شداریكردن و ئاگاداری خۆی جه‌نابی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس به سه‌رۆكی (الامانه العلیا للافتا‌و و التدریس و البحوپ و التصوف) هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باری ته‌ندروستی ناله‌باربووه ئه‌و پۆسته‌ی ڕه‌تیكردبۆوه. و‌ڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك ئه‌ندامی كارای كۆڕی زانیاری عێراق - د‌ه‌سته‌ی كورد – بووه ، هه‌روه‌ها باو‌ه‌ڕپێكراوی كۆڕی زانیاری وڵاتی ئوردونیش بوو. كه‌سایه‌تی گه‌وره‌ی ئایینی و ئه‌دیب و زانای گه‌لی كورد مامۆستا " مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس" له‌ته‌مه‌نی 104 ساڵیداو له كاژمێر 12ی شه‌وی 29 له‌سه‌ر 2005.05.30 له شاری به‌غدا كۆچی داویی كرد وبۆ هه‌تا هه‌تایی ماڵئاوایی لێكردین
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||