دەربارەی پێشنیارەکەی بارزانی

 نوسەری ناسراو د. مەریوان وریا قانع دەربارەی ئەو قسەیەی دوێنی بارزانی کوردوویەتی لەسەر چۆڵکردنی کورسیەکەی دەڵێت:

 دەربارەی پێشنیارەکەی بارزانی:

لە دوێنێوە باس لەوەدەکرێت کە سەرۆکی پارتی ٤ جار پێشنیاری ئەوەی کردوە کەسێک ڕابسپێرن بۆئەوەی ئەو پۆستی سەرۆکەیاتیی ھەرێمی پێبسپێرێت و خۆشی وازبھێنێت و ببێتەوە بە پێشمەرگە. ئەم نووسینە کورتەی کاک عەدنان عوسمان وەڵامێکی یاسایی زۆر سادەیە ھەم بۆخودی بارزانی خۆی و ھەم بۆ ھەموو ئەوانەی لەو کۆبونەوەیدا ئامادەبوون و پێناچێت کەسیان نوزەیەکەی لێھاتبێت. کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم کێشەی سیاسیی ژمارە یەکی ھەرێمە و زۆرێک لە کێشە سیاسییەکانی تر لەم کێشەیەیەوە سەریانھەڵداوە. سیستمی سەرۆکایەتی لە ھەرێمدا، سەرەڕای ئەوەی سیستمێکی تەواو ترسناکە و بەکەڵکی کوردستان نایەت، بەڵام مەسەلەی ھەڵبژاردن و کۆتاییھاتن بە دەسەڵاتی سەرۆک بە کۆمەڵێک یاسای نووسراو و ھەنگاوی دەزگایی، ڕێکخراوە.

 ئەوەی بارزانی لەو کۆبونەوەیەدا پێشنیاری کردوە، پێشنیاری ناو سیستمێکی سیاسیی نییە کە لانیکەمی ڕێز تەنانەت بۆ یاسا و بەھاو نووسراوەکانی خۆی دابنێت، بەڵکو پێشنیارێکە درێژکراوەی کولتور و کەلەپور و بەھاکانی دیوەخانە.

 لەڕووی یاساییەوە لە کوردستاندا جگە لە بارزانی ھەموو کەسێکی دیکە مافی ئەوەی ھەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم کاندید بکات و جگە لە بارزانیش ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە ئەو پۆستەی ھەبێت، بە خزم و کەس وکارەکانی بارزانی خۆیەوە. کێشەکان بە خۆگێلکردن و خۆلادان و خۆڵبەسەرداکردن چارەسەرنابن، بێدەنگیی ھیچی لێ سەوز نابێت، ترسنۆکیی و شەرمکردن و درۆکردن جەھەنەمێکی گەورەتر دروستدەکات.

 دۆخی کوردستان لە قۆناغێکدا نییە کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی بشاردرێنەوە باسنەکرێن، وڵات لە لێواری وێرانبوون و داڕمان و تەقینەوەدایە، ڕێکەوتنی نھێنیی و ژێراوژێر ئەو دۆخەی دروستکرد. بۆیە ھەنگاوی یەکەم و ھەرە سەرەتایی بە خۆنەدزینەوە لەو زمانە دەستپێدەکات کە دەتوانێت و دەوێرێت ڕاستییەکان بە ئاسانیی و بەسادەیی بڵێت. ئەمەش ئەرکی ھەموو کەسێکە بیەوێت ئەو دۆخە لەلێواری خلۆربوونەوەیەکی بێکۆتاییەوە بۆ دۆخێک بگوازێتەوە بە لانیکەمی توانای ناوەکیی جێگیربوون و متامنەپێکردنەوە. ھیچ وڵاتێک لە دونیادا بە درۆ و دەمامک و بێدەنگیی و بێزمانیی و قڕوقەپ و ڕێکەوتنی ژێربەژێر بەڕێوەناچێت.

 

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved