ڕووداوەکەی چاڤی لاند و ئەخلاقیاتی بەرخۆریی

 

مەریوان وریا قانع

 

 ئەمەی خوارەوە بڕگەیەکە لە کتێبی ”لە چ ئێستایەکدا دەژین؟“ کە لە ساڵی ٢٠١٠- ٢٠١١دا نووسراوە و لە ٢٠١٢ بڵاوبووەوە، لەو کتێبەدا بەدرێژیی باس لەوەدەکەم کە ئایدیۆلۆژیای باڵادەست لە کوردستاندا ناسیۆنالیزم نییە، بەڵکو بەرخۆریزمە. مەسەرفگەرایی بووە بەبەشێک لە شوناسی مرۆڤ و بە بەشێک لە ڕوانینی بۆ خۆی وەک مرۆڤ، گەر نەیتوانی بەرخۆربێت ئیتر خۆی وەک مرۆڤ نابینێت. سێ جۆر بەرخۆریشم لەیەکتری جیاکردبووەوە کەیەکەمیان بەرخۆرییەکی نزم و ھەرزانە و لە کڕینی کاڵا چینییە ھەرزانەکاندا بەرجەستەیە، ئەمە بەرخۆریی زۆرینەی کۆمەڵایەتییە لە کوردستاندا. لەدوای ئەمە بەرخۆرییەکی گرانتر و بەرزتر ھەیە کە بەرخۆری چینی ناوەڕاستە و لە کڕینی کاڵای گرانتردا بەرجەستەیە. جۆری سێھەمیش بەرخۆرییەکی تەواو بەرز و گرانبەھا یە لەسەر مۆدێلی بەرخۆریی دەوڵەمەندەکانی خەلیج و سەرمایەدارە گەورەکانی خۆرئاوا. لەو کتێبەدا باس لەوەدەکەم کە بەرخۆریی دەکرێت ماوەیەک ئارامی کۆمەڵایەتیی بپارێزێت، بەڵام تا سەر ئەمەی بۆ ناکرێت و جۆرێک لە توڕەبوون و یاخیبوون و ڕق و مەیلی وێرانکردن لە کۆمەڵگادا دروستدەکات. ئەوانەی کە ناتوانن بەرخۆربن ڕق لەھەموو شتێک دادەگرن و ئامادەن ئەو دونیایە وێرانبکەن کە ناھێڵێت بەرخۆربن، بەتایبەتی ڕەمزە سەرەکییەکانی ئەو دونیایە، کە پێموایە چاڤی لاند یەکێکە لەو ڕەمزە سەرەکییانە. بۆیە ئەوەی لە چاڤی لاند ڕوویدا سەلمێنەری ئەم تێزەیە کە پێش لە دابەزینی نرخی نەوت و بەر لە دروستبوونی قەیرانە ئابورییەکانی ئەمڕۆکەی کوردستان نووسراوە. ئەمەش بڕگەیەکی سەرەکیی ئەو تێزە:

 

”پاراستنی سیاسیی و کۆمەڵایتییە ناھاوسەنگان لەمەودای دووردا کارێکی ھێجگار زەحمەتە، ئەگەر نەکردە و تەواو مەحاڵیش نەبێت. ئەمە نەک تەنھا لەبەرئەوەی کە ئاست و ڕادەی بەرخۆریی پابەستی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیھاندا و دابەزینی نرخی نەوت گۆڕانی گەورە و ڕیشەیی بەسەر ئاستەکانی بەرخۆرییدا دەھێنێت و تاڕادەیەکی زۆر ئاست و توانای بەرخۆریی بێھێز و لاوازدەکات، بەتایبەتی (شێوازی) دووھەم و سێھەمی بەرخۆریی، بەڵکو لەبەرئەوەی کە بەخۆریی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی تایبەت، میکانیزمی ناوەکیی خۆی ھەیە. بۆ نموونە ئەوانەی ئەمڕۆ ڕازین و ئامادەن قۆناغە سەرەتاییەکانی بەرخۆریی خۆیان بە کڕین و بەکارھێنانی شتومەکە ھەرزانەکان تێربکەن، ئەوانەی ئەمڕۆ بە ئاستی بەرخۆریی بەشی خوارەوەی کۆمەڵگا ڕازین، سبەینێ چیتر بەم ئاستە نزمە ڕازینابن. بەردەوامی بەرخۆریی وەک کولتور و وەک ئایدیۆلۆژیا کارێک دەکات لە ساتێکی دیاریکراودا بەرخۆریی ھەرزان و خراپ ئەوەندەی وەک ئیھانەکردن و بێنرخیی و بێحورمەتیی دەربکەوێت، ئەوەندە وەک ئاستێک لە بەرخۆریی قبووڵکراو دەرنەکەوێت. لەناو کولتور و ئایدیۆلۆژیای بەرخۆرییدا چین و توێژەکانی خوارەوە ناتوانن تاسەر بەو ئاستە ساکار و نزمەی بەرخۆریی ڕازیببن. (واتە ناتوانن تەنھا بە کڕین و ھەبوونی شتە ھەرزانەکان ڕازیبن). کەی بەرخۆریی بوو بە کولتور و بە ئایدیۆلۆژیای باڵادەست، واتە کەی بوو بەبەشێکی گرنگ لە شوناس، ئیتر شێوازی بەرخۆرییی چینەکانی سەرەوە دەبێت بە مۆدێل بۆ ھەموو ئەو ھێزانەی تر کە لە خوارەوەی کۆمەڵگادان بەڵام بەرخۆریی بەشێکی سەرەکی شوناسیان دەستنیشاندەکات. ئەمەش مانای ئەوەی ھەمووان ھەمان ئەو شتانەیان دەوێت کە ئاستی سەروەی بەرخۆریی مەیسەریدەکات، ھەموانە دەیانەوێت وەک چینەکانی سەرەوە بژین و مەسرەفبکەن، بەمەش ئەو نەخشە و ڕیزبەستنە کۆمەڵایەتییە تێکدەچێت و دەشێوێت کە بەرخۆریی وەک وەڵامێک بە قەیرانەکانی پێشنیارکراوە.

بەمانایەکی تر بەرخۆریی چەندە ببێتە دیاردەیەکی جەماوەریی بەرفراوان و چەندە بببێتە کولتور و ئایدیۆلۆیا ئەوەندە زیاتر دەبێتە بەشێکی گرنگی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی، لە ڕاستیدا بەردەوامبوونی بەرخۆریی وەک کولتور و ئایدیۆلۆژیا لە قۆناغێکی دیاریکراودا لەوە دەردەچێت تەنھا کڕینی شتومەک بێت، بەڵکو وەک کۆمەڵناسێک دەڵێت، ”دەبێت بە بەشێک لە شوناس“. بۆیە ئەوەی کەسێک یان گروپێک ھەست بە بێبەشبوون لە بەرخۆریی بکات، یان ھەستبکات ھەژارە و ناتوانێت بەرخۆربێت، یان نەتوانێت وەک ھێزەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا بەرخۆربێت، ھەستکردنەکەی تەنھا لەسنووری ھەستکردن بە نەبوونی شتومەکەکاندا نامێنێتەوە ”بەڵکو دەبێتە(ھەستکردن بە نەبوونی) ئەو شوناسەی کە ئەو شتومەکانە بە کەسەکانی دەبەخشن“ (Hayward 2004: 150). بەمانایەکی تر کەی بەرخۆریی بوو بە بەشێکی گرنگ و قووڵی شوناس، ئیتر لەوەدەکەوێت تەنھا لە ھەبوونی شتومەکدا کورتببێتەوە، بەڵکو دەبێت بە پێداویستییەکی سەرەکیی، دەبێت بە شوناس و ھەندێکجاریش گەشەدەکات بۆئەوەی ببێت بە ماف. لەم خاڵەدا کۆمەڵگا بە مافی خۆی دەزانێت بەرخۆربێت، بۆیە دابینەکردنی بەرخۆریی، لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت، دەبێتە سەرەتای قەیران و لێکترازانی کۆمەڵایەتیی گەورە و توندوتیژ. “

 

تێبینی: لەپەیجی مەریوان وریا قانع وەرگیراوە

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved