مه‌سعود به‌رزانی پشتگیری خۆی بۆ په‌یامه‌که‌ی ئۆجالان راگه‌یاند

دەقی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:

پەیامەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نەورۆزی ئەمساڵدا کە تێیدا داوای کۆتاییھێنان بە توندوتیژی و گرتنەبەری شێوازی سیاسی و دیموکراتیانە دەکات ھەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد. وێڕای پاڵپشتی و پێشوازی لەو پەیامەی بەڕێز ئۆجەڵان پێمان وایە ئەوەیان ئەو ڕێگە ڕاست و دروستەیە کە چەندین ساڵە پێداگیریمان لەسەر کردووە کە پرسی کورد سیاسییە. ئەو پرسە نە لەڕێگەی سەربازی و نەیش بە شێوازی چەکداری چارەسەر ناکرێت .

پڕۆسەی ئاشتی بابەتێکە پێویستی بە پابەندبوون بە پڕەنسیپی سەرخستنی ئاشتی و پشوودرێژیی ھەموو لایەک ھەیە و پێویستە وەک ستراتیژییەک سەیر بکرێت نەک تاکتیکێکی سیاسی و کاتی. داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین بە جیدی ھاوکار بن بۆ ئەوەی ھەنگاوی پڕاکتیکی لە ئاراستەی جێبەجێبوون و بەرقەراربوونی ئاشتی و چارەسەربوونی سیاسی و ئاشتیانەی پرسی کورد بھاوێژرێت. ھەرێمی کوردستانیش وەک چۆن ساڵانی پێشوو ئامادەی یارمەتیدانی پڕۆسەی ئاشتی بووە ئێستایش ئامادەیە بە ھەموو تواناییەکییەوە یارمەتیی ھەر دوولا بدات بۆ سەرخستنی ئاشتی و چارەسەری سیاسیانەی پرسی کورد لە تورکیا .

مسعود بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٢/٣/٢٠١٣

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved