|
| ||
|
|
||
|
مۆبایلی هەندێك لە منداڵان پڕن لە گرتەی سێكسی
مـنـداڵـێـك: هەر گرتەیەك بە 500 دینار دەفرۆشم مەهدی محەممەد رواندزی رووداو -سۆران رێكان ، تەمەنی 15 ساڵە، هەموو هەفتەیەك چاوەڕێی سامان دەكات، كە 7 ساڵ لە خۆی بەتەمەنترە، بۆ ئەوەی چەند گرتەیەكی سێكسی لێوەربگرێ، دواتر هەر گرتەیەك بە 500 دینار دەفرۆشێتە هاوڕێیەكانی و دەڵێ "پارەیەكی باشم دەستدەكەوێ". جگە لە وێنەی خۆیان و هاوڕێیەكانیان و كەسوكاریان، لەنێو مۆبایلی هەندێك لە منداڵان فۆلدەری نهێنی دەبینرێن، كە پڕن لە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی رووت. ئەوان دەڵێن هەندێك لەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانە لە هاوڕێیەكانیان وەردەگرن و هەندێكیشیان دەكڕن. هیچ كام لە ئەندامانی خێزانەكەی رێكان بەو كارەی نازانن و دەڵێ "كاتێك وێنە و گرتە ڤیدیۆییەكان وەردەگرم دەچمە گەرماو یان ئاودەست سەیریان دەكەم و دواتریش بە هاوڕێیەكانم دەفرۆشمەوە". كارزان مەجیدی تەمەن 16 ساڵ، موبایلێكی جۆری نۆكیا شاشە گەورەی پێیە، لەلایەن خوشكەكەیەوە بە دیاری بۆی كڕاوەو دەڵێ بەردەوام لەگەڵ هاوڕێیەكانی گرتەی رووت ئاڵوگۆڕ دەكەن. كارزان، كە قوتابی پۆلی 9ی بنەڕەتییە، قوتابخانە شوێنی دەستكەوتنی ئەو جۆرە گرتانەیە بۆ ئەو، لەكاتێكدا هەڵگرتنی مۆبایل بۆ قوتابخانە قەدەخەیە، كارزان دەڵێ "مۆبایلەكەم بەدزی مامۆستاكانم دەبەمە نێو قوتابخانەو لەئاودەستی قوتابخانەكە لەگەڵ هاوڕێیەكانم ئاڵوگۆڕی گرتە سێكسییەكان دەكەین". وەك ئەو منداڵانە باسیدەكەن، هیچ كات پەكیان ناكەوێت لە دەستكەوتنی گرتەی تازە، زۆرجاریش سەرچاوەی گرتەكان كەسانی لە خۆیان بە تەمەنترن. مستەفا حوسێن ،15 ساڵ، ئاماژە بە ناوی زیاتر لە 20 هاوڕێی دەكات كە لەنێو مۆبایلەكانیان گرتەی سێكسی هەن. سەبارەت بە سەرچاوەی دەستكەوتنی ئەو گرتانە مستەفا دەڵێت "مۆبایلفرۆشێكی سۆران خواستەكانمان بەدیدێنێت و بە پارەیەكی كەم مۆبایلەكانمان پڕ دەكات لە گرتەو وێنەی رووت". ئەو كارەی ئەو منداڵانە دەیكەن بەدەر نییە لە دەرئەنجامی خراپ و بە لاڕێدا بردنی منداڵان، كاتێك لەو بارەیەوە پرسیار لە مستەفا دەكەی، لەڕووی نایێت هەموو شتێكی خۆی و هاوڕێیەكانی باس بكات. هەندێك لە چیرۆكی ئەو گرتانە گەیشتوونەتە لای مامۆستاكان و بەدواداچوونیان بۆكردووە. مامۆستا ئەكرەم مزووری، رابەری پەروەردەیی و پسپۆڕی دەروونی لە سۆران بەسەرهاتی دوو منداڵ دەگێڕێتەوەو دەڵێت "رۆژێك قوتابییەك گوشاری خستبووە سەر هاوڕێیەكی كە سەیری گرتەیەكی رووتی نێو مۆبایلەكەی بكات، بەڵام ئەو رازینەببوو، بۆیە هەڕەشەی لێكردبوو، لەسەر ئەوە بە شەڕهاتبوون، كاتێك قوتابییەكە دەگەڕێتەوە ماڵ، رووداوەكە بۆ باوكی دەگێڕێتەوە، ئەویش دەچێتە قوتابخانەكەی، كاتێك سەیری مۆبایلی قوتابییەكە دەكەن دەبینن 25 گرتەی رووتی تێدایە". ئەو رابەرە پەروەردەییە لەوبارەوە كە ئەو رووداوانە خەریكە لەنێو منداڵاندا دەبنە دیاردە دەڵێت "سەیركردنی دیمەنی سێكسی لە رێگەی مۆبایلەوە لەلایەن منداڵ و هەرزەكاران دیاردەیەكی نێگەتیڤ و قێزەونە، چونكە ئەم كردارە هەموو هزر و بیری تاك بۆ لای سێكس و جوتبوون و تێركردنی ئەم پێداویستییە دەبات و دەبێتە هۆی ورووژاندنی هەڕەمەكی سێكسی ئەو منداڵە". مامۆستا ئەكرم باس لەوەشدەكات كە ئەوە دەبێتە هۆكارێك كە كەسی سەیركەری ئەو دیمەنانە پەنا بۆ لاساییكردنەوەو ئەنجامدانی كارەكە ببات "ئەمە هانی تاك دەدات بۆ لاساییكردنەوەی دیمەنەكان لەگەڵ كەسانی دەوروبەر، كە زۆرجار نێربازی و پەلاماردانی كەسانی دەوربەری لێدەكەوێتەوە، یان بەناچاری منداڵەكە پەنا دەباتە بەر خۆبەتاڵكردنەوە جا بە هەر رێگەیەك بێ". *ناوی منداڵەكانی ناو ئەو راپۆرتە خوازراون.
|
||
|
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||