پەختەیەك لە ژیانی پێغەمبەر محمد (صلی الله علیە وسلم)

 

 

موحەمەدی کوڕی عەبدولڵا کوڕی عەبدول موتەلیب، موسڵمانان بە پێغەمبەری خوای دادەنێن بۆ ھەموو مرۆڤایەتی تا خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ یەکتاپەرستی و پەرستنی خوا لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم، و لەو باوەڕەدان کە باشترینی دروستکراوانی خوایە و پێشەوای مرۆڤە، لەگەڵ ناوھێنانیدا ئەڵێن «صلی اللە علیە وسلم» واتە« دروودی خوای لێبێت»، کە لە قورئان و سوننەتدا ئەوە ھاتووە، وایان لێئەکات سڵاواتی لەسەر بدەن. نووسەری یەهوودی مایکل هارت لە دانانی کتێبی مەزنترین ١٠٠ کەسایەتی مێژوودا، پێغەمبەر موحەمەدی داناوە بە بە مەزنترین کەس بەو بڕوایەی «کە تەنها کەسە لە مێژوودا بە تەواوی سەرکەوتوو بووە لەسەر ئاستی ئایینی و دونیایی و ئەڵێت موحەمەد کاریگەرییەکی گەورەی لە دەروونی موسڵمانان بە جێهێشتووە، ئەمەش دەردەکەوێت لە یادکردنەوە و شوێن پێ هەڵگرتنییاندا لە شێوازی ژیان و پەرستشەکانی، و هەروەها لە هەستانیان بە لەبەرکردنی ووتە و هەڵس وکەوت و سیفەتەکانی».

لە دایک بووە لە مەککە لە مانگی ڕەبیعولئەولی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زایینی، پێش ئەوەی لە دایک بێت باوکی کۆچی دوایی کردوە و ھەر لە مناڵیشدا دایکی لەدەست ئەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدول موتەلیبی باپیرەی پاشان لای ئەبو تالیبی مامی، کە لەو ماوەیەدا خەریکی شوانی ئەبێت، پاشان بازرگانی ئەکات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێک ھێناوە لەگەڵ خەدیجە کچی خووەیلید، کە دایکی ھەموو مناڵەکانی بووە بێجگە لە ئیبراھیم.

لە پێش ئیسلامدا حەنیفی بووە و خوای پەرستووە لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و پەرستنی بتی ڕەتکردۆتەوە کە لەو کاتانەدا بەربڵاوبووە لە مەککەدا، موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نیگای خوای پێ گەیشتووە کاتێک لەتەمەنی چل ساڵیدا بووە، سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی کرد پاشان دە ساڵی لە مەککە بە سەر برد بە بانگ کردنی خەڵکەکەی و بازرگان و حەجاجەکانی ئەهاتنە مەککە، و لە ساڵی ٦٢٢ز کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە کە ناودەبرا بە یەسرب، دوای ئەوەی گەورەکانی قوڕەیش کەوتنە پیلان گێڕان لێی و بانگەوازەکەیان ڕەت ئەکردەوە، دە ساڵی کۆتایی ژیانی لە مەدینە بەسەر برد بە بانگەوازی ئیسلامی، و بناغەی شارستانی ئیسلامی دانا، کە دواتر فراوان بوو و مەککە و ھەموو شار و ھۆزە عەرەبیەکانی گرتەوە، و بۆ یەکەم جار عەرەبی یەکخست لەسەر یەک ئاینی یەکتاپەرستی و لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا

 

سەرچاوەکانی ژیاننامەی

 

لەبەر ئەوەی کەسایەتییەکی کاریگەرە لە مێژوودا، بۆیە ژیان و کاروبار و بیروباوەڕی بە شێوەیەکی بەرفراوان لێدوانی لەسەر کراوە لەلایەن لایەنگران و نەیارەکانی بە درێژایی سەدەکان. موسڵمانان لە کۆن و نوێدا گرنگییان داوە بە ژیاننامەکەی بەوەی بە پەیڕەوێکی کرداری دادەنرێت بۆ ئیسلام، زانایانی ئیسلام دانراوی زۆریان لەسەر داناوە و هەموو شتێکی پەیوەندیداریان پێوەی نوسیوەتەوە

قورئان بە سەرچاوەیەکی سەرەکی دادەنرێت لە زانینی ژیاننامەی پێغەمبەر موحەمەد، دێرینترن و باوەڕپێکراوترین سەرچاوەی ژیاننامەی پێغەمبەرە، لەبەرئەوەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی موحەمەد خۆی و هەموو موسڵمانان یەک نوسخەی قورئان کۆیان ئەکاتەوە لەگەڵ جیاوازی کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا، لەگەڵ ئەوەی قورئان هەموو ژیاننامەی موحەمەد لە خۆناگرێت، بەڵام چەند ئاماژەدانێکی تیایە بۆ ژیانی بە دەربڕینی ئاشکرا بێت یان بە ئاماژەدان. هەندێک لە سیفەتەکانی باسکراوە لەگەڵ بەڵگەکانی پێغەمبەرێتی، ڕەوشت و تایبەتمەندییەکانی، و باری دەروونی، و هەندێک شت لە بارەی غەزووەکانیەوە باسکراوە.

 

کتێبی فەرموودە

 

ژیاننامەی پێغەمبەر بەشێکی فراوانی گرتووە لە کتێبەکانی فەرموودەدا، هەموو ئەوانەی کتێبیان لە فەرموودەدا داناوە، بەش و دەروازەی تایبەتیان داناوە لەسەر ژیانی پێغەمبەر موحەمەد، و بانگەوازەکەی، و هاوەڵەکانی، لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕووداوانە بە پێی کات ڕیزبەند نەکراوان، لەبەرئەوەی ئەوان مەبەستیان کۆکردنەوەی ووتەکانی موحەمەد و کردار و فەرمان و حوکمەکانی بووە.

زانایامی موسڵمان کۆکن لەسەرئەوەی کە ناودارترین و دێرینترین کتێب لەبارەی هەواڵی ژیاننامەی پێغەمبەرەوە مۆتەی مالیکە، پاشان سەحیحی بوخاری و دواتر سەحیحی موسلیم کە بەشێکی زۆریان لە ژیانی موحەمەد باسکردووە.

کتێبەکانی ژیاننامە (سیرە) کتێبەکانی سیرە و ژیاننامە لە قۆناغێکی دواتر لە کتێبەکانی فەرموودە نوسراون، هاوەڵەکان گرنگییان ئەدا بە گێڕانەوەی ژیاننامەکەی بە دەمی، یەکەم کەس کە گرنگی دا بە نوسینەوەی ژیاننامەکەی عەروەی کوڕی زوبەیر بوو. لە دواتردا موحەمەد کوڕی ئیسحاق دێت لە نووسینەوەی ژیاننامەی موحەمەددا بە تەواوی و شارەزایان بە ڕاسترین کتێبی سیرەی دادەنێن لەو سەردەمەدا.

سەرچاوەکانی تر کتێبەکانی شەمائل بە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی دادەنرێت لە زانینی ژیاننامەی پێغەمبەر موحەمەددا، ئەمانەش ئەو کتێبانەن کە دانەرەکانیان گرنگییان داوە بە باسی ڕەوشتی موحەمەد و خوو ڕەوشت و سیفەتەکانی، و هەڵس و کەوتی لە شەو و ڕۆژدا، و ڕەوشتەکانی.

هەروەها کتێبەکانی دەلائل بە یەکێکی تر لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ژیاننامەکەی دادەنرێن، ئەمەش ئەو کتێبانە دەگرێتەوە کە بەڵگە و نیشانەکانی پێغەمبەرایەتی موحەمەد ئەسەلمێنێت بە پێی بیروباوەڕی موسڵمانان. زۆر کتێب لەم بوارەدا دانراون و ناودارترینییان بەڵگەکانی پێغەمبەرێتی بیهقییە.

هەروەها چەندین جۆری تر سەرچاوە هەیە، وەک کتێبەکانی تەفسیری قورئان و هۆکانی هاتنە خوارەوە.

 

کورتەیەکی مێژوویی

لە ڕووی سیاسییەوە، نیمچەدوورگەی عەرەبی لێک هەڵوەشابوو، نە دەوڵەتێک یەکی ئەخست و نە حکومەتێک بەڕێوەی دەبرد، دەوڵەتە دێرینەکانی کە لە یەمەن و نەجد و دەورووبەری عێراق و شام بوون لێک هەڵوەشابوون، و ژیانی کۆچەری دەستی بەسەر شارەکانی حیجازدا گرتبوو، و هۆزەکان یەکەی سەرەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون.

لە ڕووی ئابووریەوە، دەشتەکییە عەرەبەکان پشتیان بە شوانکارەیی و کۆچکردن ئەبەست بۆ ئەو ناوچانەی ئاویان لێیە، ئەمەش بوو بووە هۆی شەڕ بۆ دەستکەوتنی پێداویستییەکان، بەڵام لە شارەکاندا چالاکی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی هەبوو، مەککە چالاکی بازرگانی تێیدا باڵادەست بوو و ڕێگەی بازرگانی نێوان شام و یەمەنی بەڕێوە ئەبرد، بەڵام مەدینە کشتوکاڵ تێیدا لەبرەودا بوو بە هۆی باخی میوە و خورما و ترێوە.

عەرەب دیناری بیزەنتی و دەرهەمی فارسییان بەکاردەهێنا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بەڵام لە ڕووی پیشەسازییەوە مەدینە ناسرابوو بە داڕشتنی جوانکاری زێڕ و زیو، لەگەڵ دروستکردنی شمشێر و تیر و ڕم و زرێپۆش، هەروەها لە شارە عەرەبیەکاندا ئاسەنگەری و زەڕەنگەری و دەباغچییەتی و چنین پەرەی سەند، هەروەها عەرەب چەند جۆرێک مامەڵەی داراییان ئەزانی وەک قەرز و ڕەهن و باج.

لە ڕووی ئایینییەوە، بت پەرستی نیمچەدوورگەی عەرەبی گرتبوویەوە بە شێوەیەکی گشتی، خواوەندێکیان ئەپەرست کە وەک بت دروستکران لە بەرد و تەختە، ژمارەیان ئەگەیشتە ٣٦٠ بت لە دەوری کەعبە، ئەو هۆزانە ئەیانپەرستن کە ئەهاتن بۆ حەج و قوربانی و نەزریان بۆ ئەکردن، لەگەڵ ئەمانەشدا چەند دروشمێکیان لە پاشماوەی ئاینی ئیبراهیم بۆ مابوویەوە وەک بەرز ڕاگرتنی کەعبە، و سەردان کردنی، و حەج و عومرە، لە هەمان کاتدا چەند تاکێک هەبوون کە لەسەر ڕێبازی ئیبراهیم و ئیسماعیل بوون بە تەنها و ناسرابوون بە حەنەفییەکان، هەروەها چەند ئاینێکی تر هەبوو بە شێوەیکی دیاریکراو وەک یەهوودی لە یەمەن و مەدینە، و مەسیحییەت لە نەجران و حیرە و دەوروبەری شام، و هەروەها بڵاوبونەوەیەکی دیاریکراوی ئاگرپەرستی هەبوو کە لە ئێرانەوە هاتبوون

 

ژیانی لە پێش بانگەواز

لە دایک بوونی

موحەمەد لە دایک بووە لە مەککە (بە پێی گێڕانەوەکانی سوننە لە دایک بووە ڕۆژی دووشەممە، ١٢ ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی). شەش مانگ پێش لە دایکبوونی باوکی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک لە دایک دەبێت ئامینەی دایکی ئەنێرێت بۆ لای عەبدول موتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێ خۆش دەبێت و دەچێتە کەعبەوە سوپاسی خوا ئەکات و ناوی موحەمەدی بۆ ھەڵ ئەبژێرێت کە لەو کاتەدا ئەو ناوە لە ناو عەرەب باو نەبووە.

پەروەردە بوونی[دەستکاری]یەکەم کەس کە شیری پێدا لە دوای دایکی سویبەی خزمەتکاری ئەبولەھەب بووە و پاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی و ئەو گرتیەخۆی، و چەند مانگ جارێک ئەیھێنایەوە بۆ لای دایکی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە پاشان حەلیمە ھات بۆ لای دایکی تا داوای لێبکات زیاتر لایان بمێنێتەوە تاکو گەرمای مەککە کاری تێ نەکات و ھەروەھا لەبەر ئەو بەرەکەتەی ڕووی تێکردبوون بە ھۆی ئەوەوە، بەڵام لە دوای ڕووداوی لەتکردنی سنگی موحەمەد ترسان و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایکی.

و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوو کاتێک دایکی کۆچی دوایی کرد، پاشان عەبدول موتەلیبی باپیرەی بردیە لای خۆی تا لەگەڵ مناڵەکانیا بژی، و کاتێک لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا بوو عەبدول موتەلیب کۆچی دوایی کرد لە مەککە، و پێش مردنی ئەبو تالیبی کوڕی ڕاسپارد بە پەروەردەی موحەمەد، ئەبو تالیبیش ئەو ئەرکەی زۆر بە جوانی لە ئەستۆ گرت.

 

لاوێتی

مامی ئەبوتاڵیب داهاتێکی زۆری نەبوو، لەبەرئەوە موحەمەد سەرەتا شوانی ئەکرد لە بەنی سەعد لە سەر چەند قیڕاتیک بۆ خەڵکی مەککە (قیڕات بەشێکە لە دەرهەم یان دینار).« لەگەڵ ئەوەی شیعە هەواڵی شوانییەکەی ڕەت ئەکەنەوە»، کاتێک گەیشتە تەمەنی ١٢ ساڵی لەگەڵ مامی ڕۆیشت بۆ شام بۆ بازرگانی، ناونرا بە ئەمین و ڕاستگۆ و خەڵک ئەمانەتیان لە لا دائەنا، و کاتێک قوڕەیش بینای کەعبەیان نوێکردەوە، جیاوازیان کەوتە نێوان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەکە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێکەوتن یەکەم کەس ھاتە ژوورەوە دایبنێت، موحەمەد ھاتە ژوورەوە وتیان ئەمین ھات و ڕازی بوون کە ئەو دایبنێت، داوای پۆشاکێکی کرد و بەردەکەی خستە سەری و ھەموو تیرە و ھۆزەکانی شاری مەککەی بانگکرد و ھەر یەکەی چەمکێکیان گرت و ھەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەکەی خستەوە شوێنی خۆی

 

هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە

خەدیجە کچی خووەیلید، ئافرەتێکی بازرگانی سەروەر و سەرفرازی شاری مەککە بوو، کاتیک ھەواڵی دەست پاکی موحەمەد گەیشت پێی، ناردی بە شوێن موحەمەدا و پێشنیاری خستە بەردەمی کە بەشداری بکات لە بازرگانیەکەیدا بۆ شام، موحەمەد ڕازی بوو و دەرچوو بۆ شام و شتومەکی کڕی و گەڕایەوە بۆ مەککە قازانجێکی زۆری کرد، بۆیە لە دوای گەڕانەوەکەی لە شام خەدیجە پێشنیاری ھاوسەرگیری خستە بەردەمی، موحەمەدیش دوای ئەوەی داواکەی خستە بەردەم مامەکانی، خەدیجەی خواست کاتێک لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا یان هەندێک ئەڵێن ئەویش لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بووە.

خەدیجە دایکی ھەموو مناڵەکانی بوو بێجگە لە ئیبراھیم کە دایکی ئەو ماریە قەبتی بوو، مناڵەکانی تری قاسم و عەبدولڵا و زەینەب و ئوم کەلسوم و فاتمە بوون. قاسم و عەبدولڵا لە سەردەمی نەفامیدا مردن بەڵام ھەموو کچەکانی ئیسلام بوون و لە گەڵیا کۆچیان کرد، بەڵام ھەموویان ھێشتا پێغەمبەر لە ژیاندا بوو مردن بێجگە لە فاتیمە.

 

مژدەکان لە نزیکبوونەوەی ناردنی

موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە خوا هەر پێغەمبەرێکی ناردبێت بەڵێنی لێ وەرگرتووە کە بە نەتەوەکەی بلێت باوەڕ بە دوایین پێغەمبەر بهێنن کە موحەمەدە و سەری بخەن، و موحەمەد خۆی فەرموویەتی؛ (من بانگه‌وازی ئیبڕاهیمی باوكمم، مژده‌كه‌ی عیسام ، هەروەها لە کتێبەکانی سیرەدا هاتووە کەوا خاخامەکانی یەهوود و قەشە مەسیحییەکانی ناو عەرەب باسیان لە هاتنی پێغەمبەر موحەمەد کردووە پێش ناردنی کاتێک کاتەکەی نزیک بۆتەوە.

 

ژیانی دوای ناردنی تا پێش کۆچ

دابەزینی سروش

 

کاتێک گەیشتە تەمەنی چل ساڵی بە زۆری دەردەچوو بۆ ئەشکەوتی حەڕا ئەمایەوە لە «شاخی نوور لە دووری دوو میل لە مەککەوە»، ئەمەش لە هەموو ساڵێکدا بوو، ئاو و خواردنی لەگەڵ خۆی ئەبرد و مانگێک تیایا ئەمایەوە و پەرستن و تێڕامانی ئەکرد. موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە بۆ یەکەم جار سروشی بۆ دابەزی لە ١٧ی ڕەمەزان یان ٢٤ی ڕەمەزان یان ٢١ی ڕەمەزان بەرامبەر ١٠ی ئابی ٦١٠ز، (٢٧ی ڕەجەب دانراوە لای شیعە).

لە دوای ئەو ڕووداوە ماوەیەک سروشی بۆ نەهات، ئەڵێن نزیکەی سێ ساڵ یان کەمتر بووە، تا کۆتایی هات بە دابەزینی ئایەتەکانی سەرەتای سورەتی مودەسیر ‹المدثر›، پاشان سروش دابەزی و بەردەوام بوو بۆ ماوەی بیست و سێ ساڵ تا کۆچی دوایی کرد. و یەکەم ئایەت لە قورئان دابەزی بۆی (اقْرَء بِاسْمِ رَبِّکَ اڵّذی خَڵقَ) واتە بخوێنەوە بە ناوی ئەو خوایەی دروستی کردووی

 

سەرەتای بانگەوازی

موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە موحەمەد نێردراوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، و لەدوای هاتنە خوارەوەی ئایەتەکانی سورەتی مودەسیر، دەستیکرد بە بانگ کردنی خەڵک بۆ ئیسلام لە گەورە و بچوک، و سەربەست و بەندە و پیاوان و ژنان و یەکەم کەس کە باوەڕی پێ هێنا بە پێی گێڕانەوەکانی سوننە خەدیجە کچی خووەیلیدی خێزانی و عەلی کوڕی ئەبوتالیبی ئامۆزای بوو (بە پێێ گێڕانەوەکانی شیعە عەلی یەکەم کەس بووە کە باوەڕی پێ هێناوە، ئەو کاتە مناڵ بووە لە تەمەنی دە ساڵی یان هەشت ساڵیدا بووە و ئەژیا لە ژێر چاودێری موحەمەدا)، و زەیدی کوڕی حارسە یەکەم پیاو بووە کە باوەڕی پێ هێناوە و پاشان هاوڕێی نزیکی ئەبوبەکر باوەری پێ هێنا (لە هەندێک گێڕانەوەدا هاتووە کە ئەبوبەکر پێش عەلی باوەڕی هێناوە و یەکەم پیاو بووە کە موسڵمان بووە) و بە موسڵمان بوونی ئەبوبەکر ئیسلام دەرکەوت لە مەککە، یەکەم کەس بوو کە ئیسلام بوونی خۆی دەرخست، و دەستی کرد بە بانگ کردنی هۆز و نزیکەکانی بۆ ئیسلام و ئەوانەی بە بانگەوازی ئەبوبەکر ئیسلام بوون، عوسمان کوڕی عەفان و عەبدول ڕەحمان کوڕی عەوف و تەڵحە کوڕی عوبەیدوڵڵا و زوبێر کوڕی عەوام و سەعد کوڕی ئەبی وەقاس بوون.

موحەمەد لە سەرەتادا سێ ساڵ بە نهێنی بانگەوازی کرد، و لە یەکەمینی ئەو حوکمانەی هاتنە خوارەوە فەرمان کردن بوو بە نوێژکردن، موسڵمانان سەرەتا بە نهێنی کۆدەبونەوە بۆ نوێژکردن و بە دیداری پێغەمبەر موحەمەد ئەگەیشتن کاتێک ژمارەیان گەیشتە سی ژن و پیاو، موحەمەد ماڵی ئەڕقەمی کوڕی ئەبی ئەڕقەمی بۆ هەڵبژاردن تا تیای کۆببنەوە بە مەبەستی ڕێنمایی و فێربوون، و کاتێک ژمارەیان گەیشتە چل کەس، فەرمان کرا بە موحەمەد بە ئاشکرا بانگەواز ڕابگەیەنێت.

 

بانگەواز بە ئاشکرا

 

دوای سێ ساڵ بانگەوازی نهێنی، موحەمەد دەستی کرد بە ئاشکراکردنی بانگەواز دوای ئەوەی لەلایەن خواوە فەرمانی پێکرا، ئیبن عەباس بە پێی ڕیواتەیەکی زەهری ئەڵێت؛ قوڕەیش لە دژی بانگەوازی موحەمەد نەوەستان تا ئایەتەکان لەسەر بت پەرستی ھاتنە خوارەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەچوونە ئیسلامەوە مەترسی دروستبوو بۆ شێوازی ژیانی ئاینی لە مەککە و بە خراپی کار ئەکردە لەسەر ھێزی ئابووری قوڕەیش، بۆیە قوڕەیش دژی بانگەوازەکەی وەستان و داوایان لیئەکرد واز بھێنیت بەڵام موحەمەد ڕازی نەبوو لە بەرامبەر ھیچ شتێک دەست لە بانگەواز ھەڵگرێت. ھەر لەبەر ئەوە قورەیش وتیان: موحەمەد توشی جۆرێک لە شێتی بووە، و وتیان جنۆکە و شەیتان تێکیان داوە و ھەروەھا پێیان وت ساحیر و شاعیرە. کاتێک زانیان بەمە ناتوانن ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکە بگرن بۆیە بڕیاری ئازاردانی موسڵمانانیان دا، و ھەر سەرۆک ھۆزێک ئازاری ئەو کەسانەی ئەدا لە ھۆزەکەی کە ئیسلام بوون، و بریاری ئازاردان و لێدانیان دا بۆ ھەر یەکێک ئیسلام بێت. ھەتا گەیاندیانە ئەوەی کە ئازاری پێغەمبەر خۆشیان ئەدا.

 

کۆچکردن بۆ حەبەشە

 

کاتێک نەھامەتی زیادی کرد لەسەر موسڵمانان پێغەمبەر موحەمەد ڕێگەی پێدان کە کۆچ بکەن بۆ حەبەشە لە ساڵی ٦١٥ز بۆ لای پاشا ئەسحەمەی نەجاشی لەبەرئەوەی ستەمی لە کەس نەئەکرد، عوسمانی کوڕی عەفان و خێزانەکەی و نزیکەی ٨٠ پیاو کۆچیان کرد بۆ حەبەشە. ئەمەش یەکەم کۆچکردن بوو لە ئیسلامدا و دواتر زۆربەی ئەوانەی کۆچیانکردبوو بۆ حەبەشە ڕۆیشتن بۆ مەدینە دوای ئەوەی ئیسلام لە مەدینەدا جێگیر بوو.

 

گەمارۆدانی بەنی هاشم

 

کاتێک قوڕەیش زانییان موسڵمانان پارێزراون لای نەجاشی حەبەشە، و دوای ئەوەی عومەر کوڕی خەتتاب و حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب ئیسلام بوون، و ئیسلام بڵاوئەبوویەوە لە نێو هۆزەکاندا، ئەمە زۆربوو بەلایانەوە، کۆبوونەوە بۆ کوشتنی پیغەمبەر، قسەیان لەگەڵ بەنی هاشم کرد و داوایان کرد بیدەن بە دەستەوە، ئەوانیش ڕازی نەبوون، و کاتێک قوڕەیش ئەمەیان زانی گەمارۆی بەنی هاشمیان دا بەوەی کەس تێکەڵیان نەبێت و لەگەڵیان دانەنیشێت و هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ نەکات تا موحەمەد ئەدەن بە دەستەوە. بۆ ئەمەش نوسراوێکیان نوسی و بە کەعبەدا هەڵیان واسی.

دواتر پێنج لە سەرکردەکانی قوڕەیش هەوڵیاندا کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنن، پاشان ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد لە ڕەمەزان یان شەوالی دەیەم ساڵی پێغەمبەرایەتی (٣ ساڵ پێش کۆچی)، قوڕەیش نەیانئەتوانی ئازاری پێغەمبەر بدەن هەتا ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد، پاشان خەدیجەی خێزانی کۆچی دوایی کرد، پێغەمبەر زۆر خەمبار بوو بۆ لە دەستدانی مامی و هاوسەرەکەی لەبەر ئەوە ئەو ساڵ ناونرا ساڵی دڵتەنگی.

 

دەرچوون بۆ تائیف

 

کاتێک قوڕەیش ئازاریان توند کرد لەسەر موحەمەد و هاوەڵەکانی دوای وەفاتی ئەبوتالیب مامی، موحەمەد دەرچوو بۆ تائیف و داوای لێکردن بێنە ناو ئیسلامەوە، بەڵام ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان دایەوە و ڕازی نەبوون، پاشان موحەمەد تائیفی بە جێ هێشت و بە خەمباری گەڕایەوە بۆ مەککە لەبەرئەوەی کەس لە خەڵکی تائیف نەهاتن بە دەم بانگەوازەکەیەوە.

 

ئیسرا ومیعراج

 

لە دوای گەشتەکەی تائیف، ڕووداوی ئیسرا و میعراج یان شەوڕەو ڕوویدا بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی، موسڵمانان بە سوننە و شیعەوە لەو باوەڕەدان، ئەم گەشتە لە مزگەوتی حەرامەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا واتە شاری بیت المقدس بە سواری بوراق و بە ھاوەڵی جوبرەیل، لەوێ دابەزیوە و نوێژی کردووە، پاشان ئەو شەوە لە بیت المقدسەوە ڕۆیشتووە بۆ ئاسمانی دنیا، و لەوێ ئادەمی بینیوە وسڵاوی لێکردوە و ئەویش وەڵامی داوەتەوە، ھەر لە ئاسمان بەدیداری یەحیا و عیسا و یوسف و ئیدریس و ھارون و موسا و ئیبراھیم گەیشتوە، پاشان بوراقەکە بەرزی کردۆتەوە بۆ لای خوا، و نوێژەکان لەو شەوەدا فەڕز کراون. بە پێی ڕای ئیبن ئیسحاق خوا تەنھا ئیسرای بە ڕۆحی پێغەمبەر کردووە، یان گەشتێکی ڕۆحی بووە، لە ھەمان کاتدا ھەندێ لە مێژوو ناسان وایدەبینن کە موحەمەد بە ڕۆح و جەستەشی سەفەری کردووە. ھەر لەو ڕۆژەدا موحەمەد بە ھۆزەکەی ڕاگەیاند بەڵام بە درۆیان خستەوە، باوەڕیان پێ نەکرد تەنھا ئەوان نەبێت کە باوەڕیان بە بانگەوازەکەی کردبوو وەک ئەبوبەکر.

 

بەیعەتی عەقەبەی یەکەم ودووەم

 

موحەمەد لە وەرزی حەجدا بانگەوازی ھۆزە عەرەبەکانی ئەکرد بۆ لای خوا، و لە ساڵی ١١ی پێغەمبەرایەتیدا بوو کە شەش لاوی یەسریب (مەدینە) ھاتن بۆ مەککە لە وەرزی حەجدا، و ئەو لاوانە بەڵێنیان بە پێغەمبەردا کە پەیامەکەی بگەیەننە ھۆزەکانیان لە کاتێکدا لای عەقەبە بوون، و لە وەرزی داھاتووی حەجدا، دوانزە پیاو ھاتن، پێغەمبەر بینینی و ئەوانیش موبایەعەیان داپێی ئەمەش بە موبایەعەی عەقەبەی یەکەم ناسراوە. و لەوەرزی سێیەمی حەجدا لە ساڵی ١٣ی پێغەمبەرایەتی، ساڵی ٦٢٢ز نزیکەی حەفتا کەسێک لە موسڵمانانی یەسرب (مەدینە) ھاتن بۆ حەج، و کە گەیشتنە مەککە پەیوەندی نھێنیان بە موحەمەدەوە کرد و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی موحەمەد و ھاوڕێکانی کۆچ بکەن بۆ مەدینە ئەمەش بە موبایەعەی عەقەبی دووەم ناسراوە.

 

کۆچکردن بۆ مەدینە

 

لە دوای بەیعەتی عەقەبەی دووەم، بارودۆخەکە توند بوو لەسەر موسڵمانان، پێغەمبەر ڕیگەی بە موسڵمانان دا کە کۆچ بکەن بۆ مەدینە، و لە مەککە تەنها پێغەمبەر و ئەبوبەکر و عەلی کوڕی ئەبوتالیب مانەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لاواز بوون و توانای کۆچکردنیان نەبوو.

کاتێک قوڕەیش دەرچوونی موسڵمانانیان بینی، ترسان موحەمەدیش دەرچێت، لە دارلندوە کۆبوونەوە، و بڕیاری کوشتنی موحەمەدیان دا، جوبڕەیل ئەم هەواڵەی گەیاند بە پێغەمبەر و پێی ڕاگەیاند لە شوێنەکەی نەخەوێت، موحەمەد فەرمانی بە عەلی کرد بخەوێت لە جێگەکەی تا ئەمانەتەکانی لایەتی بیگەڕێنێتەوە پاشان بڕوات بە دوایاندا، پاش ئەوە پێغەمبەر چووە لای ئەبوبەکر و بەیەکەوە کۆچیان کرد و لە ڕۆژی دووشەممە دەی ڕەیعولئەوەلی ٦٢٢ز موحەمەد خۆی چووە مەدینەوە لەگەڵ ئەبوبەکری ھاوەڵی، و پشتیوانان پێشوازیەکی گەرمیان لێ کرد.

خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب ئەم بۆنەیەی کرد بە سەرەتای مێژووی ئیسلامی، بەڵام موحەڕەمی کرد بە سەرەتای ڕۆژژمێری کۆچیی لە جیاتی ڕەبیعولئەوەل لەبەرئەوەی ویستی کۆچەکە لە موحڕەمدا دەستی پێکرد، بەڵام شیعە لەو بڕوایەدان کە ڕۆژژمێری کۆچی هەر لە سەردەمی موحەمەددا دانراوە.

 

ژیانی لە مەدینە

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی

یەکەم ھەنگاوی موحەمەد لە مەدینە فەرمانی پێکردن بە کردنەوەی مزگەوت کە ناسراوە بە مزگەوتی پێغەمبەر، جێگەکەی بۆ هەڵبژارد و دەستیان کرد بە بنیاتنانی مزگەوتەکە. مەدینە لە پێش گەیشتنی پێغەمبەر بەدەست ناکۆکی سەد ساڵەوە ئەیناڵاند لە نێوان ھۆزە جیاوازەکانیدا، سەرکردەکانی مەدینە ھەستیان ئەکرد پێویستیان بە سەرکردەیەکی یەکگرتوو ھەیە کە پەیوەندیەکانیان ڕێک بخات و ناکۆکی نێوانیان نەھێڵێت، ئەمەش وای لێکردن موحەمەد قبوڵ بکەن وەک سەرکردەی مەدینە و پاڵپشتی و پارێزگاری لە خۆی و کۆچکردووە موسڵمانەکان بکەن. و موحەمەد برایەتی خستە نێوان کۆچکردووان و پشتیوانان، ھەر پشتیوانێک کۆچکردوویەکی ھەڵبژارد تا برای بێت و لەماڵەیدا بمێنێتەوە ئەمەش لە ھەنگاوێکدا بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەھێزی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا و بۆ سڕینەوە ئەو دەمارگیریەی لە نێویاندا بوو. بەم شیوەیە پشتیوانان ماڵ و سەروەتیان بەش کرد لەگەڵ کۆچکردووەکانی برایاندا.

هەروەها موحەمەد سەنەدێکی نوسیوە کە ناسرا بە دەستوری مەدینە، و لە سەنەدی ڕێکەوتنی نێوان ھۆز و تیرە جیاوازەکانی ناو مەدینە ئەچوو و ئەرک و مافەکانی دانیشتوانی مەدینە دیاری کرا، و سەنەدەکە ٥٢ بەندی لە خۆگرتبوو، بیست و پێنج بەندیان تایبەت بوو بە کاروبارە تایبەتەکانی موسڵمانان بیست و حەوتیان پەیوەست بوون بە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و خاوەن ئایین و دیانەتەکانی تر، و ئەم دەستورە ڕێگەی ئەدا بە خاوەن ئاینەکانی تر لەگەڵ موسڵمانان بژین بە سەربەستی، ھەروەھا باس لە ھاوپەیمانی ھۆزە جیاوازەکان کرا بوو کاتێک مەدینە بکەوێتە بەر ھێرش، و دڵنیای سەربەخۆیی دارایی ھەر ھۆزێکی تیا دووپات کرابوویەوە. زۆربەی بت پەرستەکانی مەدینە ئیسلام بوون، تەنانەت سەرکردە گەورەکانیان وەک سەعدی کوڕی موعاز، تەنھا کەمایەتییەک مانەوە لەسەر بت پەرستی کە ئەوانیش کاریگەریان دیار نەبوو.

 

سەرەتای ناکۆکی سەربازی

 

لەگەڵ سەرەتای بوونی موسڵمانان لە مەدینە، خاخامەکانی یەهوود لە بەنی قەریزە و بەنی قینقاع و بەنی نەزیر دەستیان کرد بە دوژمنایەتی موحەمەد، و هەندێک لە پیاوەکانی ئەوس و خەزرەج چوونە پاڵیان ئەوانەی لە سەرەوە خۆیان بە ئیسلام دەردەخست و پێچەوانەی ئەوەیان ئەشاردەوە، ناونران بە دوو ڕووەکان، لە دوای ئەوە خوا فەرمانی جەنگی بە پێغەمبەر موحەمەد کرد[١١]، دەستی کرد بە ناردنی نوێنەر و سریە، چووە غەزووەوە و شەڕی کرد خۆی و هاوەڵەکانی، ژمارەی ئەو غەزووانەی خۆی بۆی دەرچوو ٢٧ غەزوو بوو، لە ٩ غەزوویاندا خۆی جەنگاوە، و ژمارەی سریەکانی ٤٧ سریەیە، و لە هەموو ئەو غەزووانەیە موحەمەد بە دەستی خۆی کەسی نەکووشتوە تەنها ئەبی کوڕی خەلەف نەبێت.

وێنەیەکی فارسی، باسی شەری بەدری گەورە دەکاتیەکەمی سریەکان حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب بوو، لە مانگی ڕەمەزان لە سەری حەوتەم مانگی کۆچییدا، سی پیاو لە کۆچگردووان دەرچوون، ڕێگەیان لە کاروانێکی قوڕەیش گرت، بەڵام شەڕ ڕووی نەدا لە نێوانیان، پاشان سریەی عوبەیدەی کوڕی حاریس، و سریەی سەعد کوڕی ئەبی وەقاس ڕوویاندا، پاشان لە مانگی سەفەری سەری دوانزەیەم مانگی کۆچییدا، پێغەمبەر موحەمەد دەرچوو بۆ یەکەم غەزوو کە ئەویش غەزووی ودان بوو، پاشان غەزووەکانی بوات و عەشیرە و بەدری یەکەم ڕوویاندا.

لە ١٧ی ڕەمەزانی ساڵی ٢ی کۆچی بەرامبەر ئازاری ٦٢٤ز، غەزووی بەدری گەورە ڕوویدا، و بە سەرکەوتنی موسڵمانان جەنگەکە کۆتایی پێ هات، و لە ئەنجامی شەڕەکەدا ١٤ کەس لە موسڵمانان کوژران، و ٧٠ کەس لە بێ باوەڕەکان کوژران کە ئەبو جەهلیان لە نێودا بوو, و ٧٠ی تریان بە دیل گیران، ١٦ کەسیان لێ موسڵمان بوو، پاشن لە دواتردا موحەمەد یەهوودەکانی بەنی قینقاعی کردە دەرەوە لە غەزووی بەنی قینقاع، دوای ئەوەی گەمارۆی دان بەڵام وازی لێهێنان بێ ئەوەی بیان کوژێت فەرمانی پێ کردن بڕۆنە دەرەوە لە مەدینە.

قوڕەیش هەوڵیاندا تۆڵەی غەزووی بەدر بکەنەوە، دەرچوون لەگەڵ ژمارەیەک هۆزەکاندا بە ٣٠٠٠ جەنگاوەر و ٢٠٠ سوارچاک و ٣٠٠٠ ووشترەوە، و لەو کاتانە ئەبووسوفیان کوڕی حەرب سەرکردایەتی ئەکردن، و کاتێک هەواڵەکە گەیشت بە موحەمەد خۆیان ئامادەکرد و پاشان دەرچوون، و غەزووی ئوحد دەستی پێکرد لە ٧ی شەوالی ساڵی ٣ی کۆچی، سەرەتا شەڕەکە لە بەرژەوەندی موسڵمانان بوو، ڕم هاوێژەکان وایانزانی شەڕەکە کۆتای پێ هاتووە، بێ فەرمانی پێغەمبەریان کرد و شوێنەکەیان چۆڵ کرد، خالید کوڕی وەلید ئەوەی قۆستەوە و هاوسەنگی جەنگەکە گۆڕا بە بەرژەوەندی قوڕەیش، و ئازارێکی زۆریان بە موسڵمانان گەیاند و لەم شەڕەدا حەممزەی مامی پێغەمبەر کوژرا.

لە ٨ی شەوال موحەمەد دەرچوو بۆ غەزووی حەمڕا لئەسەد بەڵام بێ ڕوودانی جەنگ گەڕایەوە بۆ مەدینە، لە کاتێکی دواتردا غەزووی بەنی نەزیڕ ڕوویدا لەگەڵ یەهوودەکانی بەنی نەزیر دوای ئەوەی غەدریان کرد بە شکاندنی پەیماننامەکە و هەوڵی کوشتنی پێغەمبەریان دا.

 

گەمارۆدانی مەدینە

 

دوای ئەوەی بەنی نەزیر کرانە دەرەوە لە مەدینە و ڕۆیشتن بەرەو خەیبەر، خەڵکیان نارد بۆ لای قوڕەیش و هانیان دان بۆ شەڕکردن لەگەڵ موحەمەد، ڕێکەوتن لەگەڵیان، قوڕەیش ٤٠٠٠ کەس و ٣٠٠ سوارچاکیان کۆکردەوە، کۆمەڵێکی تریش لە هۆزەکان چوونە پاڵیان و هەموویان نزیکەی ١٠،٠٠٠ کەس بوون و ناونران بە ئەحزاب، و سەرکردەکەیان ئەبووسوفیان بوو، لە ئەنجامدا شەڕی خەندەق یان شەڕی ئەحزاب کەوتەوە، لە شەوالی ساڵی ٥ی کۆچییدا، و کاتێک موحەمەد بە هەواڵەکەی زانی بە ڕاوێژکردن بە سەلمانی فارسی هەستان بە هەڵکەندنی خەندەق لە شارەکەدا، و قوڕەیش و ئەحزابەکانی لەگەڵیان بوون گەمارۆیەکی توندی شارەکەیان دا، تا ڕەشەبایەکی توند هات بە سەر سەربازگەکانی ئەحزابدا و چۆڵیان کرد.

پاشان موسڵمانان لە غەزووی بەنی قەریزەدا، گەمارۆی بەنی قەریزەیان دا تا خۆیان دا بە دەستەوە.

 

ڕێکەوتنی حودەیبیە

 

لە مانگی زیلعەقدەی ساڵی ٦ک بەرامبەر ٦٢٨ز، موحەمەد فەرمانی کرد بە شوێنکەوتووەکانی ئامادەکاری بکەن بۆ مەناسکی عومرە لە مەککە، دوای ئەوەی لە خەونیدا بینی خۆی و هاوەڵەکانی چوونە مزگەوتی حەرامەوە، ڕۆژی دووشەممە دەرچوون بە بێ چەک تەنها چەکی گەشتیار نەبێت، و کاتێک قوڕەیش بەوەیان زانی، بڕیاریان دا نەهێڵن بچێتە کەعبەوە، ٢٠٠ سوارچاکیان بە سەرکردایەتی خالیدی کوڕی وەلید نارد بۆ ڕێگەی سەرەکی مەککە، بەڵام موحەمەد ڕێگەیەکی سەختتری هەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی ڕووبەڕوویان نەبێتەوە، تا گەیشتە حودەیبیە لە دووری ٩ میل لە مەککەوە، پاشان ووتوێژ کەوتەوە لە نێوان موسڵمانان و قوڕەیشدا.

لە ئەنجامدا ڕێکەوتنی حودەیبیە کەوتەوە و ڕێکەوتن لەسەرئەوەی موسڵمانان ئەو ساڵە عومرە نەکەن و ساڵی دواتر بگەڕێنەوە، هەروەها موسڵمان هەر یەکێک بگەڕێننەوە ئەگەر بێ مۆڵەت لە مەککەوە بڕوات بۆ ناویان، بەڵام قوڕەیش ئەوە ناگەڕێننەوە ئەگەر لە مەدینەوە بڕوات بۆ ناو ئەوان، و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەم پەیماننامەیە ماوەی ١٠ ساڵ کاری پێ بکرێت.

لە ئەنجامی ئەم ڕێکەوتنەدا، موحەمەد هەستا بە ناردنی نوێنەر بۆلای پاشاکانی جیهان، و بانگی کردن بۆ ئیسلام بوون، یەکەم پەیامبەری نارد بۆلای نەجاشی پاشای حەبەشە، کاتێک نوسراوەکەی پێ گەیشت، خستیە سەر چاوی و هاتە سەر زەوی بۆی، موسڵمان بوو، و پەیامبەری نارد بۆ لای قەیسەر هەرقلی پاشای ڕۆم، و بۆ لای کیسرای پاشای فارس، کە نووسراوەکەی دڕاند، هەروەها پەیامبەری نارد بۆ لای مقوقسی پاشای میسر، هەروەها چەندین نوێنەری تری نارد.

غەزووی خەیبەر و مۆتە

دوای ئەوەی لای قوڕەیشی ئاسایش کرد بە هۆی حودەیبییەوە، موحەمەد ویستی لە یەهوود بپرسێتەوە لەبەرئەوەی هۆزەکانیان کۆکردەوە لە شەڕی ئەحزابدا، لە مانگی موحەڕەمی ساڵی ٧ی ک دەرچوو لە غەزووی خەیبەردا، بە شێوەیەکی نهێنی، یەهوودی بە هەواڵەکەیان زانی و خۆیان بۆ ئامادەکرد، و موسڵمان ڕۆیشتن قەڵا لە دوای قەڵا فەتحیان ئەکرد، و موحەمەد ئەیویست یەهوود دەربکات لە خەیبەر بەڵام لەگەڵیان ڕێکەوت لەسەر ئەوەی ساڵانە نیوەی بەروبوومەکەیان بدەن بە موسڵمانان.

پاشان دوای ٨ مانگ، موحەمەد لە زیلعوقدەی ساڵی ٧ک، دەرچوو بۆ عومرە بەو پێیەی لە ڕێکەوتنی حودەیبیە ڕێکەوتبوون لەسەری لەگەڵ قوڕەیشدا.

لە جەمادی یەکەمی ساڵی ٨ک، غەزووی مۆتە ڕوویدا لە باشووری ئوردن، کە هۆکەی کوژرانی پەیامبەرەکەی پێغەمبەر بوو کە ناربووی بۆ پاشای بەسڕە تا بانگی بکات بۆ ئیسلام، موحەمەد سوپایەکی ٣٠٠٠ کەسی نارد و لە بەرامبەریاندا سوپای ڕۆم هەبوو بە سەرکردایەتی هەرقل و ١٠٠،٠٠٠ جەنگاوەرەوە، و لە ئەنجامی شەڕەکەدا موسڵمانان کشانەوە.

 

فەتحی مەککە

لە ئەنجامەکانی ڕێکەوتنی حودەیبیە، هۆزی خزاعە هاتنە هاوپەیمانییەکەی موحەمەدەوە، و بەنوبەکر چوونە هاوپەیمانییەکەی قوڕەیشەوە، و بەنی بەکر و خزاعە شەڕ و کوشتاری سەردەمی نەزانی لە نێوانیاندا بوو، ماوەیەک بە ئیسلامەوە سەرگەرم بووبوون و پاشان شەڕ لەنێوانیان دەستی پێکردەوە، و قوڕەیش یارمەتی بەنوبەکریان دا، بەمەش کۆتایی بە ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ موسڵمانان هات، پێغەمبەر موحەمەد سوپای کۆکردەوە و نزیکەی ١٠،٠٠٠ جەنگاوەر بە ڕێکەوتن لە ١٠ی ڕەمەزانی ساڵی ٩ک، و چوونە مەککەوە و فەتحیان کرد، و سوپاکە گەیشتە کەعبە، چوونە مزگەوتەکەوە، و ئەو ٣٦٠ بتەی لە دەوری ماڵەکە بوو ڕوخاندیان.

 

ناکۆکی لەگەڵ هۆزە عەرەبییەکان

 

ماوەیەکی کەم دوای فەتحی مەککە، هۆزەکانی هوزان و سەقیف و لەگەڵ هەندێکی بەنی هیلال ڕێکەوتن لەسەر شەڕکردن لەگەڵ موسڵمانان، کاتێک موحەمەد ئەوەی بیست دەرچوو لە مەککە لە غەزووی حەنیندا لە ڕۆژی شەممە ٦ی شەوالی ساڵی ٨ک، و ١٢،٠٠٠ جەنگاوەر لەگەڵی دەرچوون، و موسڵمانان لە ئەنجامدا سەرکەوتن و زۆربەی هۆزی هوزان هەڵهاتن بۆ تائیف.

دوای غەزووی حەنین و لە هەمان کاتدا، موحەمەد بەرەو تائیف ڕۆیشت بۆ دەرکردنی هوزان و سەقیف، و غەزووی تائیف ڕوویدا لە نێوانیان، سوپای ئیسلامی گەمارۆیان دان ماوەی ٤٠ ڕۆژ، پاشان وازیان لێ هێنان.

لە ڕەجەبی ساڵی ٩ک، غەزووی تەبوک ڕوویدا کە دوایین غەزووی پیغەمبەر موحەمەد بوو، دوای ئەوەی هەواڵیان پێ گەیشت لە وڵاتی ڕۆمەوە کە پاشای ڕۆم و هاوپەیمانە عەررەبەکانی، سوپایەکیان پێک هێناوە بۆ هێرش بردنە سەر دەوڵەتی ئیسلامی، موسڵمانان سوپایەکیان پێک هێنا لە ٣٠،٠٠٠ جەنگاوەر بە هاوڕێیەتی ١٠،٠٠٠ سوارچاک، بەڵام لەبەر دووری ڕێگەکاکە و توندی گەرماکە تووشی سەختی بوون و کە گەیشتنە تەبووک، ٢٠ شەو تیایا مانەوە، و کاتێک ڕۆمان و هاوپەیمانەکانیان هەواڵی کشانی سوپای ئیسلامییان بیست ترسان و جیابوونەوە لە ناو سنووری وڵاتەکەیان، و موسڵمانان تەبووکیان بە جێ هێشت، و گەڕانەوە بەرەو مەدینە لە ڕەمەزانی ساڵی ٩ک.

لە دوای ئەوە، وەفدێکی سەقیف هاتن بۆ مەدینە و ئیسلام بوون، هەروەها چەندین وەفد لە هۆزە عەرەبیەکانەوە ئەهاتن بۆ مەدینە و ئیسلام بوونی خۆیان ڕائەگەیاند و نزیکەی ٧٠ وەفد هاتن لە نێوان ساڵەکانی ٩ک و ١٠کدا، بە شێوەیەک کە ساڵی ٩ک ناونرا بە ساڵی وەفدەکان.

 

حەجی ماڵئاوایی

لە زیلعەقدەی ساڵی ١٠ک، پێغەمبەر موحەمەد ویستی حەج بە ئەنجام بگەیەنێت، دوای ئەوەی ٩ ساڵی لە مەدینە بەسەربرد بێئەوەی حەج بکات، مەدینە زۆر دڵخۆش بوون پێی، و ناونرا بە حەجی ماڵئاوایی یان حەجی ئیسلام، لەبەرئەوەی ماڵئاوایی لە خەڵک کرد تیایدا و دوایین حەجی بوو، و لەبەرئەوەی باسی ئەو شتانەی بۆ کردن کە حەرام یان حەڵاڵن، لە ڕۆژی ٢٥ی زیلعەقدەی ساڵی ١٠ک، موحەمەد دەرچوو بەرەو مەککە لەگەڵ نزیکەی ١٠٠،٠٠٠ موسڵمانی ژن و پیاودا.

چووە مەککەوە لە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی زیلحەجە، و چووە مزگەوتی حەرامەوە، دوای ئەوەی مەناسیکەکانی حەجی ئەنجامدا، ووتاری حەجی ماڵئاوایی دا. لەم هەڵوێستەدا و لەسەر شاخی عەرەفە، ئەم ئایەتە قورئانییە دابەزی ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا﴾، واتە؛ ئه‌مڕۆ ئاین و به‌رنامه‌که‌تانم به‌کۆتایی گه‌یاندو نازو نیعمه‌تی خۆمم بۆ ته‌واو کردن و ڕازیم به‌وه‌ی که ئیسلام ببێته به‌رنامه‌و دین و ئاینتان لەگەڵ ئەوەی شیعە باوەڕیان وایە ئەم ئایەتە لە کاتێکی تردا دابەزیووە.

 

کۆچی دوایی

یەکەم شت کە پێغەمبەر موحەمەد زانی کاتی وەفاتی نزیک بۆتەوە ئەوە بوو کە لە فەتحی مەککەدا سورەتی نەسری بۆ دابەزی ﴿إِذَا جَاءَ نَصْرُ اللَّهِ وَالْفَتْحُ﴾ واتە؛ کاتێ یارمه‌تی و کۆمه‌کی خوا دێت، شاری مه‌ککه ڕزگار ده‌کرێت و ده‌رگای ئازادی واڵا ده‌کرێت[. لە کۆتاییەکانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ی کۆچی، موحەمەد توشی تایەکی بەھێز بوو، و نەخۆشییەکەی لێی توند بوو، و مۆڵەتی لە خێزانەکانی وەرگرت تا لە ماڵی عائیشەی کچی ئەبووبەکر بمێنێتەوە.

وپێغەمبەر نوێژی بە موسڵمانان ئەکرد کاتێک نەخۆش بوو ١١ ڕۆژ و کاتێک نەخۆشییەکەی بە تەواوی قورس بوو فەرمانی بە ئەبووبەکر کرد نویژیان پێ بکات، و ١٣ ڕۆژ دوای نەخۆشییەکەی کۆچی دوایی کرد لە ڕۆژی دووشەممە ڕەیبعولئەوەلی ساڵی ١١ی کۆچی و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کە ئەم بەروارەش بەرامبەرە لەگەڵ ٨ی حوزەیرانی ٦٣٢ز، لە ماڵی

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved