قەرەیلان ،هەندی زانیاری دربارە ئۆچالان بلاو دەکاتەوە

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ڕایگەیاند، کە شاندێکی هاوبەشی تورکیا و ڕوسیا چوونەتە ئیمرالی و زەختیان لە عەبدوڵا ئۆجالان کردووە بۆ ئەوەی بەرخۆدانی عەفرین بووەستێنێت.

لەمیانەی بەشداربوونی لە بەرنامەیەکی ڕادیۆی دەنگی وڵات، موردا قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، دەربارەی دوایین دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و بەرخۆدانی عەفرین و پرسی کشانەوەی گەریلا لە قەندیل نرخاندنی کرد.

 

لە قسەکانیدا، هاتوە:

 زانیاری نوێ دەربارەی ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ-دا هەیە، داگیرکەری تورک وەک چۆن سیاسەتێکی فاشیزمیی بەڕێوەدەبات، هەتا ئێستا ئەو سیاسەتە لە ئیمرالی بەشێوەیەکی چڕ بەڕێودەبات، شەڕی گەورە لە ئیمرالییە، لەبەرامبەر ئەوەشدا بەرخۆدانی زۆر بەواتا، مێژوویی و ئینسانیی لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخراوە.

داگیرکەری تورک لەگەڵ ڕوسیا، ڕێککەوتنێکی ستراتیژییان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەرخۆدانی عەفرین بووەستێنن، بە شاندێک چوونەتە ئیمرالی و فشاریان خستووەتە سەر ڕێبەر ئاپۆ و ئەو داوایان لێکردووە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی ڕەتکردووەتەوە، لەوچوارچێوەیەدا سیستمی ئەشکەنجەیان لە ئیمرالی زیاتر کردووە.

 

ئەمە دۆخێکی زۆر گرنگە، زۆر بەئاشکرا دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورک بەتەواویی دوژمنایەتییەتی بەرفراوانی دژی گەلەکەمان پێشخستووە، بۆ ئەوەی بەرخۆدانی گەلەکەمان بشکێنێت، لەگەل چەندین ‌هێز ڕێککەوتنی ئەنجامداوە.

ئەمە دەریدەخات کە دوژمن لەبەرامبەر بەرخۆدانی گەلەکەمان چەنێک تەنگاوبووە، هەموو ڕێ و ڕێبازێکی گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو بەرخۆدانە بشکێنێت، لەوباوەڕدام لەڕۆژانی داهاتوودا، هەنێک زانیاریی دیکە بۆ ڕایگشتیی بڵاوبکرێنەوە.

 

زانیاری نوێمان لەسەر دۆخی ڕێبەر ئاپۆ وەرگرتووە، بەڵام نامەوێت لێرە هەمووی ئاشکرابکەم، چونکە دەبێت بەڕێوەبەرانی تەڤگەرەکەمان بەشێوەیەکی فەرمیی و بە نووسراو لێدوانێک لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە و هەموو گەلی ئێمە و ڕایگشتیی لێ ئاگادار بکاتەوە.

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved