پەیامی نەورۆزیی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکرات

هاونیشتمانانی بەڕێز

خوشک و برایانی خۆشەویست

ساڵی تازە و نەو‌رۆزتان پیرۆز بێ

ساڵی رابردوو ساڵێکی پڕ لە ئێش و ئازار و بێ‌بەشی بۆ هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەت نەتەوە ستەملێکراوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد بوو.

ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی درێژەی ساڵانی دەسەڵاتداریی رێژیمی دواکەوتوو و نامۆ لەگەڵ ئازادی و هەموو نۆڕم و پرەنسیپە مرۆڤایەتییەکانی ئەم سەردەمە بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.

جیاوازییەک کە لەو ساڵدا بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ساڵانی رابردوو دەی‌بینین ئەوە بوو کە ئێعدام، زیندانی کردن و سەرکوتی جیابیران، پەرەی زیاتری سەند، داڕمانی ئابووری ئەو وڵاتە لە بەر درێژەدانی سیاسەتی هەڵەی ئابووری و سیاسی لە نێوخۆ و لە ئاستی نێونەتەوەییدا بوو بەهۆی سەخت‌تر بوونی ژیانی رۆژانەی خەڵک و ئاکامەکەشی بریتی بوو لە چوونە سەری ژمارەی بێکاران، جورم و جینایەت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا.

بەهۆی سیاسەتی هەڵا‌واردن و جیاوازی دانان، کوردستان لەو ئاکامە ماڵوێرانکەرە بەشێکی زیاتری بەرکەوت، بەو حاڵەشەوە بەربەرەکانی لەگەڵ رێژیم و داخوازیی ئازادی لە لایەن خەڵکەوە هەروا لە گەشە کردندا بوو.

هەر بەو هۆیەشەوە بوو کەلە ساڵی رابردوودا زیندانەکان لە تێکۆشەرانی سیاسی و ئازادیخوازانی کورد ئاخێندرا بوون.

بەڵام هاونیشتمانانی ئازادیخواز و تێکۆشەر، ئەو دیمەنە تاڵ و نەخوازراوە بەشێک لە واقعی ساڵی ١٣٩١ بوو، بەشەکەی دیکە لە دیمەنی ئەو ساڵە درێژەی بەربەرەکانێی ئازادی و ئازادیخوازی لە بەرانبەر چەقبەستوویی، دواکەوتوویی و دیکتاتۆری لە ئێران و زۆر لە وڵاتانی دوور و نیزیکی ئێمە بوو.

لە میسری دوای حوسنی موبارەک و توونێس و بەتایبەت سووریە کۆڵ نەدانی خەڵک لە بەربەرەکانێ دژی دیکتاتۆری و بێبەشی و رازی نەبوون بە وەزعی مەوجوود کە بە سەریاندا سەپاوە و هێنانە سەر دەسەڵاتی حکوومەتی دڵخوازی خۆیان هەروا لە پەرە گرتندا بوو.

لە کۆماری ئیسلامیشدا ئێمە لەوساڵە دا شاهیدی ئاڵوگۆڕ بە قازانجی دواڕۆژی خەڵک و لاوازی و بێدەرەتانی رێژیم بووین.

پێکهاتنی درزی ئاشکرای نێوان باندەکانی مافیایی دەسەڵات کە بە بناژۆخواز ناسراون لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنی دەورەی دەهەمی سەرۆک کۆماری، لە دەست چوونی زیاتری مەشرووعییەتی "وەلی فەقیهـ" ‌ کە کۆڵەکەی ئەو دەسەڵاتەیە، بێ دەسەڵاتی حکوومەت و داماوییەکەی لە چارەسەرکردنی گیر و گرفتە ئابووری و سیاسەتە نێونەتەوەییە شکست خواردووەکانی و زۆر نیشانەی دیکە، پێمان دەڵێن کە سەرەڕای هەموو ئەو سەختی و نەهامەتیانەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەی بە دیاری هێناوە، هیوا بۆ گەیشتن بە ئازادی و رزگاری نەک هەروا زیندووە بەڵکوو بەهێزتر بووە، تێپەراندنی ئەو مەودایەش بەستراوەتەوە بە رادەی وشیاری و خەباتی یەکگرتوانەی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد.

هەربۆیە ئێمە لە کاتێکدا بەرەو پیری نەورۆزی ١٣٩٢ دەچین کە باوەڕمان بە بەرەو پێش چوونی ئاڵوگۆڕەکان و رزگاریی خەڵک لە چنگ زوڵم و زۆرداریی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی بەرچاو لە سەر پرسی کورد بەگشتی، لە ساڵی تازەدا زیاتر لە رابردوویە.

با ئەو باوەڕە پۆڵایینە بە بڵێسەی ئاگری رووناکی و تین خولقێنی نەورۆز و ئاوات و ئارەزووەکانی گەنجانی وڵاتەکەمان بکەینە بنەمای بەربەرەکانێی بە هێزتر بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بنیاتنانی حکوومەتێکی دڵخوازی خەڵکی تامەزرۆی ئازادیمان.

بە بۆنەی نەورۆزی ١٣٩٢ی هەتاوی جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلانی ئێران، گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت لە کوردستانی ئێران دەکەین.

پیرۆز بێ نەورۆز لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، لە زیندانیانی سیاسی کە رۆژانی نەو‌رۆز لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕ دەکەن، هەروەها پیرۆز بێ لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی کە لەو رۆژانەدا زیاتر لە هەموو کاتێک بیری خۆشەویستانی زیندانییان دەکەنەوە.

بە هیوای ساڵێکی گەشاوە و پڕ لە خۆشی و سەرکەوتن بۆ هەموو ئازادیخوازان

مستەفا هیجری

١ی خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی

٢١ی مارسی ٢٠١٣ی زایینی

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved