بانگەوازێك لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

 

بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان

 

خەڵکی ئازادیخواز و خەباتکاری کوردستان!

 

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە نێوخۆی وڵات لەگەڵ سەرهەڵدانی جەماوەریی گشتی بەرەوڕوویە و لەهەمبەر ڕاپەڕینەکاندا دۆشداماو و دەستەوەستان ماوەتەوە، جارێکی دیکەش بە مەبەستی بەلاڕێدابردننی بیروڕای گشتی و دوورخستنەوەی سەرنجەکان لە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆ جینایەتێکی دیکەی خوڵقاند. لەو جینایەتەدا ڕێژیمی ئێران کوردستان و حیزبە کوردییەکانی کە لە سەرەتاوە "نا"یەکی گەورەیان بەو ڕێژیمە گوتوە، کردەوە ئامانجی مووشەکی بالستیک و درۆنی خۆتەقێن.

 

سپای تێرۆریستیی ڕێژیم ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر هۆڤانە و دڕندانە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی کە هەموو کاتێک قەڵای خۆڕاگریی و ئازادی بوون، کردە ئامانجی مووشەک و دڕۆنی خۆتەقێن و لە ناوچە سنوورییەکانیش بە درۆن و تۆپخانەی هێرشی کردە سەر بنکەکانی پێشمەرگەکان. هێرشی دەستدرێژیکەرانە سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی ئێمە تەنیا ئامانجێکی لەپشتە، ئەویش بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و هەڵڕشتنی قینی لەمێژینە و هەمیشەیی خۆی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان.

 

ئێمە داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین کە ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەزبەر بە مانگرتنی گشتیی سەراسەری دژبە هێرشی تێرۆریستیی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبە کوردییەکان ناڕەزایەتی دەرببڕن و جارێکی دیکەش پێ لەسەر پشتیوانیی هەمیشەیی خۆیان لە جووڵانەوەی کوردستان دابگرنەوە. هەروەها داوا لە هەموو خەڵکی خەباتکاری ئێران، ڕەوت و لایەنە سیاسی و کەسایەتییە خەباتکارەکان لە سەراسەری ئێران دەکەین کە بە ناڕەزایەتیی سەراسەری پشتیوانی لە ئێمە و خەڵکی کوردستان بکەن و هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەکانی حیزبە کوردییەکان مەحکووم بکەن.

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی

 

 

Qadirzada.com © 2009 - 2022. All rights reserved