نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ،بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە ،

 

دەقی پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی:

 

كوردستانیانی خۆشەویست ،

جەژنە پیرۆزەو سڵاوو رێز و خۆشەویستیم پێشكەش بە گەورە و بچووكی گەلی كوردستان دەكەم، پیرۆزبایی لە هەموو كوردێك دەكەم لە هەر كوێیەكی دونیا بێت، نەورۆز و ساڵی تازەی كوردی لە هەمووتان پیرۆزبێت.

 

ئاگری نەورۆز لە مێژوودا هێمابووە بۆ رزگاری، كە باوك و باپیرانمان و بۆ هەموو كوردێك ئامانجی درێژایی تەمەنە، لەبەر ئەوە سەر لە ئێوارەی رۆژی نەورۆز و ئاگرە گەشاوەكەی جگە لە هێمای رزگاری، هێمای هەڵسانەوەی دوای كەوتن و تازەكردنەوەی بڕیار و بەڵێن بووە بۆ درێژەدان بە خەبات، خەباتێك ئەوەندە گیانفیدایی و فرمێسك و تەمەنی جوانی بۆ كراوەتە قوربانی، ئێمەی نەوەكانی دوای ئەوان خۆمان لەبەردەم تەنها یەك رێگەدا بینیوە، ئەویش بەردەوامبوونە تا سەركەوتن.

 

لە نەورۆزدا رۆحی هەڵسانەوە، خۆڕاگری و دەستپێكردنەوەی بەردەوامی خەبات دوای سەختترین شكستەكانیش سەرلەنوێ لای كورد ژیاوەتەوە، نەورۆز ساڵانە بۆ هەموو نەتەوەی كورد و بۆ هەر تاكێكی كورد سەرەتای بەهێزبوونەوەو نوێكردنەوەی ئیرادەی سەركەوتنە، هەروەك چۆن بۆ باوك و باپیرانمان هێمای كۆڵنەدان و نەبەزین بووە، ئەگەر هەندێك جاریش بەهۆی لاسەنگی تەرازووی هێزەكانەوە تووشی شكستیش بووبن، بەڵام بە رۆحیەتێكی نەورۆزیانەی باوەڕ بەخۆبوون بە سەركەوتن لە نەورۆزدا دەستیان داوەتە خەبات زۆر بە متمانە و بڕواوە.

 

لێرەدا دەمەوێت بڵێم مێژووی كوردستان ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر لە ژانی لەدایكبوونێكی تازەدایە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و دەسەڵاتداریەتی كوردستانیش گەیشتووەتە قۆناخێكی ئەوتۆ، كە ناتوانرێت لەنێو ببرێت، چونكە ئەو دەسەڵاتە بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵكی كوردستانە.

 

بەڕێزان ...

 

كوردستان لە لێواری كارەساتدا نییە وەك هەندێك كەس وا باوەڕ دەكەن، بەڵكو بە دیالۆگی تەندروستیانەی ناوخۆیی و بە یەكگرتوویی دەتوانین كوردستان زۆر زیاتر لە داهاتوویەكی گەشتر نزیك بكەینەوە.

 

هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە لەلایەك، ناتەبایی سیاسی ناوخۆ، كێشەی سیاسی لەگەڵ بەغدا لەلایەكی دیكەوە، هەروەها بەهۆی كێشەی ئابووری لە جیهاندا، تووشی زۆر سەختی بوو لە هەمووشیان ناخۆشتر بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان بوو لە سەرەتای ساڵی 2014 لەلایەن بەغداوە، لە هەمووی گەورەتر تەبعەن كێشەی ئابووری بووە، بەڵام حەز دەكەم دڵنیاتان بكەمەوە باری ئابووری دەگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی، بە هاوكاری خۆڕاگری هەمووتان هەموو شتێك ئاسایی دەبێتەوە، لە كانگای دڵیشمەوە هەست بە خەمباری دەكەم بۆ ئێش و ئازارتان، ئەو بارە ئابووریە سەختەی هەیە گومانی تێدا نییە تێدەپەڕێت.

 

لەمڕۆژەدا لە رۆژی نەورۆزدا دڵی ئێمە بۆ یادی ئەو قارەمانانە لێدەدات كە گیانی خۆیان بۆ بەرگری لە كوردستان كردە قوربانی، سڵاو لە گیانی پاكی ئەوان، سڵاو لە هاوسەر، منداڵ، دایك و باوك و كەسوكاریان، ئەوان هەمیشە لەگەڵ ئێمە و لە دڵی ئێمەدا دەمێنن، سڵاوی گەرم دەنێرم بۆ خوشك و برایانی ئێزدیمان كە لە شەڕی داعشدا زۆرترین قوربانیانداو گەورەترین ئازاریان كێشا، شنگال شانبەشانی هەڵەبجە بووە تاجی سەری مێژووی پڕ قوربانی گەلەكەمان، راستە برین و دەردو خەمەكانمان لە شنگال زۆر قووڵبوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو برین و دەردانە هەوێنی رزگاری و دواڕۆژێكی گەشترن بۆ ئێزدیان و تەواوی گەلی كوردستان.

 

سڵاوی گەرم و جەژنە پیرۆزە بۆ ئاوارەكانی كەركووك، شنگال، مەخموور، خانەقین و ناوچەكانی دیكە و دانیشتوانی ناوچە كێشەلەسەرەكان، جەژنە پیرۆزە بۆ كوردانی فەیلی و كاكەیی و شەبەك كە بێگومان ئەمڕۆ لەگەڵ گڕی نەورۆزدا هەستی نەتەوەییان لە هەموو رۆژێك بەرزترە، جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو پەنابەرە كوردانە پیرۆز دەكەم كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین، هیوادارم بتوانن بەشێوەیەكی سەربەرزانە لە داهاتوویەكی نزیكدا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

سڵاو لە توركمان و كریستیانانی كوردستان، بەڕاستی پێكەوەژیان و بەشدارییان لە بەرگریكردن و خۆراگریان لە كوردستان جێگەی رێز و ستایشە.

 

سڵاو لە برایانی عەرەبی نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستان، ئێمە لەو رۆژەدا بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەییەكان دەڵێین وەك هەمیشە سوورین لەسەر پێكەوەژیانێكی ئاشتیانەی یەكسان لە هەرێمی كوردستاندا.

 

لەمڕۆژەدا سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان كە گیانیان لەسەر دەستە بۆ بەرگریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان، سڵاو لە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و هەموو هێزەكانی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان، كە زۆر سەركەوتووانە ئاسایشی خەڵك و ئارامی كوردستان دەپارێزن.

 

لەم دەرفەتەدا سڵاوی خۆم پێشكەش بە گەلی عێراقی برا دەكەم، بەگشتی پێیان دەڵێین باری سیاسی وڵات هەرچۆنێك بێت و پەیوەندی نێوان حكومەتەكان بە هەر شێوەیەك بێت ئێمە هەمیشە هەر بە برایی دەمێنینەوە، عێراق خاوەنی سامانێكی سروشتی و مرۆیی گەورەیە، دڵنیاین بە چارەسەركردنی كێشە سیاسییە بنەڕەتییەكان و بە باشتركردنی باری وڵات و بەڕێوەبردن، عێراق بەرەو گەشاوەیەكی باشتر دەچێت كە جێگەی چاوەڕوانی گەلی عێراق بێت.

 

سڵاو دەنێرم بۆ هەموو گەلانی دراوسێی كوردستان، لەم بۆنەیەدا دووبارەی دەكەمەوە خەباتی كوردستان لە عێراق هیچ مەترسی و هەڕەشەیەك نەبووەو نابێت بۆ هیچ وڵاتێك، بە پێچەوانەوە سەركەوتنی گەلی كوردستان لە عێراق تەنها خۆشی بۆ ئەوان دەهێنێت، پەیامی ئاشتی و ئارامی دەدەینە هەموو گەلانی ناوچەكە و دڵنیایان دەكەینەوە ئێمە مایەی ئارامین بۆ ناوچەكە.

 

لە كۆتاییدا جەژنە پیرۆزە لە هەموو ئەو گەلانە دەكەم كە جەژنی نەورۆز دەگرن، لە جەژنی نەورۆزدا رێز و ستایشی خۆمان بۆ هەموو ئەو دەوڵەت و گەل و كەسایەتیانە دەردەبڕین كە رێز لە ئیرادەو ئارامی گەلی كوردستان دەگرن، سڵاو دەنێرم بۆ ئەو قونسڵخانە و رێكخراوانەی كە لە چەند ساڵی رابردوودا هاوكاربوون لەگەڵ حكومەت و گەلی كوردستان.

 

دووبارە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی كوردی لە هەموو لایەك پیرۆز بێت، داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لە دەرچوونیان و سەیرانەكانیاندا ژینگەو پاك و خاوێنی و سروشتی كوردستان بپارێزن، هەروەها لە پێناو سەلامەتی خۆیان و دەوروبەریان رێنماییەكانی هاتووچۆ جێبەجێ بكەن،

 دیسانەوە جەژنی هەمووتان پیرۆز بێت و هیوای پشوویەكی ئارامتان بۆ دەخوازم.

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved