| ||
|
||
ئۆجه‌لان: ٢١ی ئازار په‌یامێكی مێژوویی راده‌گه‌یه‌نم
خه‌ندان ـ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كه له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا په‌یامێكی مێژوویی راده‌گه‌یه‌نێت. هیواخوازیشه سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی توركیا پشتگیریی له پرۆسه‌ی ئاشتیی بكه‌ن. ئه‌مڕۆ (١٨ی ئازار) سێیه‌مین شاندی پارتی ئاشتی و دیموكراتی له په‌رله‌مانی توركیا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد له‌و وڵاته‌دا به‌ره‌و دورگه‌ی ئیمراڵی بۆ لای سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ڕێكه‌وتن و پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان‌و دیداریان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان،سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش رایانگه‌یاند، كه له‌م سه‌ردانه‌دا عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان پێی راگه‌یاندوون له 21ی ئازار‌و له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگه‌كانی نه‌ورۆز "په‌یامێكی مێژوویی" راده‌گه‌یه‌نێت. ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، كه ئۆجه‌لان رایگه‌یاندووه، "په‌یام و ئامانجی من بۆ پێشخستنی ئه‌م قۆناغه‌یه‌و به دیموكراتیبوونی هه‌موو توركیایه‌و په‌یامه‌كه‌م مێژووییه‌و بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سیاسیی‌و سه‌ربازی‌و كێشه ناوخۆییه‌كانی توركیایه". به وته‌ی ده‌میرتاش، ئۆجه‌لان ئه‌وه‌شی وتووه: "هاوكاریی په‌رله‌مان و پارته سیاسییه‌كان زۆر به‌گرنگ ده‌بینم و بڕوام وایه په‌رله‌مان بتوانێت چاره‌سه‌رێكی مێژووی بێنێته ئاراوه، هه‌روه‌ها ده‌بێت وه‌ك چۆن من ته‌مه‌نای هه‌رچی زووتری كشانه‌وه‌مان ده‌كه‌م، په‌رله‌مانیش به‌هه‌مان خێرایی كاره‌كانی ڕاپه‌ڕێنێت". شانده‌كه‌ی به‌ده‌په ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه په‌یامه‌كه‌ی ئۆجه‌لان كه بڕیاره له نه‌ورۆزدا رایبگه‌یه‌نێت، بریتییه له راگه‌یاندنی چه‌كدادانی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌و كشانه‌وه‌یان له‌ناو خاكی توركیا. شانده‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هاوسه‌رۆكی گشتیی به‌ده‌په سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش سه‌ركردایه‌تی كرا به هاوه‌ڵیی په‌روین بوڵدان سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ده‌په له په‌رله‌مانی توركیا و په‌رله‌مانتاری ئیسته‌نبوڵ سڕی سوره‌یا ئونده‌ر پێكهاتووه. پێشترش دوو شاندی دیكه، كه شاندی یه‌كه‌میان پێكهاتبوو له ئه‌حمه‌د تورك، په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی شاری ماردین و ئه‌یالا ئاتا، په‌رله‌مانتاری به‌ده‌په‌و نوێنه‌ری شاری به‌تمان چوونه لای ئۆجه‌لان، شاندی دووه‌میش پێكهاتبوون له په‌روین بوڵدان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ده‌په له په‌رله‌مانی توركیا و ئالتان تان، په‌رله‌مانتاری به‌ده‌په‌و نوێنه‌ری شاری ئامه‌د، سری سوره‌یا، په‌رله‌مانتاری شاری ئه‌سته‌نبوڵ. سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی رادیكاڵ له توركییه‌وه: هاوڕێ فه‌ریق
|
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||