|
خـۆری نـائـومـێـدی
تاچه‌ن ڕۆژێک دڵی پاکم
له ڕۆیشتنت بێ ئاگا بوو
کاتێ زانی تۆ ئاوا بووی
هه‌موو شتێک لێم ئاوا بوو
ته‌نانه‌ت یه‌ک ئومێدێکیش
دوای تۆ نه‌ما بۆ منی شێت
تا جارجارێ دڵم خۆش کاو
هیوایه‌کم پێ ببه‌خشێت
دڵم ده‌یووت کوا ئه‌و دڵه‌ی
منی ده‌برد بۆ ماڵی خۆی
چاویشم پڕ بوو له فرمێسک
هه‌ر ده‌گریا بۆ به‌ختی خۆی
ئه‌م ده‌سته‌که‌م خۆی هه‌ڵده‌گرد
خۆی ده‌کێشا به‌و ده‌سته‌یا
ده‌یوت خۆری نا ئومێدی
هه‌ڵهات به سه‌ر ئه‌م شاره‌یا
خـۆتـت فـرۆشـت
ڕوو ده‌که‌م له هه‌ر شه‌قام و
هه‌ر شۆسته‌و هه‌ر پارکێکی شار
هه‌مووی پڕه له یادگاری
ده‌ست ده‌که‌م به شیوه‌ن و زار
ڕۆژی سه‌د جار یه‌کمان ده‌دی
ئێستا به‌بێ یه‌ک چۆن بژین
ده دره‌ختێکم پێ بڵێ
له سایه‌ی دانه‌نیشتبین
هه‌موو دونیا ده‌مان ناسێ
ئێمه‌یان دیوه پێکه‌وه
هه‌ر که‌س به ته‌نها بمبێنێ
ده‌زانێ لێم جیا بوویته‌وه
ئه‌گه‌ر ڕۆژێک لێیان پرسیم
کوا ئه‌و که‌سه‌ی بۆی ده‌مردی
ناچار بڵێم خۆی کرد به زێر
بازرگانێک هاتوو بردی
|