مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

 

 

داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەکەین بۆ پاراستنی سەروەری خاک و ئاسمانی عێراق هەنگاوی بەپەلە بنێت و ژیانی هاوڵاتیان بپارێزێت.

 

 

دەقی راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

 

ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٦/١٨ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی، مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی ئاسایی بە سەرۆكایەتی هاوسەرۆكان ئەنجامداو تیایدا گفتوگۆی چڕ لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق كرا.

 

كۆبوونەوە رۆڵی باڵای پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو ئەوانەی لەو بوارە كاردەكەن بەرز نرخاند لەروبەڕوبوونەوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە پێویستە حكومەتی ھەرێم بەتەنگە ئەو گیانە بەرزە نیشتمانییەی خزمەتگوزارانی كەرتی تەندروستییەوە بێت لە دابینكردنی ماف و پێداویستی ئەم توێژە گرنگەی میللەتەكەمان كە لەهێلێ پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییەن و نەیانهێشت سیستمی تەندروستی هەرێم بروخێت. ئێمە وەك یەكێتی پشتیوانی تەواوی داوا رەواكانیان دەكەین، چونكە دابینكردنی ژیان و قوتی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێم ئەركەو لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە.

 

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئەو بارودۆخەی هەرێمی كوردستانی پیا تێپەڕ دەبێت و ئاڵانگارییەكانی بەردەمی تاوتوێ كران، جەختكرایەوە لەسەر كۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنە سیاسییەكان بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەی هەرێم پیا گوزەر ئەكات.

 

كۆبوونەوەكە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان كرد، كە لەم دواییانەدا ئاڵۆزی زۆری بە خۆیەوە دیوەو بە رۆژی رووناك سنوری هەرێم دەبەزێنرێی و هاوڵاتیانی سیڤیل دەبنە قوربانی و دووچاری زەرەرو زیانێكی زۆری گیانی و ماڵی دەبنەوە، بەشێكی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندانە ئاوارە بوون و بەرهەمی كشتوكاڵییان كە تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە وێران بووە. بەهۆی هێرشی فڕۆكەو تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێ. پێمان وایە چیتر ناكرێت حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێ دەنگ بن لە ئاست ئەم هەموو پێشێلكارییەو داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق دەكەین بۆ پاراستنی سەروەری خاك و ئاسمانی عێراق هەنگاوی بەپەلە بنێت و ژیانی ئەو هاوڵاتیانە بپارێزێت.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved